ئارام مەحمود ئەحمەد
سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چی بارێکدان؟ ئایا پێگە و کاریگەرییان هەیە؟ لەم ڕاپۆرتەدا باس لە مێژووی بوونی ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە کورد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان شەڕی داعشی دەکرد، ماوە ماوە باسی چوونی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناو داعش یان کوژرانیان لەناو داعش دەکرا، زیاتر لەوەش لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا لە کاتی شەهیدکردنی پێشمەرگە کوردەکاندا دەبینران.
لە مێژووی سیاسیی ئەو پارچەیەی کوردستاندا بوونی دوو بیری چەپ و ناسیۆنالیزم بەردەوام ڕێگر بوون لە بەردەم گەشەی ئیسلامی، هەرچەندە ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینی پێیان ناوەتە ناو بواری سیاسەتەوە، بەڵام بە هۆی باڵادەستیی فەزای ناسیۆنالیستییەوە، زیاتر برەویان بە ناسیۆنالیزمی کوردی داوە.
مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی وتاربێژی مهاباد تا پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە زانایانی سوننە بوو، دوای شۆڕشی ئێران لەگەڵ حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵە کە چەپ بوو پەیوەندیی نزیکی هەبوو. حوسەینی کە خاوەنی بیرێکی پێشکەوتوو و خوازیاری جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بوو، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی دانوستانکار لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. حوسەینی پێی وا بوو ژمارەیەک لە حوکمەکانی قورئان بۆ کات و شوێن دەگەڕێنەوە و ناتوانرێت یاساکانی 1400 ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ئەمڕۆ پیادە بکرێن.
گرووپێکی مەزهەبی بە ناوی (مەکتەب قورئان) لە لایەن ئەحمەد موفتیزادە دامەزرێنرا، کە یەکەم بزاڤی مەزهەبی لە کوردستان بوو و سەرەتا لە سنە و مەریوان لە حوجرەكانەوە دەرکەوت و دواتر لە ناوچە سوننە نشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد.
مەکتەب قورئان بۆ ماوەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، بەڵام ئەم دۆستایەتییە زۆری نەخایاند. ئەحمەد موفتیزادە ڕابەری ئەو بزاڤە بۆ ماوەی 10 ساڵ خرایە بەندیخانەوە و سێ مانگ دوای ئازادکردنی گیانی لە دەست دا. لایەنگرانی موفتیزادە و مەکتەب قورئان هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی نیمچە ئاشکرا چالاکن.
دوای ڕووخانی حکومەتی شا لە ئێران، بزاڤی تری مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتن، لەوانە (سوپای ڕزگاری) بە ڕابەرایەتی (شێخ عوسمان نەقشبەندی) ڕابەری تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەی هەورامانی مەریوان و پاوە درووست بوو. وەک باس دەکرێت 2000 چەکداری هەبووە. سوپای ڕزگاری لە کاتێکدا کە تەنیا ماوەیەکی کورت بوو چالاکیی چەکداریی دەست پێ کردبوو، لە لایەن کۆمەڵەوە هێرشی کرایە سەر و لە ماوەی ڕۆژێکدا لە چەک داماڵران.
(سازمان)ی خەبات، کە هێشتا بوونی هەیە، لە لایەن (سەید جەلالەدین حوسەینی) برای (شێخ عزەدین حوسەینی) دامەزرا و شەڕی چەکداریی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند. دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ (سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران). لە ئێستادا (بابە شێخ حوسەینی) ڕابەرایەتی دەکات. لە ئێستادا بنکەی سەرەکییان لە هەرێمی کوردستانە.
گرووپە سەلەفی و جیهادییەکان لە کوردستان
کوردستان زیاتر لانکەی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئایدیای چەپ بووە و مەزهەب ڕۆڵی زۆر نەبووە. لە هەلومەرجی قورسیی چالاکیی ڕێکخراوە کوردییەکان و چەپەکان بە هۆی سەرکوتکردنیانەوە لە لایەن دەوڵەتەوە، لە بەرامبەریشدا سەپاندنی مەزهەب، دۆخێک درووست بووە کە بوار ڕەخساوە بۆ ئیسلامی سیاسیی سوننە، چونکە دەوڵەتی شیعەی ئێران زیاتر لە ئیسلامی سوننە فشار دەخاتە سەر ڕێکخراوە ناسیۆنالیستی و چەپەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەناو حزب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستی و چەپەکاندا دەوترێت کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی سەلەفییەکانی کردووە و لە ڕێگەی ئەوانەوە سیخوڕی دەکات و هەر کاتێکیش بیەوێت بیانترسێنێت ژمارەیەکیان دەستگیر دەکات و سزایان دەدات.
لەناو گرووپە سوننە توندڕەوەکاندا (ئەنسارولئیسلام) ناوبانگی زیاترە. ئەم گرووپە ساڵی 2001 لە باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) درووست بوو، ماوەیەک گوندەکانی سەر سنووری ئێرانی کۆنتڕۆڵ کردبوو. ئەم گرووپە لەگەڵ ڕاگەیاندنی خۆیدا دەستی کرد بە دژایەتیکردن و ڕاگەیاندنی جیهاد دژی حزبە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
دەوترێت پێکهێنەرانی سەرەکیی ئەنسارولئیسلام لەو کەسانە بوون کە لە ئۆردوگاکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەشقیان بینیبوو، دواتر دوای ڕووخانی تاڵیبان لە ئەفغانستان گەڕاونەوە بۆ کوردستان.
