عەلی کەریمی
دەسپێکی خەباتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە شێوەی مودێرن و تەحەزوب یافتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد « کۆمەڵەی ژێ کاف».
خەباتی بزووتنەوەی کورد لە ئێران بە شێوەی مودێرن و لە فۆرمی ئەحزابی سیاسی لەگەڵ یەک ڕژیم و نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەندی ئێرانەوە نەبووە، خەباتی بزووتنەوەی کورد بەردەوام لەگەڵ بیرۆکەی داگیرکاری و خۆ داسەپاندنی ئەو نیزامە سیاسییە حاکمە لە ئێران بووە کە بە هەق و ناهەقیش بێت خۆی بە نوێنەری گەلی باڵادەست لە جوگرافیایی سیاسی ئێران زانیوە.
بەردەوامی لە خەبات و قوربانی دان بۆ بەدەست هێنانی ویست و داخوازی نەتەوەی کورد لە لایەن خەڵک و ئەحزابی سیاسی لە ماوەی نزیک بە سەدەیەک دەر خەری ئەوەن بزووتنەوەی کورد بزووتنەوەییەکی داخوازیکارە و هیچ کاتێک بۆ وەدیهێنانی داخوازی و ئامانجەکانی ڕانەوەستاوە، لەم سەدیەدا جوگرافیای کوردستانی ئێران بۆ کورد شوێنی هەسانەوە نەبووە، بەڵکو بە بەکگراوندێک بۆ مێژوو، خاکی کوردستانی ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) مەیدانی خەباتی بزووتنەوەی کورد بەگشتی هەم جەماوەری خەڵک و هەم ئەحزابی سیاسیی بووە لە دژی نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەندی ئیران.
لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەوەی کاتێک حکومەتی ناوەند دەسەڵاتی بەرەو لاوازی ڕۆیشتووە لە بەرانبەری دا بزووتنەوەی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە لاوازی نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەند و گۆڕانی پارەسەنگی هێز بە قازانجی کورد لە مەیدانی خەبات (کوردستانی ڕۆژهەڵات) توانیوەیە سەرکەوتن بەدەست بێنێت. دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە کاتی لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی پاشایەتی بووە، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 دیسان بزووتنەوەی کورد لە لاوازی نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەند کەڵک وەردەگریت و ئەم جارە لە پانتاییەکی بڵاوتر لە سەردەمی کۆمار خەباتی کورد گەشەدەکات و بۆ ماوەیەکی زیاتریش لە سەردەمی کۆماری کوردستان دەسەڵاتی بە سەرجوگرافیایی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرێت.
مەبەستم لە ئاماژەدان بەم بەکگراوندە ئەوە بوو کە بڵێم خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە نوێنەرایەتی و ڕێبەری ئەحزابی سیاسی کوردستانی ئێران هیچ کات ڕانەوەستاوە و بەردەوامە لە خەبات بە دژی نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەندی ئێران بۆ وەدێهێنانی داخوازییەکان وستاندنی مافی زەوت کراوی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، بەڵام هەرکات کە نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەند تۆشی کۆسپ و کێشە بووە و بۆشاییەک بە هۆی گۆڕانی پارەسەنگی هێز لە مەیدانی خەبات بە قازانجی بزووتنەوەی کورد ڕوی داوە، ئەو دەرفەتە بووتە هۆی ڕەنگدانەوەی فراوانتر و بەهێزتربوونی خەباتی بزووتنەوەی کورد. ئەمەش بە مانای ئەوەنییە کە بزووتنەوەی کورد بە هەموو چین و توێژەکانییەوە چ ئەحزابی سیاسی چ خەڵک و جەماوەر و چالاکانی مەدەنی ڕابوەستن بە تەمای دەرفەتی وەها بن، بەڵکوو بەردەوامن لە خەبات و چالاکی خۆیان بۆ خولقاندنی ئەو دەرفەتە.
