شه‌هریار شێخله‌ر
پارچه‌كانی پازڵی ڕووداوه‌كانی دوو مانگی ڕابردووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست زۆر به‌خێرایی خه‌ریكن یه‌كده‌گرن و وێنه گه‌وره‌كه ڕوونتردهكهنهوه. ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌تای پازڵهكه له بڕیاری دۆناڵد تڕا‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژئاوا ده‌ستی پێكرد. بڕیاڕێك كوردی به‌په‌رۆش كرد بۆ ده‌سكه‌وته گه‌نجه‌كه‌ی كورد له ڕۆژئاوا و پاڵپشتیه‌كی زۆری له جیهان بۆ كورد كۆكرده‌وه، به‌تایبه‌ت له ناو وڵاتانی ئه‌ورووپی و ته‌نانه‌ت له‌ناو كۆماریهكانیش وه‌كوو گه‌وره سێناتۆر لیندزی گڕاهام. پێده‌چێت كاتێك جیهان به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕۆژئاوا سه‌رقاڵ بوون، لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌لات و ئۆپۆزیسیۆن له عێڕاق و لوبنان كۆتا هه‌نگاوه‌كانیان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی خۆیان و هاوپه‌یمانه‌كانیان ههڵدههێناوه و ئه‌و هاوكات بوونه‌ی ڕووداوه‌كانی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌رینی جه‌ماوه‌ری له لوبنان و عێڕاق، پازڵی داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئاڵۆزتر كردوه به‌تایبه‌ت كه ڕه‌خنه‌كانی كۆماریه‌كان بۆ سه‌ر پلانه‌كانی تڕا‌مپ پاش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی تڕا‌مپ هێوربوویهوه. ئێستا ڕووسه‌كان، ئه‌مریكیه‌كان و ته‌نانه‌ت ئیسڕائیلیه‌كانیش له‌پاش سه‌ردانی پۆمپێئۆ بۆ ئه‌و وڵاته، ئارام و تاڕاده‌یه‌ك به دڵنیاییه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له پلانه‌كه ئاگاداربن. ئه‌وه‌ش ئه‌ورووپیه‌كان و به‌تایبه‌ت فهڕانسیهكانی زیاتر شڵه‌ژاندوه و هه‌ست به ته‌نیا مانه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی كورد پاش بڕیاری كشانه‌وه‌ی تڕا‌مپ هه‌یبوو. بۆیه تاكوو دێت ڕه‌خنه‌ی ئه‌ورووپیه‌كان به‌تایبه‌ت فه‌ڕانسا توندتر ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی فه‌ڕانسا له دیبه‌یتێك له‌گه‌ڵ ئێكۆنۆمیست، ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر ناشه‌فافیه‌ت له سیاسه‌تی ترامپ ده‌ربڕی.
ئێستا بارودۆخی عێڕاق و لوبنان زیاتر شێواوه، ئاڕاسته‌ی دروشمه‌كانی خۆپیشانده‌ران له كه‌می خزمه‌تگوزاری و كێشه‌ی ئابووری بۆته گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حكوومه‌ت و ته‌نانه‌ت باس له گۆڕینی ده‌ستووریش ده‌كردرێت. به‌بروای زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاران، خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته دوو پارچه‌ی یه‌ك پلانن و به یه‌كه‌وه سه‌ر ده‌كه‌ون یان شكست دێنن، هه‌رچه‌ند جیاوازیه‌كی به‌رچاو له وڵامی حكوومه‌ته‌كانی عێڕاق و لوبنان بۆ ئه‌و ڕووداوه ده‌بیندرێت.
به‌ڵام هۆكاری ئه‌و جیاوازیه له به‌ینی هه‌ڵوێست و تێڕوانینی ئهمریكیا له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپی و فهڕانسیهكان چیه؟ ئایا شتێكی نهێنی لهئاڕادایه كه ئهورووپیهكانی ترساندوه و ئه‌مریكیه‌كان پێی بێخهمن؟ هه‌ڵبه‌ت پێده‌چێت دیسانیش خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بێ ئاگابن.
