هێمن عەبدوڵڵا
بەو نیشانانەی لە نێوخۆ و ناوچەکە و جیهانیش دەیبینین، ساڵی داهاتوو ساڵێکی ئاڵۆز و زەحمەت دەبێت بۆ کورد. با لە عێراقەوە دەستپێبکەین کە بە ئاڵۆزی و شڵەژاویی بەردەوامەوە دەچێتە ساڵی داهاتووەوە. هەرچەندە وا راهاتووین کە هەمیشە لە تەنگانەدا سیستانی بە فتوایەک یان قسەیەکی یەکلاکەرەوە رێگە دەگرێ لەوەی دۆخەکە بتەقێتەوە، بەڵام وەک دەردەکەوێ، لە قەیرانی ئەمجارەدا کە بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەللەڕەقیی دەسەڵاتدارە ئیسلامییە شیعییەکانەوە دروستبووە، ئیشەکە دەکرێ بگاتە ئەوەی سیستانیش پێی یەکلایی نەکرێتەوە.
هەر ئەوەی کە لە دوایین هەینیی ساڵی 2019 دا سیستانی بڕیاری دا هیچ پەیامێکی سیاسی نەبێ، بۆخۆی پەیامێکی سیاسییە و واتاکەی روون بوو: خۆپیشاندەران بەردەوام بن تا ئەوکاتەی نومایندەکانی ئاغای خامنەیی لە بەغدا تێدەگەن کە دەبێ گوێ لە داوای شەقام بگرن. راستییەکەی هەڵوێستی بوێرانەی بەرهەم ساڵح بۆ من سەپرایز بوو. چونکە دەزانم ئەگەر مام جەلالیش مابووایە ئەوەی نەدەکرد کە ئەو کردی و نموونەش زۆرن کە ئەوە دەسەلمێنن. هۆیەکەی هەرچییەک بووبێ و بۆ چی و بۆ کێ کردوویەتی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە بۆ جارێکیش بێ وایکرد مرۆڤ هەست بکات سەرۆککۆمارێکی کورد لە بەغدا دەتوانێ بڵێ نەخێر.
تورکیاش ساڵی داهاتووی ساڵێکی ئارام نابێ. ئەوەی ئەمڕۆژانە لە ئیدلب دەگوزەرێ، درێژکراوەی ئەو گورزەیە کە رووسیا لە پاش هێرشی ماوەی رابردوودا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە تورکیای دا. شاندی تورکی لە مۆسکۆ هەمان ئەو داوایانەیان لێکراوە کە پێشتریش لێیاندەکرا و بریتی بوو لە پشتبەردانی گرووپە توندئاژۆ و تیرۆریستەکانی وەک هەیئەی تەحریری شام. ئەو تورکیایەی دەبووایە پێگەی بەهێز و ستراتیژیی لە هەرا و پشێویی نێو سووریادا دەستکەوێ، پێدەچێ دیسان دەستکەوتەکەی پەنابەری زۆرتر و لەدەستدانی هەژموونی زۆرتر لە ناوچەی ئیدلب بێت. لە ساڵی داهاتوودا تورکیا هەر لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نا، بەڵکو زۆرتر لەگەڵ رووسیاش ساڵێکی ئاسان لەسەر قەیرانەکانی سووریا و لیبیا دەرباز ناکات. لە هەردوو کەیسدا رووسیا کەوتووەتە بەرامبەر تورکیا.
ساڵی داهاتوو ساڵی پاشەکشەی هەژموونی سەربازیی ئێران دەبێ لە ناوچەکەدا، بەڵام مەرج نییە هەژموونی سیاسی و دیپلۆماسیشی زۆر لاوازببێت. گەمارۆ ئابوورییەکان بە بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا توندتر دەبن و ئێستاش گوشاری کەمەرشکێنیان لە تاران داوە، کە پاشەکشەی سەربازی بەهۆی زەحمەتکردنی باربووکردنییەوەیە لەڕووی داراییەوە. هەروەها بە هەموو بارێکدا پێشبینیی ئەوە دەکرێ کە ئەگەر ترەمپ مایەوە، لەگەڵ ئیسرائیل ناچاربن بۆ رێگەگرتن یان بەبیانووی رێگەگرتن لە بەردەوامبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەندێک گورزی سەربازی لە ئێران بدەن. مەسەلەی خۆپیشاندانەکانیش هەرچەندە ماوە ماوە دەستپێدەکەن و دواتر سەرکوت دەکرێن، بەڵام بە سەختتربوونی دۆخی ژیانی خەڵک و ئابووریی ئێران، چانسی تەشەنەسەندنیان لە ساڵی داهاتوودا زیاترە و لەئێستاشەوە هەندێک دەنگ دەبیسترێن.
بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان ساڵێکی قورس لەڕووی سەربازییەوە نابێ (وەک شەڕی داعش و بەدوایدا هێرشەکەی تورکیا)، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ساڵێکی سەخت دەبێت. جا چ بە دانوستاندن بێت لەگەڵ دیمەشق یان بە کارکردن لەسەر بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی. ئەو هەنگاوانەی بۆ یەکخستنی نێوماڵی رۆژئاوا هەڵێندراون، ئەگەر تەکتیکی نەبن و بە هۆشیارییەوە بڕیاریان لێدرابێ و بەردەوام بن، باش و راستن. ململانێی ئەمریکا و رووسیا لەسەر نەوت و فراوانکردنی قەڵەمڕەو لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان مەترسیدارە، بەڵام دەرفەتیشی تێدایە. بەهەمانشێوە لە ساڵی داهاتوودا (زۆرتر لە باکووری کوردستان)، دەرفەت لەپێش رۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ گۆڕانکاری.
گەورەترین مەترسی لەسەر یەکپارچە و بەهێزمانەوەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەردەوامبوونی پشێوییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق نابێ، بەڵکو ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکێتی دەبێ. نازانرێ پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی چۆن دەبن و سەرکردە نوێیەکانی یەکێتی چەندە گەورە بیردەکەنەوە و شەریک دەبن بۆ سەرخستنی کوردستان. پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش و ئومێدخواستنەکانی بۆ کۆنگرەی یەکێتی هەر ئەوەی لێ خوێندرایەوە.
2/1/2020