گۆڕینی نیزامی سیاسی حاکم لە ئیران لە ژیر سەیتەرە و نفوزی بیرۆکەی یەک دەوڵەت یەک نەتەوە بۆ نیزامی سیاسی نا موتەمەرکز و بەشداری کردنی گەڵانی نیشتەجێی جوگرافیای سیاسی ئێران لە نیزامی سیاسی حاکم لە داهاتووی ئێران.
نیزامی سیاسی نا موتەمەرکز بە هۆی ئەوە کە پێشگیری دەکات لە کۆکردنەوەی هێزی سیاسی و نیزامی لە ژێر کونترۆڵی دەسەڵاتی حکومەت لە ناوەند و پایتەختی وڵاتان گوزینەیەکی گونجاوە بۆ داڕەشتنەوەی یاسایی بنەڕەتی لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی.
خودی ئەم پێشگیری کردن لە کۆکردنەوە و موتەمەرکز بوونی هێزی سیاسی و نیزامی لە ژێر دەسەڵاتێکی ناوەندی دەبێتە هۆی گۆڕینی پارەسەنگی هیز لە نێو بەربەرەکانی و ڕەقابەتی سیاسی بزووتنەوە نەتەوەییەکان و دەسەڵاتی ناوەند و بزووتنەوەنەتەوەییەکان توانایی ڕەقابەتی سیاسی و بەرگیری نیزامی یان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند بە هێزتر لە ڕابردوو دەبێت.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سەدەی ڕابردووی خەباتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ دەسەڵاتی حوکمڕان لە ناوەند، ئەوەی کە پێش هەموو شتێک بە بەرچاو دێت نەبوونی پارەسەنگی هێز و نا بەرانبەرییەکی هێزی سیاسی و نیزامییە زۆرە لەنێوان بزووتنەوەی کورد و دەسەڵاتی حوکمڕان لە ناوەندی ئێران.
جوگرافیایی سیاسی وڵاتی ئێران کە بەشێک لە خاک و خەڵکی کوردستان لە ناو ئەم جۆگرافیایە دا بوونی هەیە و بە شێوەیەکی فەرمی لە هەموو دنیا بە وڵاتی ئێران ناسراوە، بێجگە لە کورد چەندین نەتەوەی دیکەی وەکوو کورد کە خاوەنی کلتوور و بنەماکانی نەتەوەیی خۆیانن لە خۆ گرتووە.
وڵاتی ئێران وڵاتێکە کە فرەنەتەوەیە، بە مانای ئەوە کە وڵاتی ئێران پێک هاتووە لە چەندین نەتەوە. لەسەردەمی پاشایەتی قاجاڕەکان بزووتنەوەی نەتەوە جۆڕ بە جۆرەکان لە ئێران بە شۆڕشی مەشرووتیەت (انقلاب مشروطە) و داگیر کردنی تاران هەوڵ یان دا کە هەرکامەیان ببن بە خاوەنی مافی خۆبەڕێوەبەرێک کە ئەو سەردەمە ناویان نیابووە دەسەڵاتی ئیاڵەتی و وڵایەتی.
زۆری نەخایاند کە ئەم سیستەمی بەڕێوەبەریە لە ئێران کە بە شێوەیەک دەتوانین بە فێدڕاڵیسمی ئەو سەردەمە پێناسەی بکەین بە دژکردەوە و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی کۆتایی پێهات. بەرژەوەندی وڵاتە زڵ هێزەکانی ئەو سەردەمە وەکوو پاشایەتی بریتانیایی کەبیر و ڕووسیەی تزاری ئەم سیستەمی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵاتی ئیرانی پێ قبەبووڵ نەدەکرا و بە تۆپ گرتنی مەجلسی شوورای میللی ئێران و کودتای نیزامی ڕەزاخان کە ئەوکات وەزیری شەڕ بوو لە ناویان برد و دیسان سیستەمێکی دەسەڵاتی ناوەندی پاشاییەتی یان بونیاد نیا کە ئەم جارە بە تێئۆری «یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە» هەوڵی لاواز کردن و لەناو بردنی بزووتنەوە نەتەوەییە غەیر فارسەکان یان لە نێو جوگرافیایی سیاسی وڵاتی ئێران دا.
