عارف قوربانی
ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌یویست له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌ده‌ستی بهێنێ، ئاماژه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه له به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. هۆكار زۆر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا سوله‌یمانی بكاته ئامانج، به‌ڵام له هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه بوو كه ئێران ناچار بكات بچێته‌وه چوارچێوه‌ی جوگرافیا و سنووره‌كه‌ی خۆی، پێیوابوو به كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ئیتر ده‌ستی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌بڕێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و رووداوه كاروانی مووشه‌ك و هاوكارییه داراییه‌كانی ئێرانی بۆ حووسییه‌كان رانه‌گرت، كۆتایی به ناردنی پشتیوانی بۆ حیزبوڵڵا و حه‌ماس نه‌هێنا، ده‌ستی ئێرانی له‌ناو هه‌ناوی سووریا و عێراق پێ نهكێشرایهوه و ستراتیجی ئێران له ناوچه‌كه وه‌ك خۆی به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌ر وێناكه بۆ ئه‌مریكا به‌و جۆره بووبێت كه به كوشتنی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس ده‌ستی ئێران ده‌بڕێته‌وه و هه‌ژموونی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه ناهێڵێ، واقیع پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ، بۆیه ده‌كرێت دیمه‌نه‌كه بۆ ئه‌مریكا راستبكرێته‌وه كه ئه‌گه‌ر بڕیاربێ كوشتنی سوله‌یمانی بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی ئێران بێ، ئه‌وه ته‌نیا ده‌ستێكی شكێنراوه و ئێستا ده‌سته ساغهكهی رۆڵی هه‌ردوو ده‌سته‌كه‌ی ده‌گێڕێت.
ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت ئه‌گه‌ر قاسم سوله‌یمانی له‌ژیاندا بمایه كۆبوونه‌وه‌كان له به‌غدای پایته‌خت ده‌كران بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام به‌نه‌مانی ئه‌و به‌شێك له كۆبوونه‌وه‌كان له قوم و له تاران به‌ڕێوه‌ده‌برێن، واتا ئامانج و ستراتیجه‌كه هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی و ته‌نیا شوێنی كۆبوونه‌وه‌كان گۆڕاون. له‌ده‌ستی دووه‌میشه‌وه و به كاره‌كته‌ره‌كانی بازنه‌ی دووه‌م ئامانجه‌كان به‌دی ده‌هێنن. ئه‌گه‌ر پێشتر پێویست بووبێ مالیكی و عامری و موهه‌ندیس و خه‌زعه‌لی نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بكه‌ن، ئێستا ئه‌و رۆڵه به موقته‌دا و عه‌للاوی و عه‌بادی و خه‌ڵكی تر دراوه.
ئێران له دوای شه‌ڕی داعش، دوای ته‌واو كۆنترۆڵكردنی جوگرافیای سوننه له عێراق، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی نیوه‌ی جوگرافیای كورد، ستراتیجی خۆی له عێراق برده قۆناغێكی تره‌وه، سه‌ره‌تا بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌سه‌ر كورد و سوننه‌دا پێویستی به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێك بوو، سوننه و كورد به‌رێته‌وه ناو پرۆسه‌ی سیاسی له به‌غدا و ده‌ست و په‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه تازه‌یه رابهێنێ. به وه‌لانانی ئه‌و كاره‌كته‌ره سیاسییانه‌ی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران ده‌كرد و به هێنانه‌پێشه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له ده‌ره‌وه‌ی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و ئامانجه‌ی به‌دیهێنا. سوننه‌ی دوای وێرانبوونی ماڵ و شاره‌كانیان له‌سه‌ر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی، كوردی دوای ریفراندۆم و شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر، به شه‌وق و زه‌وقه‌وه روویانكردهوه به‌غدا. به‌ڵام ئه‌مه ستراتیجی شیعه و ئێران نه‌بوو، به‌ڵكوو ئه‌مه ته‌نیا تاكتیكێكی قۆناغبه‌ندیی ته‌شه‌یوع بوو تا هه‌ردوو پێكهاته‌ی شكستخواردوو: كورد و سوننه بچنه ژێر ره‌شماڵی شیعه و ئێرانه‌وه و به‌شداری له ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان بكه‌ن.
ئێران هه‌روا به‌ئاسانی ناگه‌ڕێته دواوه، كورد و سوننه‌ی برده‌وه بۆ به‌غدا به‌ئامانجی ئه‌وه نا كه رۆڵیان هه‌بێ له ئاراسته‌كردنی وڵات و به‌شداری له ده‌سه‌ڵات و له پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵكو بۆ ره‌وایه‌تیدان به چه‌سپاندنی قۆناغێكی تازه له عێراق. بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌و كار و هه‌نگاوانه‌ی له په‌راوێزی رووپۆشی قۆناغه تازه‌كه‌دا گرتبوونیه به‌ر. بۆ گۆڕینی ده‌ستوور، بۆ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ ڕێگهخۆشكردنی حوكمی زۆرینه به‌پاساوی هاووڵاتیبوون و ره‌تكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی تایفی و نه‌ته‌وه‌یی. كورد و سوننه له خولی داهاتووی هه‌ڵبژاردن و دواتردا هه‌ست به ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه تازه‌یه ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌یت، له ده‌ستپێكی خۆپیشاندانی پارێزگا شیعهنشینهكانهوه له عێراق، دروشم و داخوازی و ئامانجه‌كانیان، كاردانه‌وه و لێكه‌وته‌كانی له‌و هه‌نگاوانه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق گیرانه‌به‌ر، هیچیان له واقیع و له‌ڕووی كردارییه‌وه نه په‌یوه‌ندی به داخوازیی خۆپیشانده‌رانه‌وه هه‌بوو نه به‌وه‌ش دۆخی خراپی مرۆیی و خزمه‌تگوزاری ده‌چێته پێش. ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه چووه‌ته پێشه‌وه ستراتیجی ئێرانه له هه‌نگاونان به‌ره‌و چه‌سپاندنی رێكاره‌كانی حوكمی ویلایه‌تی فه‌قیه له عێراق.
