عادل قادری
مەبەستمان لە لێكدانی "كورد لە رۆژهەڵات چییە؟ یان دەلالەتی چییە؟" دیارە كاتێك باسی شوناس و ناسنامە بێت، پێگە و رۆڵی هۆشیاری لانیكەم لە ئاستێكی كەمیشدا بێت، زەق دەبێتەوە. شوناسی كورد لە رۆژهەڵات لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەكان بەملاوە، تا ئێستە بە زەقی لەلایەن دوو كەڵەهێز و دیسكۆرسی ئاین و سیاسەت پەستانی خراوەتە سەر و لە هەندێ قۆناغ و هەندێ لایەنەوە بەرەو توانەوە رۆیشتووە و لە هەندێ رەهەند و لایەنیشەوە بە گیانی راسان و خۆڕاگرییەوە هەستاوەتەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی هاوچەرخمان و زۆر دوور نەڕۆین، دەبێ بڵێم دامەزرانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد تەنیا دەركەوتەیەكی سیاسی نەبوو، بەڵكو دەرهاوێشتە و ئەنجامی هۆشیارییەك بوو كە لە ئاستێكی شوناسمەنددا هاتبووە ئاراوە. وەك دەشزانین پێش كۆمار كۆمەڵەی "ژێ كاف" و دەستە و گرووپی تریش هەبوون كە بەشێوەی نهێنی چالاك بوون، ئەمەش نیشانەی چەشنێك لە هۆشیاری لە ئاستی شوناسدا بوو، چونكە فەزای بوون و هەبوونی ئێمە وەك نەتەوە لەژێر تەم و هەور و دووكەڵی سیاسەتدا بووە، ئەو هۆشیارییەشمان بەر لەهەر شتێك لە پەنا و پەسێو و پەراوێز و ژێرزەوین و كووچە و كۆڵانە تەنگەبەرەكاندا رابووەتەوە.
بەهۆی ئەو فەزا سیاسییەوە، ئێمە ناچار دەبووین هۆشیاریمان تا ئاستێك بشارینەوە، كێ بێت نەزانێ كەسانێكی وەك هێمن كە هەر لەو سەروبەندەدا شیعریان بڵاو دەكردەوە هەر بەناوی موستەعار و خوازەییەوە بڵاویان دەكردەوە، هێمن ئەم كارەی هەم لەبەر داگیركەر دەكرد و هەمیش لەبەر باوكی. هێمن خۆی دەیگێڕێتەوە كە جارێكیان باوكم شیعری كەسێكی بیستبوو و هاتەوە و گوتی نازانم ئەو شاعیرە گەورەیە كێیە؟ هێمن دەڵێ، تا دواجار نەمگوت كە من شاعیری ئەو شیعرانەم.
چ سەیرە مێژووی ئێمە، ئەكتەرە مێژووییەكانمان بە یەك ئەندازە خۆیان لە داگیركەر و باوك دەشاردەوە، شوناس چی لێ دێت لەم زیندەخەونەدا؟
بەهەرحاڵ، لە هەر بەستێن و لەژێر هەر لۆسە و میكانیزمێكدا بێت، دەركەوتەی هۆشیارانەی شوناس لە رۆژهەڵات لە موكریان و ناوچەگەلی باكوری رۆژهەڵات زەقتر بوو، ناوچەكانی خوارووتر بە چەندان هۆی گەورە و بچووكی مێژوویی و ئاینی، رێی تریان پێوا و بەر خەساری تر كەوتن كە جیا و جیاواز بوو لەو خەسارانەی لە جەستە و رۆحی شوناس لە ناوچەكانی سەرەوە كەوت.
كرماشان و ئیلام بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافی و پێگەی ئابووری لە رووی دەوڵەمەندی نەوت و گاز و كانزا ژێرزەوینییەكان و بەم پێیەیش گرینگیی ستراتیجیی و هەروەها شیعەمەزەوییەوە، بەرلەوەی پێوەست بێت بە جەستە و رۆحی شوناسی كۆیی كوردەوە، راكێشراو بوون بەرەو سیستمێكی ئاینی-سیاسی شوناس كە حكوومەتێك بەناوی كۆماری ئیسلامی پێڕەوی كردووە، ئەمە لەلایەك. لەلایەكی تریشەوە چەندان هۆكار وەك جیاوازیی زاراوە و شێوەزارەكانی خوارووی رۆژهەڵات لە سەروو، جیاوازیی ئاینی و كولتووریی و.. دابڕانێكی لە نێوان ناوچەكانی كرماشان و ئیلام لەگەڵ ناوچەكانی ئەردەڵان و موكریان دروست كرد.