هەر وەک ئامەژەم پێدا ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە کە لەبەر مەسڵەحت و بەرژەوەندی زڵ هێزەکانی دنیا لە سەدەکانی ڕابردوو پشتگیری بۆدروست کردنی سیستەمێکی ناوەندی حاکم بەسەر ئەم جوگرافیا سیاسیە لە دوکتورینی سیاسیەتی دەرەوەی وڵاتانی زڵ هێز جێگیر بووە.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەم بەرژەوەندییەی زڵ هێزەکان هەرتاهەتاییە، رەوتی زەمان و گۆڕانی بەرژەوەندییەکان دەتوانێت ڕۆڵی بەسەر ئاراستە و ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی زڵ هێز بگێڕێت، وەک لە ساڵانی ڕابردوو دیتمان چ حکومەتهاێی کە دۆست و هاوبەرژەوەندی زڵ هێزەکان بوون و بە پشتکردن یان تەنانەت بە دەستێوەردانی هەمان وڵاتانی زڵ هێز لە ناوچوون.
ئەگەر سەرنج بدەینە سەر مێژووی خەباتی بزووتنەوەی کورد لە دوایی شۆڕشی گەلانی ئێران، خەباتی بزووتنەوەی کورد دژ بە دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی، بەهێز ترین نەیاری دەسەڵاتی ناوەندگەرا لە ئیران بووە، لە تورکەمەن سەحرا شۆڕشی نەتەوەیی کرا بەڵام هێندەی کوردستان بەهێز نەبوو و کۆماری ئیسلامی خێرا سەرکوتی کرد، لە بەلووچستان بە ئێستایشیەوە بزووتنەوەی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی بوونی هەیە، بەڵام خاڵی لاوازی بزووتنەوەی بەلووچستان زاڵ بوونی چەمکی ئایینیە بە سەر چەمکی نەتەوەییەوە کە وەک سونی مەزهەب خۆیان بە نەیار و زۆڵم لێ کراوی دەسەڵاتی شێعەی کۆماری ئەسلامی پێناسەدەکەن تا وەکوو نەتەوەیەکی ماف لێ زەوت کراو.
لە دوای خۆسەپاندن و دەسبەسەردا گرتنی شۆڕشی گەلانی ئیران لە لایەن مەلا و ئاخوندەکان و بنیادنانی کۆماری ئیسلامی، لە هێرشی نیزامی و هەمەلایەنە بۆ سەر کوردستان، نەتەوە غەیرە فارسەکانیش بەشداری ئەم هێرش و دژبەرەیەی کۆماری ئیسلامی بوونە بۆ سەر بزووتنەوەی کورد و خاک و خەڵکی کوردستان، بەڵام کەمترین ڕێژەی بەشداری ئەم هێرشە لە نێو دوو نەتەوەی بەلووچ و تورکمان و تەنانەت عەرەب بووە.
وەک دەزانین کۆماری ئیسلامی بە هۆی سیاسەتی سەقەتی ناوخۆیی و دەرەکیی تۆشی قەیرانهاێی بووە کە ئەستەمە بە بەردەوام بوونی بەم شێوازە سیاسەت کردنە بتوانێت لە قەیرانەکانی بە بێ دانی باجی گەورە ڕزگاری پەیدا بکات. لە لایەک ناڕەزایەتی خەڵک لە ناوخۆوە ئاستی ئەوندە بەرزە کە هەر ڕۆژە نییە لە ناوچە و شارێک خەڵک بە بیانووی جۆر بە جۆر نەڕژینە سەر شەقام و دژ بە دەسەڵات ناڕەزایەتی دەرنەبڕن. لە دنیای دەرەوەش کۆماری ئیسلامی ئەوەندە دژبەری لە خۆی ساغ کردووتەوە کە دۆستەکانی بەقەد هەژمارەی قامکەکانی دەست نابن، دژبەرەکانیشی ئەوەندە زۆرن، کەمتر وڵاتێک هەیە هەست بە مەترسی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەربەرژەوەندی و تەنانەت سەروەری خاک و ئاسایشی خۆی نکات.