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌نی سامانێكی سروشتی بێ هاوتایه و نزیك بوونیشی له ئه‌ورووپا گرینگیه‌كی تایبه‌تی پێبه‌خشیوه، ده‌كرێت بڵێین له هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهان جیاوازه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ٢٠ و به‌هۆی جێئۆپۆلیتیكی ناوچه و پێویستی ئه‌ورووپا به یه‌ده‌كی نه‌وت و مه‌وادی كانزایی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌و ناوچه‌یه پێگه‌یه‌كی گرینگی له سیاسه‌تی ولاتانی زل هێزی ئه‌و كات په‌یداكرد. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وان به‌په‌له و هه‌رله‌سه‌ره‌تای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه، كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر چۆنێتی دابه‌شكردنی ئه‌و ناوچه‌یه له پاش كۆتایی جه‌نگ، ده‌ست پێكرد.
پاش چه‌ند ڕێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه وه‌كوو سایكس پیكۆ، ڕێكه‌وتنی مادرۆس (ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ عوسمانی)، كۆنفڕانسی پاریس و كۆنفڕانسی سان ڕێمو، سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانان له فێوریه‌ی ١٩٢٠ و نزیك به سه‌د ساڵ له‌مه‌و به‌ر له له‌نده‌ن بۆ دابه‌ش كردنی توركیای پاش عوسمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگ‌یان ئه‌نجام دا، به‌ڵام به‌بێ به‌شداری ڕووسیا و ئه‌مریكا، ته‌نانه‌ت له ئاستی نوێنه‌ر. له‌و كۆنفڕانسا تاڕاده‌یه‌كی زۆر داهاتووی ناوچه‌كه دیاریكرا. ئه‌رمه‌نیستان، عێڕاق، سووریا و لوبنان و فه‌له‌ستین جیابوونه‌وه و هه‌رچه‌ند پێشبینی نیمچه سهربهخۆییهكیش بۆ كورد كرا به‌ڵام له ده‌ره‌نجامی دابه‌شكردنه‌كانی ئه‌وكات، كورد، ڕووسیا و ئه‌مریكا گه‌وڕه‌ترین دۆڕاوه‌كانی ئه‌و دابه‌شكردنه بوون، هه‌رچه‌ند به پێگه‌ی جیاواز له‌سه‌ر ئاستی جیهان و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.
ئێستا و پاش سه‌د ساڵ، ڕووسیا هێزی سه‌ره‌كیه له سووریا، ته‌نانه‌ت به هێزتر له حكوومه‌تی ئه‌سه‌د و به‌رده‌وامیش له جیاتی حكوومه‌تی سووریا داواده‌كات كۆی هێزه بیانیه‌كان ئه‌و وڵاته به‌جێ بهێڵن، به بێ جیاوازی.… له‌پاش كۆبههنهوهی پۆتین - ئه‌ردۆغان له مۆسكۆ، ڕێگای به توركیاش نه‌داوه زیاتر بچێته ناو ڕۆژئاوا و ته‌نانه‌ت گه‌شته‌كانی توركیا له ناوچه‌كانی سنووری ڕۆژئاواش به‌بێ هاوبه‌شی هێزه‌كانی ڕووسیا ئه‌نجام نادرێت.
له لوبنانی دراوسێی سووریا، خۆپیشاندان به‌رده‌وامه، حكوومه‌ت ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، بانكه‌كان ناتوانن پاره‌ی خه‌ڵك بده‌نه‌وه و وڵات به ئاڕاسته‌ی دووپاتبوونه‌وه‌ی پشێونیهكانی ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٧٩ ده‌ڕوات كه بووه هۆی هێرش و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریا له لوبنان به بیانووی هێنانی ئاشتی و سه‌قامگیری. ئه‌وه‌ش واتا له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر بوونی ئه‌و بارودۆخه له لوبنان به‌رده‌وام بێت، دیسان ئه‌مریكا و سووریا ( یان ئه‌مجاره ڕووسیا) بۆ ڕێگاچاره‌یه‌كی هاوشێوه ڕێكبكه‌ون و له ده‌ره‌نجام دا لوبنانیش بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیا. توركیاش كه له مێژه