ئازاد وەڵەدبەگی
لە چەندین ساڵی رابردووەوە و تا ئێستاش، ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەنجەنیق لەناو ئاگری خۆپیشاندان و تەنانەت جەنگی ناوخۆییدا دەسووتێن. خەڵكێکی زۆری ناڕازی لەو وڵاتانە لەسەر شەقامەکانن و، بێزاریی خۆیان لە سیستەمە گەندەڵەکان دەردەبڕن. هەندێ جاریش بینەری ئەوەین کە ئەم خۆپیشاندانانە ئاوێتەی توندوتیژی دەبن و رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لە گەڕەکی وەسبەی بەغدا روویدا.
ئەگەر سەرنج بدەین، زۆر لە سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەش عێراق، هەموو کات هەوڵیانداوە خۆیان وەک سیستەمێکی دیموکراسی بناسێنن، بەڵام لە راستیدا ئەم سیستەمانە جۆرێکن لە کلیپتۆکراسی (Kleptocracy) و خۆیان بە دیموکراسی رتووش کردووە. لەم وڵاتانە هەرچەندە بە رواڵەت هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دەسەڵاتدارانەی کە دێنە سەر کورسی دەسەڵات، پێگەی خۆیان بۆ گەندەڵی و راوەڕووت بەکاردەهێنن و ئەوەی کە لە دیموکراسی دەمێنێتەوە تەنیا ناوێکی بێ ناوەڕۆکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمە سیاسییەکان لە وڵاتانی جیهانی سێیەم ناسەقامگیریی ئەم وڵاتانەیە، هەربۆیە ئەو کەسانەی کە لە قۆناغێکدا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن، ئەمە وەک هەلێک دەزانن بۆ پڕکردنی گیرفانیان و دەست دەکەن بە گەندەڵی و تاڵان و بڕۆ. لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، گەندەڵی لە ئاستە باڵاکان و لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی بە شتێکی سروشتی و ئاسایی لە قەڵەم دەدرێت و، ئەو کەس و ڕەوتانەی کە لەم سیستەمە ناسەقامگیرەدا دێنە سەر کورسی دەسەڵات، دەیانەوێ بە خێرایی و بەپەلە هەلەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و سیاسیی خۆیان بقۆزنەوە.
لە زانستە سیاسییەکاندا، کلیپتۆکراسی (دزسالاری) بە جۆرە حکومەتێک دەگوترێ کە خەڵک دەبنە قوربانیی چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران بۆ کۆکردنەوەی ماڵ و سامانی تایبەتی، ئەمەش لە ڕێگەی دزینی سامانی گشتیی وڵاتەوە دێتەدی. لەڕاستیدا، ئەو دەسەڵاتدارانە وڵات وەک ئەکاونتێکی بانکیی خۆیان سەیر دەکەن و ئەو پارەیەی کە دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ، هەمووی لە خەزێنە و بودجەی گشتیی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە بنەڕەتدا دەبوو ئەم سامانە بۆ پێشخستنی گشتیی کۆمەڵگە خەرج بکرێت و، گۆڕینی ئاراستەی ئەو پارانە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاست و چۆنێتیی ژیانی خەڵک و هەژاربوونی زیاتری کۆمەڵگە.
کلیپتۆکراسی، جۆرێکە لە حکومەت کە لەسەر بنەمای بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و دزینی سەرچاوە نیشتمانییەکان بنیاتنراوە. ئەم جۆرە حکومەتە پتر لە وڵاتە گەشەنەکردووەکاندا کە خەڵکەکەی ئاستی هۆشیارییان لاوازە و پێگەیشتوویی سیاسی و رۆشنبیرییان کەمە و خاوەن ئابوورییەکی حکومیین، گەشە دەکات.
