هۆشیار عەبدوڵڵا
خۆپارێزی فكری پێش خۆپارێزی جەستەییە،لە كۆرۆنا مەترسن خۆتانی لێبپارێزن..لە ڕوی زانستیەوە هەمو ترسێك وادەكا جەستەی مرۆڤ هۆرمۆنی كۆرتیزۆن زیاتر دەربدات بەمەش سیستمی بەرگری لەش لاواز دەبێ واتا هەمو بەرزبونەوەیەكی كۆرتیزۆن یەكسانە بە هاتنە خوارەوەی سیستمی بەرگری،ئەگەر دەتانەوێ روبەروی كۆرۆنا ببنەوە دەبێ یەكەم شت سیستمی بەرگری جەستەتان بەهێز بێت.
چەند رۆژێكە هەمو رێنماییە تەندروستیەكانمان پێگەیشتوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە راگرتنی پاك و خاوینی جەستە و ناوماڵ و شوێنە گشتیەكان،بەڵام لەمیدیا و لە رێنماییە تەندروستیەكاندا وەك پێویست بایەخ بە مەسەلەی خۆ پارێزی فكری نەدراوە كە پەیوەستە بە بەرزراگرتنی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ،كە نەك تەنها بۆ كۆرۆنا بۆ خۆپارێزی لە هەمو جۆرە نەخۆشیەك گرنگە.
ترسی زۆر بەرگری لەش كەمدەكاتەوە بەداخەوە هەندێ بۆچونی نازانستی دەبینین و دەبیستین،لە میدیاكان ژمارەی مردوان گەورە دەكەن و بە ئاشكرا دەڵێن با خەڵك بترسێ تا خۆی بپارێزێ بێ ئاگا لەوەی كە خۆپارێزی هەر تەنها جەستەیی نیە بەلكو فكرییە و بڵاوكردنەوەی ترسی زۆر دەبێتە هۆی نەخۆشخستنی كۆمەڵگەكە،بەردەوام دكتۆرە بەرێزەكان دەڵێن مەترسن بەڵام خۆتان بپارێزن ،حەق وایە ئەو مەترسنە بەهەند وەربگیرێ و زانیاری زیاتری علمی لە میدیاكانەوە لەبارەوە باسبكرێ.
گرنگە هۆشیاری قوڵتان بۆ مەترسیەكانی ئەو ڤایرۆسە هەبێت بەڵام مەترسن،فكرتان رێكخەن لێوان لێو بن لە وزەی ئیجابی بزانن نەك هەر ئێمە هەمو دونیا لە جەنگدایە لە دژی،رێژەی مردن بەراورد بە پەتاكانی تر كەمترە، توشبون واتا مردن نیە، مرۆڤ بەهێزترە لە كۆرۆنا،ئەم قەناعەتە ئیجابیانەتان هەبێت و هەمو رێوشوینەكانی خۆپارێزیش وەك خۆی جێبەجێبكەن.
مەسەلەی ترس و زیادبونی كۆرتیزۆن و دابەزینی بەرگری قسەیەكی گشتی نیە بەڵكو حەقیقەتێكی علمیە و هەموان دەتوانن گوگڵی بكەن و لەبارەیەوە بخوێننەوە.. ئەو چەند دێرەی سەرەوەشم بۆ دڵخۆشكردن نەنوسیوە بەڵكو راستیەكی زانستیم بیری خۆم و خەڵكیشی هێناوەتەوە.
خوا مرۆڤایەتی بپارێزێ،خوا كوردستان بپارێزێ.
15/3/2020