ئه‌وه‌ی ئێستا له میكانیزمی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌للاوی گیراوه‌ته‌به‌ر، هه‌نگاوێكی زۆر مه‌ترسیداری تێپه‌ڕینی قۆناغه‌كه‌یه له به‌شداری و هاوبه‌شیی پێكهاته‌كانی عێراقه‌وه بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ حكومه‌تێكی ئێرانی له عێراق، بێبایه‌خكردنی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بێ ڕۆڵكردنی نوێنه‌رانی هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و سوننه، سه‌رپشككردنی شیعه له دیاریكردنی به‌ش و ته‌نانه‌ت له هه‌ڵبژاردنی كه‌سه‌كانیش له‌ناو سوننه و كورد بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی بۆیان دیاریكردوون، ئه‌مه‌ش هیچ مانایه‌ك بۆ به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی و پێگه‌ی هێزه سیاسییه‌كان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ناهێڵێته‌وه. ئایا ئێران و شیعه‌كان رازی ده‌بن كورد و سوننه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ن كام كاره‌كته‌ری شیعی حكومه‌ت پێكبهێنێ؟ بۆ نموونه قبوڵ ده‌كه‌ن ئه‌یاد عه‌للاوی وه‌ك به‌ربژێری كورد و سوننه شوێنی محه‌ممه‌د عه‌للاوی بگرێته‌وه؟ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه، ئه‌م رێكاره له وه‌رگرتنه‌وه‌ی رۆڵی هه‌رێم له دیاریكردنی نوێنه‌ره‌كانی خۆی بۆ به‌غدا، له داهاتوودا پرسی فیدراڵیش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
له‌دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و رێكاره‌كانی ئێران و شیعه له دژایه‌تی ئه‌مریكا، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ره‌كان یه‌كلابوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی دوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ به‌شداریی كورد و سوننه و ده‌نگدان بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، دابه‌شبوونێكی ئاشكرا به‌سه‌ر به‌ره‌ی ئێران و ئه‌مریكادا روویداوه. ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌غدا ده‌گوزه‌رێت ده‌رئه‌نجامی رێككه‌وتنێكی تازه‌ی هێزه شیعه‌كانه له قوم، بۆ لێدان له پێگه‌ی ئه‌مریكا له عێراق و لێدانه له كورد و سوننه. هه‌ڕه‌شه راستهوخۆكانی ئه‌م دوو رۆژه‌ی موقته‌دا سه‌در له په‌رله‌مان له ئه‌گه‌ری متمانهنهدان به‌م كابینه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆی باقر جه‌بر زوبه‌یدی له كورد و سوننه كه ئه‌گه‌ر به‌شداریی دانیشتنی په‌رله‌مان نه‌كه‌ن بۆ متمانه‌دان به كابینه‌كه‌ی عه‌للاوی پۆسته‌كانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان لێ وه‌رده‌گرنه‌وه، هه‌روه‌ها هۆشداریی هادی عامری بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن كه له‌هه‌ندێ ناوه‌ندی نزیك له ئێرانه‌وه دزه‌ی كردووه و ده‌ڵێت: پێویستیی قۆناغه‌كه وا ده‌خوازێت حكومه‌تێكی گرێدراوی ئێران به‌بێ به‌شداری هێزه نیشتمانییه كوردی و سوننییه‌كان پێكبهێنرێت. به‌شداریی هیچ تاكێكی كورد له ده‌ره‌وه‌ی به‌شداری سیاسی هه‌رێم، به مانای هاوبه‌شیی كورد نایه‌ت. ئه‌مه بۆ سوننه‌ش راسته. چونكه له دروستكردنی عێراقه‌وه تا كه‌وتنی سه‌دام هه‌میشه كورد و شیعه له كابینه وه‌زارییه‌كاندا به‌شدار بوون، به‌ڵام ئه‌م به‌شدارییه هیچی له‌و راستییه نه‌گۆڕیوه كه حوكم به ده‌ستی فاشیزمی عه‌ره‌بی سوننه‌وه بووه.
بۆیه پێویسته كورد و سوننه به‌هه‌ستیارییه‌وه له‌م پرسه بڕوانن، تا له‌گه‌ڵ شیعه و ئێران نه‌گه‌یشتووه‌ته مریشكه ره‌شه، بیكه‌ن به وێستگه‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكاش. ده‌بێ ئه‌م پره‌نسیپ و میكانیزمه له دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت قبوڵ نه‌كه‌ن و داوا له ئه‌مریكاش بكه‌ن پشتیوانی‌یان بكات، بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی به كه‌سایه‌تییه دیاریكراوه‌كانی كورد و سوننه‌وه نییه ئه‌وه‌نده‌ی دروستكردنی نه‌ریتێكه بۆ داهاتوو له دروستكردنی هه‌ر شێوازێكی حكومه‌ت كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران بیخوازێت.
ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی پێش به‌م هه‌وڵه‌ی تاران بگرن، بایكۆتكردنی یه‌كجاره‌كیی پرۆسه‌ی سیاسی هێشتا كه‌متر رووبه‌ڕووی مه‌ترسییان ده‌كاته‌وه، وه‌ك له‌وه‌ی كابینه‌یه‌كی له‌م جۆره قبوڵ بكه‌ن.
2/3/2020