لەم سیستەمەدا، گەندەڵی لە ئاستەکانی سەرەوە بەرەو خوارەوە شۆڕ دەبێتەوە و پەرەدەستێنێ و گەشە دەکات و لە ئەنجامدا گەندەڵی بەدامەزراویی دەبێت و، هەر کەسێک دەستی بگاتە هەر سەرچاوەیەکی ئابووری و دارایی، بەپێی دەستڕۆیی و توانا و پێگەی خۆی دەست دەکات بە گەندەڵی و تاڵان و بڕۆ کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی داڕووخانی کۆمەڵگە و بنەما ئاکارییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە. لەم کۆمەڵگەیانەدا گەندەڵی، دزی، بەرتیلخواردن و ڕانتخۆری و هتد، پەرە دەستێنێ و چینێکی ناڕازی دروست دەبێت کە هەمان خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگەن.
چینی ئاسایی کۆمەڵگە کە بێدەربەستی و بەدامەزراوبوونی گەندەڵی لەناو چینی باڵادەستی کلیپتۆکراتدا دەبینێ، دەگاتە ئەو باوەڕەی کە مافەکانی پیشێل دەکرێت و ستەمی لێدەکرێت. هەربۆیە، خەڵک لەو دۆخەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە تووڕە دەبن و لە هەر کات و شوێنێکدا کە بۆیان بلوێت، هەوڵدەدەن تۆڵە بکەنەوە و کەمتەرخەمی بنوێنن و ئەمە بە جۆرێک لە خەباتی نیگەتیڤ دەزانن و دەڵێن ئەمە مافی ئێمەیە، ئەوان دەیخۆن ئێمە بۆ نەیخۆین و ئەمە دەکەنە پرەنسیپی کارکردنی خۆیان.
هەروا حکومەتی کلیپتۆکراسی، کاریگەریی زۆر نەرێنی لە بواری ئابووری سیاسی و مافە مەدەنییەکاندا هەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە چاویان لێبکات و بەرەبەرە ئەم کولتوورە لەناو تانوپۆی کۆمەڵگەدا ڕەگ دادەکوتێ و دەبێتە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و بەدامەزراوبوونی گەندەڵی لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتە کلیپتۆکراتەکان، گواستنەوەی پارەی وڵاتەکەیە بۆ بانکەکانی دەرەوە کە لە عێراق وەک دەگوترێت لە ساڵی 2003 وە تا ئێستا 400 ملیار دۆلار لە سامانی گشتی براوەتە دەرەوە. هەروا سەرچاوەکانی دیکەی وڵاتیش دەکەونە بەر ئەم لێشاوی بەتاڵانبردنە، هەربۆیە لەم جۆرە وڵاتانە، کەلێنێکی زۆر گەورە لەنێوان خەڵکی ئاسایی و چینی سیاسی دەسەڵاتداردا هەیە.
پەرەسەندنی گەندەڵی و لانیکەمی گەشەکردن بە دوو تایبەتمەندی دیاری سیستەمە کلیپتۆکراسییەکان دادەنرێن. هەستکردن بە هەرجۆرە نایەکسانی و بێبەشبوونی نالۆژیکی بە تایبەت ئەگەر تێکەڵ بە ڕەنگ و بۆنی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی، تایفی و ئایدیۆلۆژی بکرێت، ئەوا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندی ئەو چین و توێژانەی هەست بە نایەکسانی و بێبەشی دەکەن. ئیمانۆیل والرشتاین دەڵێت: "ئەو سیستەمەی کە دەسەڵات بە شێوەیەکی نادیموکراتی و نایەکسان دابەش بکات، ئەوا بەو واتایەیە کە ئەم سیستەمانە هەموو شتەکانی دیکەش بە شێوەی نایەکسان دابەش دەکەن و سیستەمێکی لەو جۆرە ناتوانێ دیموکراتی بێت". نەبوونی سیستەمێکی دیموکراسی یاخود دیموکراسییەکی ساختە بە ناوئاخنی کلیپتۆکراسی، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانەوەی گەندەڵی لە هەموو بوارەکاندا. هەربۆیە لەم کۆمەڵگەیانەدا گەندەڵی و دەسەڵاتی کلیپتۆکراسی دەبێتە سەرچاوە و هۆکاری بزاڤ و گٶڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئەنجامدا بە شێوازی خۆپیشاندانی جەماوەری و گڕگرتنی شەقامەکانی وڵات دەردەکەوێت. ئەمەش ئەو دۆخەیە کە ئێستا لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدیدەکرێت.
28/12/2019