بۆیە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بەم شێوە ڕەفتاری سیاسی و ماهییەتی دەسەڵات دارییەی لە نێو خۆی ئێران و دنیای دەرە وە لە خۆش بینانە ترین حاڵت دا پێم وانیە کەسێک لەسەری شەرت و مەرج ببستێت و هەر ئان تێک چوون و ڕۆخانی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێکی عەجایب و چاوەڕوان نەکراو نیە! دیارە کێشەی سەرەکی ئێمە وەک بزووتنەوەی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە و یەکەم هەنگاوی ئێمەش بۆ گەیشتن بە ئامانج مان ڕووخان یان گۆڕینی ئەم سیستەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامییە، جا بەهەر شێوەیەک کە بێت.
بەڵام کێشەی ئێمە وەکوو کورد لە دوایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ فیکرییەتی ناوەندگەرایی و حاکمییەتی ناوەندە بە سەر هەموو نەتەوەکانی نێشتەجێی وڵاتی ئێران بەرەدوام دەبیت، دەبێ لە ئێستاوە چارە سەرێک بۆ داهاتوو بدۆزینەوە کە دیسان وەکوو دوو ئەزموونی کۆماری کوردستان و شۆڕشی گەلانی ئیران، نیزامی سیاسی حاکم لە ناوەند نەتوانێت بە ئاسانی کۆسپ و بەربەست بێت لە بەردەم گەێشتن بە ئامانج و بە دەست هێنانی مافە زەوت کراوەکان مان.
هەر وەک وتم تێئۆری یەک دەوڵەت یەک نەتەوە لە ئێران کە ڕەزاخانی پەهڵەوی دامەزڕێنەری بوو و زڵ هێزەکانیش بە پێی بەرژەوەندی خۆیان پاڵپشتی ئەو تێئۆرییە بوون، عاملی سەرەکی سەرکوت و کپ کردنی دەنگ و جۆڵەی مافخوازی بزووتنەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ئێران بووە، بەڵام ئاراستەکان ئەوە دەر دەخەن کە لەم سەردەمە دا ئەو تێئۆرییە لە لایەن زڵ هێزەکان وەکوو جاران بایخی پێ نادرێت و پاڵپشتی سفت و سەختی ڵێ ناکرێت. هەڵبەت» ئەمە بە مانای ڕازی بوونی زڵ هێزە کان بە دابەش کردنی ئێران و تێکدانی سنووری جوگرافیایی سیاسی ئێران نیە» .!
بزووتنەوەی کورد و خەڵکی کورد لە داهاتووی دوای نەمانی دەسەڵاتی سیاسی حاکمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، هەمان کێشەی مافخوازی و سیاسی نەتەوەیی خۆی لەگەڵ هێزی ناوەند و نەتەوەی باڵادەست لە ئێران هەیە، نیزامی سیاسی نا موتەمەرکزهەر وەک ئاماژەم پێدا بە مانای کەم کردنی کۆکراوەی هێزی سیاسی و نیزامییە لە ناوەند و لە ڕوویەکی دیکەوە بە مانای بەشداری کردنی نەتەوەکانی دیکەیە لە سیستەمی نیزامی سیاسی حاکم لە ئیران. نەتەوەی فارس بە پێ هەژمارە ڕەنگە نەتەوەی یەکەم بن، بەڵام هەژماریان ناگات بە نیوەی دانیشتووانی ئێران و بۆ نووسین و داڕشتنی یاسای بنەڕەتی و سیستمی نیزامی سیاسی حکومەتی داهاتووی ئێران ناتوانن دەنگی زۆرینە و یاسایی بە دەست بێنن.
