مەریوان وریا قانع
بەبۆچونی من ئەوەی ئێستا لەم ناوچەیەدا دەگوزەرێت ”شەپۆلی دووھەم"ی ناڕەزاییدەربڕینێکە کە ”بەھاری عەرەبیی" شەپۆلی یەکەمی بوو. لە زۆر ڕووەوە ئەوەی ڕووئەدات بەردەوامی ھەمان ئەو شەپۆلەیە دوای دە ساڵێک دواتر. دروشمی سەرەکیی بەھاری عەرەبیی ”نان و ئازادیی و کەرامەت" بوو.
جەوھەری ناڕەزاییەکانی ئەمڕۆکەش بەھەمان شێوە لەدەوری ھەمان دروشم دەسوڕێنەوە و لە ھەومەرجێی تازەدا نیشانیئەداتەوە.
ساڵانێکی درێژە ئەوانەی دەچنە سەر شەقامەکان و بەڕووی ئەو دەسەڵاتدارایانەدا دەچنەوە کە لەناوچەکەدا سەروەرن ئەو سێ داواکارییە سەرەکییان ھەیە کە لەو دروشمەدا بەرجەستەیە. لە ڕاستیدا ئەم سێ داواکارییە ماوەیەکی درێژە لەگەڵ مێژووی میلەتانی ئەم ناوچەیەدا دەژیی و بۆ ماوەیەکی درێژیش دەمێنێتەوە.
لە ڕوانینی مندا ھیچ بزوتنەوەیەکی ناڕەزاییدەربڕین و ھیچ خواستێکی گۆڕانکاریی لەم ناوچەیەدا ناتوانێت باز بەسەر داواکارییەکانی ناو ئەو دروشمەدا بدات.
”نان" خواستیی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی و دابینکردنی لانیکەمی دادپەروەریی و یەکسانیی کۆمەڵایەتیی، بەر جەستە دەکات.
لە ئاستە قووڵەکەیدا مانای کۆتاییھێنانە بەو سیستمە ئابورییە گەندەڵ و وێرانەی ئەمڕۆکە لەناوچەکەدا بۆ خزمەتەی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار سەروەرکراوە و کۆتاییھێنانیشە بەو دابەشکردنە نایەکسان و ترسناکەی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی کە زۆرینەیەکی گەورەی ھەژار و بێئاسۆ و بێئومێد کردوە.
”ئازادیی" خواستی مرۆڤی ئەم ناوچەیە بۆ ئازادیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی، بۆ ئازادیی دین و ویژدان، ئازادیی جوڵە و گەڕان و شوێنگۆڕین، ئاراستەیدەکات.
ھەرچی ”کەرامەت" ە پێداگرتنە لەسەر ئەوە ڕەھەندە ھێجگار گرنگەی ژیانیی مرۆڤ، کە کەمتر پەیوەندیی بە دابینکردنی نان و ئازادییەوە ھەیە و زیاتر پەیوەندیی بەوەوە ھەیە ژینگەیەک دروستبکرێت مرۆڤ تیایدا ئیھانە و زەلیل و گرگن نەکرێت، دان بە مرۆڤبوونی مرۆڤدا بنرێت وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت.
دەوڵەت و حوکمڕانان و دەزگاکان بۆیان نەبێت و نەتوانن سوکایەتیی بە مرۆڤ بکەن. ئەمەش کاتێک مەیسەر دەبێت کە دەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی، نەتوانن مرۆڤ ئیھانە بکەن و وەک بوونەوەرێکی سوک و کەمنرخ و بێڕێز، مامەڵەی بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات گەڕانەوەیەکی تازەی ئەو سێ خواستە سەرەکییەی سەرەوەیە کە لەیەککاتدا پێویستیی بە دەسکاریکردنی ئابوریی و شێوازی کارکردن و، پێویستیی بە گۆڕینی عەقڵیەتی حوکمڕانن و ئەخلاقیاتی کۆمەڵایەتیی و بە دەسکارییکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە بەجۆرێک نەتوانن و بۆیان نەبێت سوکایەتیی بە مرۆڤ بکەن.
ئەوەی ڕووئەدات بەرجەستەبوونێکی تازەی خواستیی وەدیھێنانی ئەم سێ فۆرمەیە لە گۆڕانکاریی. ئەمەش گەرچی لە ئێستادا وەک مەحاڵێک دەردەکەوێت، بەڵام ھاوکات ئەو ئاسۆ سەرەکییەکەیە کە کردەی دەسکاریکردنی جیھان ڕووی لێیەتیی و بەرەوڕووی دەڕوات.
25/11/2019