هۆمه‌ر نۆریاوی
116 ساڵ پاش ده‌رچوونی یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" له مانگی ئاپریلی ساڵی 1898ی زایینی (گوڵانی 1277ی هه‌تاوی)له قاهیره‌ی پێته‌ختی میسر و له لایه‌ن "میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان"ه‌وه بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردی،له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا(کوردستانی ئێران)زمانی کوردی خۆی له کوێدا ده‌بینێته‌وه؟ پتر له 400 ساڵ دوای ڕاژه و خزمه‌ته‌که‌ی" مه‌لای جزیری"،"خانای قوبادی"،"ئه‌حمه‌دی خانی"و"عه‌لی به‌رده‌شانی" له ڕێی نووسین و هۆنینه‌وه‌ی شێعر و هۆنراوه‌وه به زمانی کوردی،لێره چی بۆ پێشخستنی ئه‌م زمانه کراوه؟ هۆکار چییه هێشتا زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی ئێران به ڕۆشنبیرانیشه‌وه،خاوه‌نی زمانێکی پێوه‌ر بۆ ئاخاوتن و نووسین نین ؟ بۆچ شانبه‌شانی به‌شه‌کانی دی کوردستان خاسما کوردستانی ئێراق(باشووری کوردستان)،زمان لێره ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی نه‌کردووه؟ ئایا هه‌موو که‌م و کووڕیی و خه‌تاکان هه‌ر ڕووی له ده‌سته‌ڵات و حوکوومه‌ت و نه‌بوونی ده‌زگه‌یه‌کی فه‌رمیی وه‌ک په‌روه‌رده و بارهێنانه بۆ خوێندن و نووسین،یان به‌شێکی که‌مته‌رخه‌مییه‌که به‌رۆکی خودی خۆیشمان ده‌گرێته‌وه ؟!
وهرامدانهوه به‌م چه‌ند پرسیاره و ده‌یان پرسیاری دی له هه‌مان په‌یوه‌ندییدا ڕوون و خویایه زێتر بۆ ته‌وه‌ر و مژاری جڤین و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی زانستی له‌سه‌ر زمان ده‌شێت به‌ڵام له‌م کورته نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌درێت به قه‌ده‌ر پێویست وه‌رامی پرسیاره‌کان بدرێته‌وه و به‌دوای هۆ و ههگهرهکانیشدا بگه‌ڕێین .
زمانی کوردی، یه‌کێکه له لقه هه‌ره زه‌نگینه‌کانی زمانه هیند و ئه‌ورووپاییه‌کان و سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی زمانه ئێرانییه‌کانه. لێکۆڵینه‌وه و نووسینه‌کانی ده‌یان زمانه‌وان و زمان‌ناسی کورد و ناکورد هه‌مان ڕاستیی ده‌سه‌لمێنێت. زمانی کوردی به چه‌ندان دیالێکت و زاراوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه گه‌ر ڕاژه و خزمه‌تی دڵسۆزانه و زانستیی له پشته‌وه بێت،نه‌ک هیچ بەرانبەر زمانه زیندووه‌کانی دونیا که‌می نابێت بگره ده‌توانێت ڕووبه‌رێکی زێتریش بۆ خۆ له ئاستی جیهانیی دا بگرێته به‌ر.
له‌و لاشه‌وه ڕاگه‌یاندن،ئه‌مڕۆکه به کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دیمۆکراسی داده‌نرێت و له زۆربه‌ی زانستگه و کۆلیژه‌کانی خوێندنی باڵا له ئاستی جیهاندا بۆته لقێکی زانستیی و ساڵانه سه‌دان کتێب و په‌ڕتووک له‌و بواره‌دا ده‌که‌ونه ناو په‌ڕتووکخانه‌ی بواری ڕاگه‌یاندنه‌وه و به‌خته‌وه‌رانه ئێمه‌ی کوردیش به مێژووی 116 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه،بوونی خۆمان له‌و بواره‌دا سه‌لماندووه. به‌ڵام باشه ئێمه‌ی کورد هه‌تا چه‌نده توانیومانه ئه‌و هه‌لانه بقۆزینه‌وه و له‌و ڕابردووه زه‌نگینه‌ی خۆ و ده‌ستکه‌وته‌کانی جیهانی سه‌رده‌م به‌هره‌مه‌ند بین؟!
دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی کۆماری کوردستان له ساڵی 1946 (1324ی هه‌تاوی)و دامه‌زرانی ئیزگه‌کانی ڕادیۆیی له شاره‌کانی تاران،کرماشان،مه‌هاباد،ورمێ و سنه و بگره مه‌شهه‌د،زمانی کوردی له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا ته‌کانێکی وه‌خۆ دا و چه‌ندان ڕۆژنامه و حه‌وته‌نامه به زمانی کوردی ده‌رکران.
"کوهستان"،"نیشتمان"،"ئاوات"،"کوردستان"،"هه‌ڵاڵه"،"گڕ و گاڵی منداڵان" و ... نموونه ههرهبهرچاوهکان له‌و بواره‌دا دێنه ئه‌ژمار. بۆ وتن ده‌شێت پێشتر و ساڵی 1922( 1301ی هه‌تاوی)"مه‌لا محه‌ممه‌د تورجانی زاده"(قزڵجی)له ورمێ،گۆڤاری"ڕۆژی کورد" ده‌رده‌کات. با ئه‌وه‌یشمان له بیر بێت هه‌ر له دوای هه‌فتاکانی زایینی و بگره گه‌لێک پێشتریش،ده‌یان نووسه‌ر و ڕۆشنبیری ئه‌م پاره‌ی کوردستان،له ناوه‌ند و بنکه و مه‌کۆ و ده‌زگه چاندیی و ڕۆشنبیرییه‌کانی باشووردا چالاکانه ده‌ور ده‌بینن. برایانی موکریانی(حسێن و گیو)،حه‌سه‌ن قزڵجی،عه‌لائه‌دین سه‌ججادی،عه‌بدوڕه‌حمان زه‌بیحی،هه‌ژار موکریانی و هێمن موکریانی ته‌نیا ناوی چه‌ند که‌سایه‌تیی و سیمایه‌کی هه‌ره دره‌وشاوه‌ی ئه‌مدیو دێنه ئه‌ژمار که له‌وێنده‌رێ ده‌بنه پێشه‌نگی خزمه‌ت به زمان و کولتووره‌که‌یان و هێشتایش جێ په‌نجه‌یان دیاره.
لێره‌وه زمان له چوارچێوه‌ی زمانی ناو کووچه و کۆڵان خۆی قوتار و ده‌رباز ده‌کات و هه‌وڵه‌کان بۆ دروستکردنی زمانی نووسین و ڕاگه‌یاندن ده‌ست پێ ده‌کرێت. ئه‌م ڕه‌وته به‌و ساڵانه هه‌ژانێک ده‌خاته ناو کۆمه‌ڵی کوردستانی ئێران و سه‌دان که‌س له‌و ڕێگه‌وه ده‌بنه قوتابیی خوێندنگه‌ی کوردی و دواتر بۆ خۆ خامه‌ی کوردی به ده‌سته‌وه ده‌گرن و زمانه‌که به‌ره‌و پێشه‌وه ڕێنمون ده‌که‌ن. ڕاسته ئه‌م ڕه‌وته تووشی هه‌وراز و نشێوی زۆر دێت و هه‌ڵکشان و داکشانی فره‌ی به دواوه ده‌بێت،لێ،قه‌ت ناوه‌ستێت و هه‌رده‌م ڕێی پێشڤه‌چوون ده‌بڕێت. کاروانه‌که هێدی هێدی له سه‌رده‌می سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه (1979)نزیک ده‌که‌وێته‌وه که ئه‌مجاره ته‌قینه‌وه به خۆوه ده‌بینێت و شۆڕه‌سواران،گورج و گۆڵتر و به‌ده‌ست و بردتر دێنه ناو مه‌یدانه‌وه. له بن نسێی ئه‌و ڕه‌وش و بارودۆخه‌ی دروست ده‌بێت و ئیشاره‌ت و ئاماژه‌ی خودی یاسای بنچینه‌یی ئێران له مادده و ئه‌سڵه‌کانی 15 و 19 دا به ماف و پرسی خوێندن و نووسین به زمانی زگماکی،کورد دێته مه‌یدان و ژماره‌یه‌ک ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێب ده‌رده‌چن؛ڕاسته ژماره‌یه‌کیان به هه‌وڵی تاکه‌که‌سیی ده‌خرێنه سه‌ر په‌ڕتووکخانه‌ی کورد به‌ڵام کاروان هه‌ر ڕێی خۆی ده‌بڕێت.