ئەگەرچی ئەردەڵان و موكریان ئێستەیش خۆیان وەك دوو فۆرمی كولتووریی جیا لە پێكهاتی كولتوورێكی هاوبەش و گەورەتر (كولتووری گشتی كوردیی) ئەو دابڕانەیان لەگەڵ یەكتری هەیە و دەكرێ زۆر باسی بكەین، بەڵام گرنگی و قورسایی باسەكە دەبێت لەسەر كرماشان و ئیلام بێت.
دوو پارێزگا و رووبەری پڕحەشامات لە كورد، بە ئاینی جۆراوجۆر و شێوەزاری دەوڵەمەند و رەنگاڵەیی لەژێر سیستمێكی سیاسی-ئاینیدا كەوتنە ژێر مەترسی توانەوە و لەناوچوون، هەڵبەت لە رووە سیاسیی و سیستمییەكەیدا دروستبوونی ئەم مەترسییە بەشێكی پلانی حكوومەت و فۆرمێك لە ئەندازیاریی كولتوورییە، بەشەكەی تری ئەو فیگۆر و ژێستە قەبە و باپیرڕووخسارە بوو كە موكریان و ئەردەڵانییەكان لە ئاست هەموو ئەو فەزا فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەی دەیانگرتەبەر و ئەوەندە هۆكاری دابڕان بوون، ئەوەندە هۆكارێك نەبوون بۆ راكێشانی رۆحی شوناسی كوردی ئیلام و كرماشان.
ئەو دژنواندنی و باڵاگرتنەی "خود"ی كوردیی لە موكریان و تا ئاستێكیش سنە، پاڵنەرێكی نەرێنی بوو بۆ ئەوەی ئەو هەستەی من پێی دەڵێم "غوربەت" لەناو نیشتمان و لە خۆنامۆبوونی رۆحیی شوناس، بێتە ئاراوە. ئەم هەستەیش وایكرد خەڵكی ئەو ناوچانە بە دوای شوێنێكی "ئاشنا" و دوور لە غوربەتدا بگەڕێن و كێ باشتر لە سیستمێكی ئاینی-سیاسیی كە ئەو چاوساغیی و شوێندۆزییەیان بۆ دەكات؟ ئەوەیە كە بەشێك لەو تەنگژە و غوربەت و نامۆییەی شوناسی كوردی لە ئیلام و كرماشان لە رۆحی لە خۆنامۆبووگ و ناتەواوی گشتیی كورد سەرچاوە دەگرێت، ئەگەرچی سیستمیش لێرەدا رۆڵ دەگێڕێت، بەڵام ئەو هەر ئیشی ئەوەیە، گرنگ ئەوەیە ئێمە دەبێ چۆن لە ئاستی پلان و ستراتیجەكانی سیستم دەجووڵێینەوە؟
واتە پرسیارە بنەماییەكە ئەوەیە، بۆچی كوردانی سەروو لە ئاستە كولتووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەكەیشدا پشتی كوردانی خواروویان چۆڵ كرد و زەوینیان بۆ سیستمی حكوومەتی كۆماری خاڵیی كرد؟ ئایا ئەگەر رۆحییەتێكی شوناسمەندی گشتی لەناو كوردی رۆژهەڵات ئامادە بووایە، ئەمە رووی دەدا؟ ئەمە خەسارناسییە و دەبێت لە ئاوێنەی "خود"ی گشتی كورددا روو بدات، چونكە لەم هەموو ساڵانەدا لە زۆر ئاوێنەدا رووخسار و دەمامكە جیاجیاكانی حكوومەتی دەسەڵاتداری ئێرانیمان بینیوە، ئەوەی كە ماوە و دەبێ تێی بگەین ئەوەیە كە چۆن لە ئاستی كارت و دامەكانی كایە سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتییەكانی سیستمدا كارت و دامە و سەربازی خۆمان بەكار بێنین؟
ئەمە كاری ئەو رۆحە گشتی و یەكانگیرەی كوردە كە بوونی وەك خەونێكە و نەبوونیشی گەورەترین مۆتەكە. بۆیە ئەو هۆشیارییەی دەبێ لەبارەی شوناسەوە هەبێت، لە ئاستێكدا نییە بە ئاسانی شوناسی كورد وەك واقیعێكی بێ تەنگژە قبووڵ بكەین و باسی لێوە بكەین. هێشتا روانینی خێڵەكی و گوندیی و دەرەبەگایەتی (تا ئاستێكی بەرچاو) دەسەڵاتیان هەیە و لە شكڵی شار و شارچێتیدا خۆیان بەرهەم دێننەوە.
