حامید فەرازی
بەشی دووهەم
بەسەرۆککۆمار بوونی موحەمەد خاتەمی لە 2ی جۆزەردانی ساڵی 1376 هەتاوی دەسپێکی وەرزێکی نوێ بوو لە مێژووی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە هیوایەکی تازەی خسته دڵی زۆربەی هێزولایەنە سیاسییەکان و بەوپێیەش لەکوردستاندا بۆ یەکەمجار کۆمەڵگای سیاسی هەستی کرد، پاش سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی، دەتوانێ هەندێ ئەکت و دەسکەوتی جیاوازی هەبێ و بەشێوەیەکی نوێ ڕۆڵ بگێڕێ لە چارەنووسی سیاسی خۆیدا. ئەم دەرکەوتنە پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ساڵی 76 لە هەڵبژاردنی شۆڕاکانی شارولادێ لە ساڵی 1377دا خۆی نواند و لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی شەشەم لە ڕێبەندانی ساڵی 1378دا بەشێوەیەکی تایبەت گەیشتە لوتکە. لەو هەڵبژاردنانەدا بۆیەکەمجار کەسانێک وەکوو کاندیدا پاڵێوران و شیاوبوونیان پەسند کرا کە پێشتر لەمێژووی کۆماری ئیسلامیدا وێنەیان نەبوو هەم لەباری توانایی و سەربەخۆبوونی ئەو کەسانەوە لەناوەندەکانی دەسەڵات، هەم لەوبارەوە کە تاقمێک لەو کاندیدایانە توانییان بە دیسکۆرسێکی سیاسی تازەوە هەندێ وشە و دەستەواژەی نوێ بهێننە مەیدانی هەڵبژاردنەکان، لەبەراورد لەگەڵ کەسانێک کە تا ئەوسەردەمە بەناوی نوێنەری خەڵکی کوردستانەوە چبوونە پارلمانی ئیسلامی و زۆریان هەر سیاسی نەبوون و لەوبوارەدا تەقەی سەریان دەهات. هەرچی لەڕۆژی هەڵبژاردن، لەکۆتایی مانگی ڕێبەندانی 1378 نێزیک دەبووینەوە کەس ولایەنی زیاتر لە کوردستاندا هەستیان دەکرد بەڕاستی دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێ لە مەیداندا بن بەڵکوو بکرێ نوێنەرانێکی بەتواناتر هەڵبژێرن. ئەو ڕەوتە تەنانەت زۆرێک لە لایەنگرانی حیزبە کوردییەکانیشی لەوکاتەدا گرتەوە و جۆرێک بڕوا و هیوای لەدڵی کەسانێک سازکرد کە تا ئەوکاتە هەر دەنگیان نەدابوو. ئاساییە کە ئامانجەکان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان جیاواز بوون واتە دەسته و تاقمی جۆراوجۆر هەبوون کە هەریەک بە بیرۆکە و ئارمانجی خۆیان هاتبوونە پێشەوە و هەمووان دەیانویست بەجۆرێک لەو فەزایە کەڵک بگرن، بەڵام هەرچی زەمان دەگوزەرا ئەولایەنانەی کە هەمووان پێشتر لەبەرەیەکدا بوون و هاوکاری یەکتریان دەکرد، سنوورە فکرییەکانی نێوانیان پڕڕەنگتر و دیاریتر دەکرا. ئاساییە لەناو هەموو ئەو لایەنانەدا هەم کەسانی ڕاستگۆ و وەفادار هەبوون، هەم کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز کە ئەوانە جارجار لە ڕیزی پێشەوەی جووڵانەوەکانیشدا بوون.
من وەک زۆریەک لەو کەسانەی کە لەوساڵانەدا لە گۆڕەپانی چالاکییەکاندا بوون، بەشێک لە ڕەوتێک بووین کە ڕەنگە بکرێ لەژێر ناوی خەباتکارانی مەدەنی کوردستان پێناسەی بکەین. دەتوانم بڵێم ئەو ڕەوتە کە بەشێوەیەکی نافەرمی بەسەر چەندین باڵ و ڕەهەندی جۆربەجۆری بزووتنەوەی ئەدەبی و هونەری، خوێندکاری و ژنان و ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ و ...هتد دابەش دەبوو، لەباری فکرییەوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی جیاواز بوو لە جەرەیانی ڕێفۆرمخوازی کە سەری ئەو جەرەیانە لە تاران بوو.
10/4/2020