مامۆستا محه‌ممه‌د ساڵح ئیبراهیمی"شه‌پۆل"به"گرشه‌ی کوردستان" هه‌ر پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕش (1357ی هه‌تاوی)1979ی زایینی،له تاران باسکی هیممه‌تی بۆ هه‌ڵده‌ماڵێت،دواتر ساڵی 1364ی هه‌تاوی (1985ی زایینی)"هێمن موکریانی" به" سروه" و "ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دین ئه‌ییووبی"یه‌وه کووره‌که ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌رم دا‌دێنن. ئه‌م ته‌کانه،زمانی کوردی لێره به‌ره‌و ئاقارێکی باش ڕێنمون ده‌کات. سه‌دان که‌س له هه‌مان ڕێگه‌وه فێره خوێندنه‌وه و نووسینی کوردی ده‌بن و هه‌تا دێت ژماری قوتابیی و شه‌یدایانی زمانی کوردی پتر ده‌بێت. له‌و بواره‌دا خودی حوکوومه‌ت چه‌ندان گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردی - فارسی ده‌رده‌کات. "ئه‌سحابی ئینقلاب"،"کرمانج"،"ئاوێنه" و ... نموونه هه‌ره ڕوونه‌کان دێنه ئه‌ژمار. شانبه‌شانی ئه‌و ڕه‌وته،ئیزگه ڕادیۆییهکانیش به هه‌وڵی ده‌یان که‌سایه‌تی ڕووناکبیره‌وه ده‌ست ده‌ده‌نه بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌یان به‌رنامه‌ی به‌پێز له سه‌ر زمان،وێژه و ئه‌ده‌ب،فۆلکلۆر و ... به‌ڵام پاش هه‌شتاکانی هه‌تاوی ئه‌م کهف و کوڵه له‌پڕێک تووشی وه‌ستانێکی سامناک دێت و ئیتر ئه‌و جم و جووڵه‌ی نامێنێت. هه‌ورێکی بۆر باڵ به‌سه‌ر زماندا ده‌کێشێت و کاروانه‌که جگه له هه‌وڵی تاکه‌که‌سی ئه‌وه‌نده به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون به خۆوه نابینێت. جار ناجار حه‌وته‌نامه و دووحهوتهنامهیهک ده‌رده‌چێت و پاش ماوه‌یه‌ک،ده‌وه‌ستێت و پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌گیردرێت. زمانی ڕاگه‌یاندن ئیدی ئه‌وه هه‌ر باس مه‌که و ته‌نیا ده‌وری بگوێز ئه‌ویش به شێوازێکی کرچ و کاڵ ده‌بینێت،به‌ڵام دوابه‌دوای هاتنه ئارای دیارده‌ی به جیهانیبوون و سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، کورد لێره‌کانێ و بگره له ئاستی جیهاندا ئیتر ئه‌وه‌نده پێویستیی به‌وه نامێنێت هه‌تا هه‌موو شتێک هه‌ر له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سک و له ڕێی فه‌رمییه‌وه به‌ره‌و پێشه‌وه ڕێنمون بکات. له ناو پانتایی جیهانی به‌رفره‌وانی ئینته‌رنێت و تۆڕه جڤاکییه‌کاندا ده‌لاقه‌یه‌ک ڕوو له کورد ده‌کرێته‌وه یان به واتایه‌کی دی،دونیایه‌ک بۆ کورد دروست ده‌بێت هه‌تا گۆشه‌یه‌ک له تواناکانی خۆی و زمان و کولتووره‌که‌ی بخاته به‌ردیده و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کان،سه‌ره‌قه‌ڵه‌مه‌کان لێره‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دی زمان تووشی پاشاگه‌ردانی ده‌که‌ن. هه‌ر یه‌که و به له‌به‌رده‌ستدابوونی کۆمپیوته‌رێک و به شێوه‌زاری گه‌ڕه‌ک و کووچه و کۆڵان و هۆز و خێڵکه‌ی خۆیه‌وه،دێته ناو گۆڕه‌پانه‌که و گۆمه‌که ئه‌وه‌نده‌ی دی ده‌شڵه‌قێنێت یان ڕاست تر بڵێین لێڵ تر ده‌کات. له بیر نه‌که‌ین له ناوه‌ڕاستی هه‌فتاکانی هه‌تاوی دا(نێوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کان)حه‌وته‌نامه‌ی"ئاویه‌ر" له