له لایان وڵاتانی ڕۆژئاوا په‌ڕاوێزخراوه، بۆ ناو یه‌كێتی ئه‌ورووپا ڕێگایان نه‌داوه و ته‌سلیمی ڕووسیا كراوه و زیاتر له‌وه‌ی هه‌نگاو و پلانه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی له ناو ناتۆ هه‌ماهه‌نگ بكات، چاوی له ده‌می پۆتین و ڕووسیایه. واتا له ده‌ریای ڕه‌ش تا ده‌ریای ناوه‌راست كه زۆربه‌ی پشكی فه‌ڕانسا بووه، ڕاده‌ستی ڕووسیا ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ش هۆكاره‌كانی ناقایل بوون و گازنده‌ی ماكڕۆنی زیاتر ڕوون ده‌كه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و ئاڵ و گۆڕه ته‌نیا پشكی فه‌ڕانسا ناگرێته‌وه، بریتانیاش له‌و ئاسته به‌هێزه‌ی ساڵانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی سه‌ده‌ی پێشوو دوور بۆته‌وه. ساڵانێكه فه‌له‌ستین و ئیسڕائیل و دۆسیهكهیانی ڕاده‌ستی ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا كردوه. چاره‌نووسی میسریش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به هه‌مان شێوه‌یه. واتا له پشكی بریتانیا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ته‌نیا عێڕاق ده‌مێنێته‌وه كه ئه‌ویش پاش كشانه‌وه‌ی بریتانیا له‌و ناوچه‌یه له ١٩٦٨ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا ده‌ستاوده‌ست ده‌كرا و ئێستاش ئه‌مریكا به پشكی خۆی ده‌زانێت به‌تایبه‌ت له پاش ٢٠٠٣ه‌وه و حه‌ول ده‌دات به یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌و ڕاپه‌رینانه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردوو، له‌ژێر كاریگه‌ری ئێرانیشی بێنێته ده‌ره‌وه و خۆی ببێته حاكمی بێ ڕكابه‌ر له عێڕاق. واتا مڵكی برتانیاش له ناوچه به ئه‌مریكا بڕاوه، هه‌رچه‌ند وه‌ك ئه‌وه‌ی بریتانیا، ئه‌مریكای له نه‌وتی عێڕاق بێ به‌ش نه‌كرد، ئه‌مریكاش ڕێز له پشكی بریتانیا له داهاتووی نه‌وتی عێڕاق ده‌گرێت.
به‌ڵام هۆكاری ئه‌و دابه‌شكردنه و گرینگی ئه‌و ناوچه‌یه، دیسان بۆ سامانی سروشتی گرینگ و پلانی وڵاتانی زل هێزه بۆ وه‌ده‌رنانی هێزه مام ناوه‌نده‌كان له‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو، زیاتر له ٢ تڕیڵیۆن میتری سێ جا یه‌ده‌كی گازی سروشتی له ده‌ریای ناوه‌راست دۆزراوه‌ته‌وه كه ده‌توانێت بۆ داهاتووی وزه‌ی ئه‌ورووپا ستڕاتێجیك بێت، بۆیه‌ش هه‌م وڵاتانی ئه‌ورووپی و هه‌م توركیا حه‌ولیان بۆ ده‌رهێنانی ده‌ست پێكردوه و بۆته هۆی كێشه‌ش له‌ناویان. به‌راورد ده‌كرێت ئه‌گه‌ر پاش ٢٠٢٣ چالاكیهكان بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌ده‌كی نه‌وت و گاز له توركیا ده‌ست پێبكاته‌وه، ئه‌و وڵاته‌ش خاوه‌نی بڕێكی به‌رچاو یه‌ده‌كی نه‌وت و گاز بێت. سووریاش كه پێش شه‌ڕی ناوخۆ له ٢٠١٠ خاوه‌نی زیاتر له ٢.٥ میڵیارد به‌رمیل نه‌وتی خاو و زیاتر له ٢٤٠ میڵیارد میتری سێ جا یه‌ده‌كی گازی سروشتی بووه، پێده‌چێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی نوێ، قه‌باره‌ی یه‌ده‌كی نه‌وت و گازی ئه‌ووڵاته تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رز بێته‌وه. واتا ڕووسیا ده‌توانێت هه‌م سوود له‌و یه‌ده‌كه به‌رچاوه وه‌ربگرێت و هه‌م له ڕێڕه‌وی ده‌ریایی سووریه، ئه‌وه‌ش واتا وه‌دیهاتنی خه‌ونی كۆنی ڕووسه‌كان بۆ گه‌یشتن به ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
