حامید فەرازی
بەشی یەک)ڕوونکردنەوە)
لەماوەی ڕابردوودا پۆستێکم، لەگەڵ وێنەیەک، لەسەر ڕێفۆرمخوازانی کورد لە فەیسبووکدا بڵاو کردەوە کە چەند کەسێک چون لەوێنەکەدا بوون، لێم دڵگران بوون و لەلایەن بەعزێکیانەوە هەندێک ڕەخنەو گلەوگازندە و تەنانەت تۆمەتم بۆ هاتەوە. ئەمە لەخۆیدا شتێکی زۆر گرنگ نییە، دەمەوێ بڵێم من کێشەی تاکەکەسیم لەگەڵ ئەوان نییە و ئەگەریش بیانەوێ بچنە ئەو فازەوە کە کێ پیاوی چاکە و کێ خراپە، کێ ڕاست و ناڕاسته یا مەبەستی هەرکەس لەو شتانە دەینووسێ چییە، من ناچمە ئەو مەیدانەوە و بەو زمان و پێودانگانە ئاخافتن لەگەڵیان ناکەم چون پێموایە ئەو شێوازە بەلاڕێماندا ئەبات و ئەسڵی شتەکەمان لێ وندەکا، پاک وناپاک بوونی هەرکەسیش، جگە لەوەیکە لێرەدا زۆر پێوەندی بە باسەکەوە نییە، شتێکە دەبێ خەڵکی تر بڕیاری لەسەر بدەن نەک من یا لایەنی بەرامبەرم کە لێرەدا هاوفکری یەک نین و لەوانەیە ئێستاکە ڕقمان لەیەک هەستابێ!
لەم پێناوەدا هەوڵدەدەم بۆ چەند هەفتەیەک بابەتێک لەچەند بەشی کورتدا بورووژێنم کە زیاتر ئەزموون و بیرەوەرییەکانی خۆم لەساڵانی ڕابردوو لەخۆدەگرێ، ئەم بابەتە گێڕانەوەیەکە لە چاوی منەوە، لەوانەیە کەسی تر هەبن ئەو ڕووداوانەیان بەجۆرێکی تر دیبێ یا بیانەوێ هەندێ شتی لێ زیادکەن کە لەوانەیە من لێیان بێ ئاگابم یان باش لەبیرم نەمابن، بۆیە لەحاستی خۆمەوە پێشوازی لەو هەوڵانە دەکەم.
بەڵام ڕێفۆرمخوازی کوردی وەک ڕێبازێکی سیاسی دەکرێ بکەوێتە بەر ڕەخنە وخوێندنەوە بەتایبەت لەبەرئەوەی ئەو فکرەیە لەوساڵانە لەپڕاتیکدا سەرەکیترین ستراتیژی خۆی لەسەر بنەمای بەشداریکرن و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دانابوو، بۆیە لەمکاتەدا و بەم بۆنەیەوە دەکرێ ڕاوەستەو لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەین چون لەساڵانی ڕابردوودا کەس و لایەنی زۆر، بە ئامانجی جۆراوجۆر، لەگۆڕەپانی هەڵبژاردنەکاندا چالاک بوون دەکرێ بڵێین ئەو پرسە پرسێکی گرنگ بووە و گرنگتر ئەوەی کە بزانین چ وانە و ئەزموونێکی سیاسیی لێ دەربێنین؟
جەرەیانی ڕێفۆرمخوازانی کورد لەوساڵانەدا بەڕای من هەمیشە ڕەخنەیەکی جددی لەسەر بووە ئەویش ئەوە کە ئەوان داییم بە شێوەیەکی گەشبینانە پێیانوابووە سیستەمی سیاسی ئێران ئەوەندە ڕێفۆرم و چاکسازی لەخۆ دەگرێ کە بکرێ لەو چوارچێوەدا و بەو یاسای بنەڕەتییەوە جۆرێک لە دێموکڕاسی دەستەبەر بێ کە هەموو گەلانی ئێران بەکوردیشەوە بتوانن بەمافەکانیان بگەن، بەشداریکردنی بێ مەرجیشیان تاپێش ئەم خولەی دوایی لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا، من پێموایە هەڵدەگەڕێتەوە هەر بۆ ئەو فکرە، لەو چوارچێوە فکرییەشدا قەت لێکدانەوەیەکی سەربەخۆیان نەبووە بەڵکوو زیاتر چاویان لەدەمی نوخبەکانی ناوەند بووه بێ ئەوەی زۆر لەوە بکۆڵنەوە کە ئەولەویەت و کەڵکەڵە سەرەکییەکانی ئەو نوخبانە چییە؟
٦/٤/٢٠٢٠