هاوبەش بوونی نەتەوەکانی غەیرە فارس لە سیستەمی حکومەتی داهاتووی ئێران دەتوانێت دەرفەتێکیان بۆ دروست بکات کە لە ڕێگای یاسا دانان ببنە هێزی باڵا دەست یان لانی کەم ئەو هێزە لە نەتەوەی باڵادەست بستێنن کە لە ماووەی سەدەکانی ڕابردوو بە پێ بەرژەوەندی خۆیان یاسا و قانوونی داناوە وهەرچەشنە خواست و جۆڵەی بزووتنەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکانی بە نا یاسایی و تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتی ئێران ناساندووە و لە باری یاساییشەوە هیچ وڵات و ناوەندێکی نێو نەتەوەیی نەیتوانییوە دژی بوەستێتەوە و یان تەنانەت ئیدانەی بکات.
بنیاد نانی نیزامی سیاسی نا موتەمەرکز لە ئیران هەوێنی پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەکانی ئێران و گەیشتن بە دێموکراسییە کە دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بکاتە سەمبول و ئۆلگوویەک بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئێرانێک کە سەرچاوەی تێکدان و ئاڵۆزی وڵاتانی ناوچەکە بووە، ئێرانێک کە سەرچاوەی داهات و ڕاهێنان و پەروەردەی گرووپ و تاقمی تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە دەبێتە پێشەنگی ئاسایش و سەقام گیری و پێکەوە ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! ئاراستەکان لە ساڵانی ڕابردوو دەریان خستووە وڵاتانی زل هێز و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش بە جۆرێک وەزاڵ هاتووییان بە دەست سیاسەتی کۆماری ئیسلامی یان پێوە دیارە، محەممەد بن سەڵمان جێنشینی پاشای سعودی وتەیەکی سەرنج ڕاکێشی هەیە کە دەڵێت: ئیدی نامانەوێت بە شێوازی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەمان کە بەرانبەر بە سیاسەتەکانی بێت، ڕێبەرییەتی دنیای ئیسلام بۆ کۆماری ئیسلامی بە جێی دێڵین و بەرژەوەندی گەلی سعودی مەبنای داڕشتنی بەرنامەی ئابووری و سیاسی مانە. ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی عێراق بە جۆرێکی ئاشکار دەرخەری ئەوەن کە هیزی کۆکراو لە پایتەختی وڵاتان ناتوانێت زامنی مانەوەی حکومەتەکان بن،خەڵک تینوی گەیشتن بە دێمۆکراسییە و بەرژەوەندی زل هیزەکانیش وەکوو سەردەمانی پێشوو تواناییی بەرەنگاری هێزی جەماوەری نییە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانت تەنانەت ئەگەر زل هێزیش بیت ناکرێرت بەبێ بەرچاوگرتنی ویست و داخوازی جەماوەردەستێوەردان لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتان بکەیت.
ئەحزابی سیاسی کوردستانی ئێران لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو بە بەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە ئیران و ناوچەکە و دنیا بە تێڕوانینێکی دروست هەم لە شێوازی خەبات کردن وە هەم لە هەڵبژاردنی دروشم و بەرنامەی کاری سیاسی خۆیان بۆ داهاتووی ئێران لە دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، سیستەمی سیاسی ناموتەمەرکز یان بۆ بەڕێوە بردنی وڵاتی ئیران پەسەند کردووە. بنیاد نان و دەسپێشخەری لە دروست کردنی چەندین ئێئتلاف و کونگرە و هاوپەیمانی لە نێوان ئەحزابی کورد و سەرجەم ئۆپۆزیسیونی ئیرانی کە تا ڕادەیەرک هاو ویست و هاو ئاراستەیی یان لەگەڵ بەرنامەی سیاسی ئەحزابی کورد بووە بەشێک لە خەباتی ئەحزابی کورد لە ساڵانی ڕابردوو بووە.
26/1/2020