هێمن عەبدوڵڵا
ئەو خەونەی زاواکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئایندەی ناوچەکەی ئێمە بینیویەتی، تەنیا کاریگەریی لەسەر ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان نابێ. بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد وەک شیرێکی دوو سەر وایە کە رەنگە یەکێکیان بمانبڕێ و ئەویدیکەیان سەرمانبخات. ترەمپ ناوی لە پرۆژەکەی ناوە (رێککەوتنی سەدە). بەوپێیەش بێ دەبێ لەم سەدەیەدا بە چارەسەربوونی کێشەی فەڵەستین، کێشەکانی دیکەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاساو بۆ مانەوەیان نەمێنێ. بۆنموونە چیدیکە پێویست نەکات ئێران بەناوی قودسەوە سوپای سنووربڕ دروستبکات یان گرووپە توندئاژۆکان دروست بن، بەڵام کێشەکە لەمە قووڵترە و رەنگە ئەنجامەکەشی بەپێچەوانەوە بێت.
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، خۆم ئامادە دەکەم بۆ سەفەری کاری رۆژنامەوانی بۆ فەڵەستین و ئۆرشەلیم (قودس). رەنگە کاتێک ئەم دێڕانە دەخوێننەوە لەوێ بم. وەک ئامادەکاری بۆ ئەو سەفەرەم لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەم لەسەر کێشەکە و بەتایبەتیش لەسەر ئۆرشەلیم خوێندوونەتەوە و چەند بەڵگەفیلمێکیشم تەماشا کردووە. خۆشم چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ کاری میدیایی لەوێ بووم و بەچاوی خۆم واقیعەکەم بینیوە. بۆیە پێش ئەوەی بڕۆم وێنەیەکم لەلا گەڵاڵە بووە و پێموایە مەرج نییە پلانەکەی ترەمپ لە دوورمەودادا تەنانەت لەبەرژەوەندیی خەڵکی ئیسرائیلیش بێت؛ بەڵام وەک زاواکەی و خۆیشی گوتیان، ئەوە راستە کە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەتەنیشت دەوڵەتی ئیسرائیل.
رێککەوتنی سەدە لەکاتێدا رادەگەیەنرێ کە جیهانی ئیسلام بووەتە سێ جەمسەر: جەمسەرێکی بێ قەید و شەرت دۆستی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئامادە بۆ دروستکردنی شتێکی هاوشێوەی ناتۆ لەگەڵ ئیسرائیل (کە سعودیە واجیهەکەیانە)، جەمسەرێکی نە تەواو دوژمن و نە تەواو دۆست لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل (کە تورکیا و قەتەر واجیهەکەین)، لەگەڵ جەمسەرێکی تەواو دژی ئەمریکا و ئیسرائیل (کە ئێران و جووڵانەوە شیعییەکان و ئیسلامییە توندئاژۆکانی ناوچەکە نوێنەرایەتیی دەکەن). لەو کاردانەوانەوە کە تاوەکو ئێستا زانراون، ئەگەر رێککەوتنی سەدەی ترەمپ سەریش بگرێت، تەنیا لەگەڵ ئەوانە سەردەگرێ کە لە جەمسەری سعودیدان. کەواتە بەشێکی گەورەی جیهانی ئیسلامی لەگەڵی نابێ. مەترسییەکەش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو بەشە زۆرە لەگەڵی نەبوو، جگە لە دوژمنایەتیی دەوڵەتانی نێو دوو جەمسەرەکەی دیکە، بەنزینیش بە هەستی دژایەتیی ئیسرائیل و جوودا دەکرێ لە ناوچەکەدا و گرووپە توندئاژۆکان بەدرێژایی سەدە گەورەترین سوودی لێدەبینن بۆ گەشەکردن و سەرئێشەسازکردن بۆ ئیسرائیل. بۆیە ئەوکات پرۆژەکە لەجیاتی ئەوەی ببێتە رێککەوتنی سەدە، دەبێتە دەگگەی سەدە لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
وەک لێرە و لەوێ باسدەکەن، بەشێکی پلانەکە کە پەیوەندیی بە کۆتاییهێنان بە گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکانەوە هەیە، بریتییە لە نیشتەجێکردنی ئەو فەڵەستینییە سوننانە لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق. ئەمەش وەک باسدەکرێ، بۆیە سعودیە و هاوپەیمانەکانی پشتیوانیی لێدەکەن، چونکە جارێکی دیکە ژمارەی سوننە لە عێراقدا زیاد دەکاتەوە و بەرامبەر شیعە بەهێزیان دەکاتەوە. بەڵام ئەمە ئەگەر بۆ سوننە عەرەبەکان باش بێ، بۆ کوردیش بەو دیوەیدا باش بێ کە هەرێمە سونییەکەشی لەگەڵ دابمەزرێنرێ، بە دیوەکەی دیکەیدا گەورەترین مەترسی لەسەر ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان دروستدەکات. ئێمە باسی ئەو فەڵەستینییانە دەکەین کە لە فەڵەستین ژیاون و ناوچەی شاخاویی وەکو ئوردن و لوبنان و سووریایان بینیوە و ئەگەر ببنە هاووڵاتیی عێراقی، لەجیاتی بیابانی ئەنبار، هەڵدەکشێن بۆ شنگال و گەرمیان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
من زۆر بڕوام بەوە نییە کە ئەو پرۆژەیە لەماوەی سەدەیەکیشدا بکرێ جێبەجێ بکرێ، بەڵام دەزانم دەبێ فەڵەستینییەکان بوێر بن و پەندیشیان لە رابردوو وەرگرتبێ. هەر بەو نەخشەیەی مەحموود عەباس بڵاویکردەوە، پێش هەموو کەس دەرسی بۆخۆی تێدابوو کە ئەگەر واقیعبین نەبن، ئەوەی کە ماویشە لەدەستی دەدەن. بەڕاستیش زۆر کەس کۆچکردوو موعەممەر قەزافییان پێ کەسێکی شێت بوو، بەڵام کاتێک گوتی دەبێ فەڵەستینییەکان لەجیاتی دامەزراندنی دەوڵەت بیر لە یەکێتییەکی بەهێز و یەکدەوڵەتی سێکولار لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکەنەوە، قسەیەکی راستی کردبوو، رۆژ بە رۆژ روونتر دەبێتەوە کە دەبێ دوژمنایەتیی یەک سەدەی رابردووی نێوان موسڵمانان و جووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەو چارەسەرە کۆتایی بێت.
3/2/2020