کەمال محەمەد
كۆرۆنا وەك ڤایرۆسێك و پرسێكی ڕۆژ بوە بە راستییەك و بوونی هەیە ،وڵاتان و بەتایبەت رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەهەوڵی پلاندان لەدژیدا و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەم هۆیەوە توشی جۆرێك لە ترس بۆتەوە و دورنییە خودی ئەم ترسە لای كەسانی ترسنۆك لەبری خۆپارێزییان ببێتە واقعێكی سەپێنراو بەسەریاندا ،بۆیە ئەوەی پێویستە زاڵبونە بەسەر ئەو ترسەداو پەنابردنە بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی لەروی خۆپارێزییەوە زیاتر بكات و دڵ رەقتر و نەرجسی تر بێت بەرامبەر بە نەخۆشییەكەو لە جیاتی ئەوەی یەك هۆكار بدۆزێتەوە بۆ ئەگەری توشبون بەو ڤایرۆسە دەیان هۆكار بدۆزێتەوە بۆ ڕوبەروبونەوەی بۆ ئەوەی سەرەتا پارێزگاری لە تەندروستی مێشكی بكات و ئەم حاڵەتەی بەرەو ئەو دەرەنجامانەی نەبات كە نەتوانێت خودی خۆی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی واقیعی ڕوبەروبونەوەی ئەو ترسەو توش بون بە ڤایرۆسەكە ئەم ڤایرۆسە واقعییەی كە بەرۆكی زۆرینەی وڵاتانی گرتوە مرۆڤایەتی لەژێر تاقیكردنەوەیەكدا هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی ڕادەی زانین و بەرگەی ئەو ئازار و نارەحەتییە وەربگرێت كە دوچارییان دەكات بێگومان ئەمە یەكەمین ڤایرۆس و دواهەمین ڤایرۆسیش نابێت ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە لێرەدا بەراشكاوی هاتنی ئەم ڤایرۆسانە ئەوەمان بۆ دەرئەخات كە ژیان بەهەرچۆنێك گوزەرابێت نەیتوانیوە واقع بۆ وەهم بگۆڕێت كاتێك جگە لە دەسەڵات و ویستی خۆی سەپێنراوە بەسەریدا .بۆیە هەمیشە هەستی بەرەنگاربونەوەو خۆ ئامادەیی وایان لێ دەكات جۆرێك لە یەقین دروست ببێت و لە هەمو ئەو گومانانە ڕزگاریان بكات كە ئەم جۆرە ڤایرۆسەش لەوانی دیكە زیاتر كاریگەری نابێت و هەتایی نییە ،
ئەوەی گرنگە ئەو راستییە گرنگەیە كە هەریەكێك لە ئێمە ئالیەتی كۆنتڕۆڵكردنی خودمان هەبێت چ لەروی ترسەوە چ لە روی بەرەنگاری ڤایرۆسەكەوە لە ڕێگەی ڕێنماییەكانی تەندروستییەوە بۆ ئەوەی وزەی پێویست كە هانی ڕوبەروبونەوەیمان ئەدات لە ناخ و واقیعی ژیانمان دروست بكات و سەرەنجام هەموان پەیوەندی بە واقیعەوە بكەین ئەمەش دەبێتە كەمكردنەوەو سنورداركردنی ڕێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە .
ئەوەی جێگای بایەخ و سەرنجە فراوانكردنی سنوری هۆشیارییە،چونكە فراوانكردنی سنوری هۆشیاری وا لە تاك دەكات هەمو شتێك مرۆڤانە لێك بداتەوە ،ئەو توانای راستی لێكدانەوەی هەیە بۆ ئەوەی بزانێت كە ئایا مرۆڤێكی دەستە وسانە یاخود مرۆڤی داهاتوە !بۆیە بەدڵنیایەوە كاتێك ترس لە ڤایرۆسەكە و ناهۆشیاریمان بەرامبەری ناتوانین خۆمان ئەو كۆمەڵگایەی تێیدا دەژین چاوەرێی ساتێكی نوێ و باشتر بكەین چونكە ئەوەی لە ئەنجامی بێهیوابون و ترسەوە دروست ئەبێت نابێتە ئەو یاسایەی كە ئامانج لێی مانەوەی ژیانە لای مرۆڤێكی خاوەن ئیرادە و بە بەرنامە كە لەساتەكانی بەرگریكردنیشیاندا هیچ بیانویەك نەبۆتە پاساو بۆ شكستیان ،چونكە عادەتەن هەر مرۆڤێك لە پێشكەشی هەڵوێست و وزەی خۆیەوە لە رێگەی رێنمایی تەندروستی و زاڵبون بەسەر ترسدا لەو هێرشە دژمنییە سەركەوتو بێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنایە .بۆیە نابێت ترسی لۆژیكی لەو مەترسییە واقیعییەی كە لە بەردەمماندایە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ترسە ئاكارییەكانمان .
26/2/2020