سنه بڵاو ده‌بێته‌وه. دواتر "ڕۆژهه‌ڵات"،"ڕاسان"،"ئاسۆ"،"په‌یامی کوردستان"،"هاوار"،"سیروان" و له هه‌شتاکان به‌ملاوه "ئاشتی"به‌ناوی یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی – فارسی چاپ و بڵاو ده‌کرێنه‌وه. ئه‌م ڕه‌وته تا هاتووه به‌رده‌وام بووه و نهاش له نێوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانی هه‌تاوی(2015)دا ده‌یان هه‌فته‌نامه،دوو هه‌فته نامه،مانگنامه و وه‌رزنامه ده‌رده‌چن که مه‌هاباد،نیشتمان،سۆران،ئاگرین ڕۆژ،ڕۆژان،کۆنه دیار(دیارێ کۆهه‌ن)،هایا،چرۆ،به‌هێز،گه‌شه،که‌ره‌فتوو،ئاوای ماد،ڕۆچنه،کورده‌واری،ژیوار،زرێبار،ده‌نگی ئاشنا(سێداێ ئاشنا)،هه‌نگاو و گه‌لێک بڵاڤۆکی خوێندکاری درێژه‌پێده‌ری خه‌بات له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیی دێنه ئه‌ژمار و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت کرانه‌وه‌ی زێتر ڕوو بدات و ده‌رفه‌تی پتر بخرێته به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نووسان له کوردستانی ئێران.
پێویسته بۆ مێژوو ئیشارهتێکیش به مانگنامه یان گۆڤاری مانگانه‌ی "ڕێزان" بدرێت که جۆزه‌ردانی ساڵی 1393ی هه‌تاوی(2014)ژماره‌ی ده‌سپێک و پێش ژماره‌ی بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌تا ئێستایش 6 ژماره‌ی لێ ده‌رچووه. ڕێزان،به ناوی یه‌که‌مین مانگنامه‌ی کوردی-فارسی که مۆڵه‌تی ده‌رچوونی هه‌م له وه‌زاره‌تی ئیرشادی ئێران و هه‌میش سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق وه‌رگرتووه؛به دروشمی "جیاواز له ده‌ربڕین و جیاواز له هزرین"هاتۆته نێو مه‌یدانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و هه‌وڵ ده‌دات له ڕۆچنه‌ی تۆره و فه‌رهه‌نگه‌وه خزمه‌تی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی بکات و پردێک بۆ دۆستایه‌تی زێتر له نێوان کوردان دا دروست بکات.
ئه‌مه هه‌تا بێره سیمای گشتیی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ڕاگه‌یاندن له کوردستانی ئێران و زێتریش لە ناو بازنه‌ی به‌رته‌سک و سنوورداری توێژی ڕووناکبیر و خوێنده‌واردا بوو به‌ڵام گه‌ر پرسه‌که هه‌ندێ وردتر بکه‌ینه‌وه و ڕوو بکه‌ینه خودی ستان و پارێزگه‌ی سنە(بە ناو کوردستان)،مخابن ئه‌وه‌نده گه‌شبینی پێوه دیاره نییه. گه‌ر چاوێک له حه‌وته‌نامه و دووحه‌وته‌نامه و ... هه‌نووکه‌ی ئه‌م ستانه بکه‌ین،زۆر واقیعی تاڵمان بهردهیده ده‌که‌وێت. هێشتاکه نووسینی ناو به‌شی زۆری گۆڤار و بڵاڤۆکه‌کان له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ چه‌ندان خامه‌ی چه‌له‌نگ و به‌پێز،له نووسینی مناڵێکی سه‌ره‌تایی به زمانی زگماکی به‌و لاوه،واوه‌تر ناچێت و نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌نده گه‌شه بکات و بارستا و تواناکانی زمانی هه‌ره زه‌نگینی کوردی بۆ ناو دڵی کۆمه‌ڵ بگوێزێته‌وه. به‌سه‌د داخه‌وه هێشتاکه زۆربه‌ی بڵاڤۆکه‌کان لێره فارس گوته‌نی"ته‌نێ بۆ بهتاڵنهبوونی مه‌یدان و ڕووپهڕهکانیان"چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک ته‌رخان ده‌ده‌ن به به‌شە کوردییه‌که‌ی خۆ و به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵه،زۆر که‌م ئاوڕیان له پرسه هه‌ستیاره‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه داوه‌ته‌وه.