ئەگەر ورد ببینەوە لە نۆرمی رەفتار و ئەو قسە و مەتەڵ و قسەڵۆكانەی شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵات بۆ یەكتر بەكاری دێنن، بە سادەیی تێدەگەین لەگەڵ شوناسێكی لەت لەت و هەلاهەلاكراودا بەرەوڕووین، یان باشترە بڵێین لەگەڵ كۆمایەك وردە شوناس رووبەڕووین كە ئاستێك لە هۆشیاریی و تێگەیشتنێكی دەستەجەمعی پێویستە تا ناوی شوناسی لێ بنێین. ئەم هۆشیارییەیش بە پلەی یەكەم لە رووە كولتوورییەكە و لایەنی هۆشیارییە مێژووییەكە دێتە كایەوە كە ئەمانە وابەستەی كۆمەڵێك میكانیزمی رێكخراوەیی و سیستمی و سیاسی و ئابوورین.
بەگشتی ئەو دابڕانە گەورەیە لە نێوان شارەكانی موكریان و شارەكانی ئەردەڵاننشین و بێگومان لە نێوان كرماشان و ئیلامیش هەیە، تا بچووكتر و بچووكتریش دەبێتەوە، كێشە و دابڕانەكە دەگات بە ئاستی دوو شاری وەك ئیلام و ئەیوان كە هەردووكیان سەربە یەك پارێزگایشن و زۆر نزیكن لە یەكەوە، بەڵام شوناسیان ئەوەندەی لە دژبەرایەتی یەكتر بەرجەستە دەبێتەوە، نیو ئەوەندە لە خواستی پێكەوەژیان و هەڵسوكەوت و دانوستاندا دەرناكەوێت.
ئەگەرچی ناكرێ بەشێوەیەكی گشتی باسی ئەوە نەكەم كە دۆخی زمانی كوردی و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەكان لەم دوو شارە و لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەكی پێشبینینەكراویان بەخۆوە بینیوە، بە دەیان كتێبی ئەدەبی و مێژوویی هەم بە زمانی كوردی و هەم بە فارسی چاپ بوونە و لە ئیلام بە چەندان هۆكار ئەم هەوڵانە باشتر و سەركەوتووتر ئەنجامی خواردووە. تەنانەت لە رووی كەناڵە پارێزگاییەكانیشەوە، كەناڵی ئیلام لە كەناڵی زاگرۆسی كرماشان رەنگ و بۆیەكی رەسەنتر و كوردانەتری هەیە و شوناس تێیدا زەقترە.
شتێكی تر كە دەبێ باسی بكەم ئەمەیە كە مەرج نییە وا بیر بكەینەوە ئەو كەناڵانە بە تەواوەتی لە ژێر ركێفی سیستمی دەنگ و رەنگی كۆماری ئیسلامین (هەرچەند ئەمەش نكوڵی ناكرێت)، بەڵكو كۆمەڵێك كەسی مەدەنی و ویژدانی كوردانە بە میكانیزمی جۆراوجۆرەوە جێی خۆیان كردووەتەوە لەوێ و بەڕاستی رۆڵێكی باشیان هەبووە لە بووژاندنەوەی داونەریت و بەتایبەتی زمانی كوردی. كەناڵی كرماشان زۆر كەمتر لە چاو كەناڵی ئیلام ئەم خاڵانەی پێكاوە.
پێم وایە كەناڵی ئیلام لە كەناڵی سنەیش زیاتر رەنگ و بۆی كوردانەی تێدا زەق كراوەتەوە، هەموو ئەم باسانە تەنیا نەخشاندنی وێنەیەكە لە دەركەوتەكان و چالاكییەكانی خەڵكی كورد لەو شوێنانە، نەك ددانپێنان بە شوناسێكی بێ تەنگژە و كێشمەكێش.
1/12/2019