بەرێزان ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری خۆشەویستی حیزبی شیوعی کوردستان،
بەرێز جەنابی دوکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری گشتی حیزبی شیوعی
کوردستان
بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەلاتی كوردستان، بەبۆنەی یادی ۲۷مین ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتەکەتان، حیزبی شیوعی کوردستان، پر بە دڵ پیرۆزباییتان ئاراستە دەکا.
حیزبی شیوعی کوردستان وەک جەریانێکی چەپی پێشکەوتنخواز و عەدالەت تەوەر، كە بە دروشمی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار لە ماوەی ۸۶ ساڵی تەمەنی پر لە سەروەری و تێکۆشانی دا، ۲۷ ساڵ خەبات لەپێناو دەستەبەركردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، یەکسانی و دادپەروەری، هاوژینی بە ئاشتی و تێکۆشان و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە هەرجۆرە چەوساندنەوە یەکی نەتەوایەتی، چینایەتی، رەگەزی، بەحەق لە ئاستی کوردستانی گەورەدا هەنگاوی بەکردەوەی هەڵگرتووە و تا ئاستێکی بەچاو پێشەنگ بووە، و لە مێژووی خۆیدا لاپەرەی پرشنگدار و زێرینی تۆمار کردوون کە بۆ هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازان ئەزموون و دەستکەوتی بەنرخن.
وەک بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیوادارین لە ئەرک و کاروتێکۆشانی نەتەوەیی و حیزبیتان دا بە مەبەستی زیاتر دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئازادی، باشبژێوی و یەکسانی، دیالۆگی ئاشتەوایی و یەکگوتاری ناوماڵی کورد هەردەم بەروپێشەوە هەنگاو بنێن. بێ گومان بە یەکگرتووی دەتوانین زیاتر ئەزموون و دەستکەوتە مێژوویەکانی کورد بپارێزین و کەشتی کورد لەم زریانە بگەیەنینە کەناراوی هێمنی و ئارامی و دڵنیایی، بۆیە ئاواتمان بەرەپێشچوونتانە و هیوای سەرکەوتن و سەرفەرازیتان بۆ دەخوازین.
شکۆدار بێت ۲۷مین ساڵرۆژی دامەزراندنی حیزبی شیوعی کوردستان
بە هیوای گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان
لەگەڵ رێزمان دا
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
9ی پووشپەڕی 2720ی کوردی
29ی ژوئەنی 2020ی زایینی