تەنیا 12 ڕۆژ دوای هێرشی قاعیدە لە 11ی سێپتەمبەردا گرووپی جوندولئیسلام بە ڕابەرایەتیی ئەبوعەبدولا شافعی كە دواتر ناوی حزبەكە گۆڕا بۆ ئەنسارولئیسلام و (نەجمەدین فەرەج ئەحمەد) ناسراو بە مەلا کرێکار بووە ئەمیری گرووپەكە، هێرشیان کردە سەر یەکێک لە بارەگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوندی (خێڵی حەمە) لە شارەزوور و 42 پێشمەرگەی ئەو حزبەیان بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرد و دواتر جەستەکانیان شێواندن. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە ئەو گرووپە لەو هێرشەدا تۆماریان کردووە، ئەندامانی ئەو گرووپە ئەو پێشمەرگانەی بە دیلیان گرتبوون دواتر بە چەقۆ سەریان بڕیون و شەهیدیان کردوون.
دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر چەکدارەکانی ئەنسار، دوای ئەوەی زیانی زۆر بەر ئەنسار کەوت، پاشەکشێی کرد بۆ ناو ئێران.
سەلەفیگەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕیشی زۆر و سمێڵی کورت و شەڕواڵی کورت، هێمای ڕووکاری سەلەفییەکانە و لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەبینرێن. ئەوان سەرەتا بۆ ڕاکێشانی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجەکانیان دەبرد بۆ گەشت بۆ چیاکان بۆ چەند ڕۆژێک و دوای ئەوە لە مزگەوتی گوندە دوورەکان بانگهێشتیان دەکردن و دەیانکردن بە هەواداری خۆیان.
سەلەفییەکان لە سەرەتای چوونیان بۆ ئێران لەگەڵ ئەوەی شیعەکان بە مورتەد و ڕافزی ناو دەبەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕەخنەیەکیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگرتووە.
هەرچەندە سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵات ژمارەیان کەمە، بەڵام دابەش بوون بۆ چەند گرووپێک وەک (سەڵاحەدین ئەیوبی، جەیشی سەحابە، تەوحید و جیهاد) و هەر یەکەیان بە شێوازێک چالاکییان نواندووە و ژمارەیەکیان دەستیان کرد بە چالاکیی چەکداری و تیرۆرکردنی ژمارەیەک کەسایەتیی کورد.
سەرچاوە:
www.radiozamaneh.com/295271
نووسین: عەلی ئەسغەر فەریدی
شێخ عیزەدین حوسەینی
شێخ عیزەدین حوسەینی ساڵى ١٩٢١ له ڕۆژههڵاتى كوردستان له دایك بووه زانایەکی ئایینی و کەسایەتییەکی سیاسیی ناودارى ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووه.
ساڵی ١٩٤٣ پهیوهندیی به کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان كردووه و یهكێكه لهوانهى لە دامهزراندنى کۆماری کوردستان لە مەھاباد بەشدار بووه.
ماوەیەک وتارخوێنى نوێژی ھەینیی شاری مەھاباد بووە ئهم زانایه لە چالاکییە ڕزگاریخوازانەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ئینقیلابى كۆمارى ئیسلامى و ڕووخانى حکومەتی شا بەشدار بووە و پهیوهندییهكى باشى لهگهڵ پارته كوردستانییهكان به چهپ و ناسیۆنالیزمهوه ههبووه.
١٠ی شوباتی ٢٠١١ لە شاری ئۆپسالای سوید، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی ١٧/٢/٢٠١١ تەرمەکەی لە گردی سەیوانى شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
ئەحمەدی موفتیزادە
ئەحمەدی موفتی زادە بانگخواز و سهركردهى سیاسیی ئیسلامی، لە ساڵی (١٩٣٣) لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له دایك بووه.
لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا له زانکۆی تاران دەستی کرد بە وانەگوتنەوە لەو زانکۆیە و هەر ئەوکاتانە بوو کە ناوبانگی پەیدا کرد و ناوی کەوتە ناو ناوان.
پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران مەدرەسەی قورئانی دامەزراند کە لە شاری سنە و مەریوان بە شێوەی قوتابخانەی قورئان دەستی بە کار کرد و خەڵکێکی زۆری ڕاکێشا؛ دوایی ناوی خۆی گۆڕی بۆ مەکتەبی قورئان و ئێستاکە وەکوو بزاڤێکی دینی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا درێژە بە چالاکی دەدات و بزاڤی دینیی خۆی لە سەر بنەماکانی قورئان و سوننەت داڕشت.
موفتی زادە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران وەک ڕێبەرێکی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕش لە پارێزگای سنە.
موفتیزادە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێوین لە شاری تاران. ئەحمەدی موفتیزادە دوای دە ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، بە چەندین جۆری نەخۆشی و شێرپەنجە لە زیندان هاتە دەرەوە و دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە ساڵى (١٩٩٣) كۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی له تەپەی شێ حەمە باقری شاری سنە بە خاک سپێردرا.
٢٨/٩/٢٠١٩