له به‌رامبه‌ر، ئه‌مریكاش ده‌توانێت چێژ له پشكێی زیاتری نه‌وت و گازی عێڕاق وه‌ربگرێت. كۆبوونه‌وه‌ی نێوان گه‌وره كۆمپانیای نه‌وتی ئه‌مریكی - ئێكسۆن مۆبیل له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێڕاق له مانگی ڕابردوو بۆ پڕۆژه‌ی یه‌كپارچه‌ی نه‌وتی له باشورری عێڕاق كه به‌هاكه‌ی به ٥٣ میڵیارد دۆڵار ده‌خه‌مڵێندرێت، ده‌توانێت ده‌سپێكی حهولهكانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و سێناریۆیه به‌سه‌ركه‌وتوویی ڕووبدات، گرینگه كه كورد ئاگاداری هه‌نگاوه‌كان بێت و بتوانێت له كاتی گونجاو، به‌ڕێگا و ستڕاتێجی گونجاو داهاتووی خۆی به شێوازێكی جیا له سه‌د ساڵی پێشوو بنووسێته‌وه. چون له ئێستادا، كورد له باشوور و ڕۆژئاوا خاوه‌نی هێزێكی گه‌وره‌ی سیاسی - ئابووریه و زۆر ژیرانه‌تر و ئاگادارتر له پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان ده‌كات. توانێوێتی شكست به داعش بهێنێت و ئێستا پێگه و ده‌نگی بۆ جیهانیه‌كان ئاشنایه. نه‌وتی كوردستان بۆته دیفاكتۆ له بازاڕی جیهان و ئێستا خۆی ده‌توانێت بڕیار بدات چۆن و به هاوكاری كامه كۆمپانیای جیهانی به‌ڕێوه‌ی به‌ڕێت. ئه‌وانه هه‌موو ده‌سكه‌وت و خاڵی هێزن بۆ ئێستای كورد له جیهان به‌ڵام دیسان سه‌ركه‌وتنی كورد له‌و قۆناغه تا ڕدهیهكی زۆر په‌یوه‌سته به وڵامی چه‌ند پرسیارێكی جه‌وهه‌ری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و دوواییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌كوو:
- سنووره‌كانی پشكی ڕووسیا یان ئه‌مریكا له ناوچه چۆن ده‌كێشرێت؟
- ئایا ته‌نیا وڵاته‌كان ده‌ستاوده‌ست ده‌كرێت یان گۆڕانكاری له سنووره‌كانیش ڕووده‌دات؟
- ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، واتا مانه‌وه‌ی له‌وێ و له ده‌رنجام گۆڕینی سنووره‌كان یان ته‌نیا وه‌ك كارتێكه بۆ مامه‌ڵه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ ڕووسیا؟
- نه‌وت و گازی ده‌ریای ناوه‌ڕاست چۆن له به‌ینی وڵاتانی براوه‌ی ئه‌و ڕووداوانه دابه‌ش ده‌كرێت؟
- داهاتووی حكوومه‌تی توركیا و به‌تایبه‌ت له ئه‌گه‌ری چوونی بۆ ناو گرووپی ڕووسیاوه چۆن ده‌بێت؟
- داهاتووی كه‌نداو، وڵاته‌كانی كه‌نداو و نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه چی به‌سه‌ر دێت؟
- ئایا ئه‌ورووپیه‌كان كه ئێسته له زل هێزێكی جیهانی بۆ وڵاتانێكی بڵاو و لاواز گۆڕدراون و به ده‌ست بێرگزیت و په‌نابه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه داماون، ده‌توانن یاریه‌كه تێك بده‌ن و پشكی خۆیان وه‌رگرنه‌وه؟ چون له ده‌ست چوونی سووریا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، واتا له‌ده‌ست چوونی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاتانه له داهاتوویه‌كی نزیك.
- ئایا وڵاتانی ناوچه‌یی وه‌كوو ئێران، توركیا و سعودیه چ ههڵوێسێكیان به‌رامبه‌ر ئه‌و پلانه و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌بێت؟
به‌ڵام بۆ كورد گرینگه به هۆشیاریه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه بكات و بۆ ئه‌گه‌ری هه‌موو سێناریۆ و پێشهاته‌كان، پلانی گونجاوی پێشه‌كی هه‌بێت چون له‌وانه‌یه هه‌لی داهاتوو بۆ گۆڕانكاری نوێ بكه‌وێته سه‌د ساڵی دیكه.
18/11/2019