په‌راوێزخستنی زمانی کوردی له لایه‌ک و ده‌وری ناکارای ڕاگه‌یاندن و بگرە ڕووناکبیر و ناوه‌نده به‌ناو کوردییه‌کان له‌و لاوه،هێشتاکه نه‌یتوانیوه ئه‌م زمانه خودان سه‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌نده،ئه‌وه‌نده له جه‌ماوه‌ره‌وه نزیک بکاته‌وه و کار بۆ بهڕۆشنبیرکردنی سه‌رپاک کۆمه‌ڵ بکات. ڕاپرسی بۆ ئه‌و بواره زۆر ڕاستیی هه‌ژێنه‌رمان بۆ ده‌رده‌خات. هه‌تا به‌وێ گه‌ر پرسیار له خه‌ڵک بکرێت ناوی مانگ و هه‌یڤه کوردییه‌کان بێننه سه‌ر زار،یان بتهه‌وێت په‌ی به ئاستی زانیاری‌یان له‌سه‌ر زمانی کوردی و زاراوه و دیالێکته‌کانی ببه‌یت و به چه‌ند په‌یڤێکی ڕه‌سه‌نی کوردی بیاندوێنیت،ئه‌و واقیعه هه‌رە تاڵه‌ت زێتر لا خویا و ئاشکرا ده‌بێت.
بێ سێ و دوو یه‌کێک له هۆکاره‌کانی نزمبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی جه‌ماوه‌ر بەرانبەر زمانی کوردی،ڕووی له ڕاگه‌یاندن به‌تایبه‌ت ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندنی فه‌رمییه. به‌داخه‌وه هێشتاکه ڕاگه‌یاندن لێره خاوه‌نی زمانێکی پێوه‌ر نییه و ناوچه‌گه‌ریی و بگره بێ سه‌ر و به‌ریی بهباڵایهوه بێداد ده‌کات. جگه له‌مه‌ش که‌مته‌رخه‌میی بەرانبەر زمان له ڕاگه‌یاندن دا پرسێکی زۆر ڕوون و ئاشکرایه. جه‌ماوه‌ر زۆر تامه‌زرۆی زمان و کولتووره‌که‌یه‌تی و شه‌یدایانه چاوه‌ڕوانی زمانێکی پوخت و پاراوه به‌ڵام دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی و پهرۆشییهکه له ئاستێکی نزم دایه. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌ناوی بنکه و ناوه‌ندی کوردییه‌وه لێره مژولی کار و چالاکین به‌داخه‌وه په‌رژین و تهیمانێکیان به ده‌وری خۆدا کێشاوه و له زمانی کۆمه‌ڵه‌وه زۆر دوورن. ڕه‌نگه ئه‌وپه‌ڕی مانگانه یان ساڵانه چه‌ند جارێک له ده‌وری یه‌ک گرد ببنه‌وه و تاوتوێی پرسێک بکه‌ن به‌ڵام هێشتاکه نه‌یانتوانیوه سه‌دی یه‌کی باس و خواسی ناو کۆڕ و جڤینه‌کانی خۆ بۆ ناو کۆمه‌ڵ بگوێزنه‌وه. بۆ ده‌ربازبوون له‌و ڕه‌وشه،پێویسته ڕاگه‌یاندن (نووسراو،دیتیاری،بیستیاری)و خودی ڕووناکبیران و ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌کان چیدی له ناو قه‌فه‌زه‌کانی زه‌مه‌ندا خۆ قه‌تیس نه‌که‌ن و زێتر بچنه ناو دڵی جه‌ماوه‌ره‌وه. به دڵنیاییه‌وه ڕه‌نگه ئه‌م پرسه تووشی باجی قورسیان بکات،به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌که‌ی گه‌شتر و ڕوونتر ده‌بێت.
جێی ئاماژەپێدانە ئەم بابەتە،شەش ساڵ پێش ئێستا نووسراوە و هەنووکە یادی 122 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە. ئاڵای ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی هه‌رده‌م شه‌کاوه بێت.
* ڕاگەیاندنکار
گوڵانی 2714(1393ی هەتاوی)
23/4/2020