هێما نیازی حهمهعهزیز
سیمایەكی هەرە دیاری سیاسەت لە وڵاتانی گەورە و پەرەسەندوودا، ئەوەیە بە خێرایی مۆدێلەكانی سیاسەتكردن پیادە دەكەن، ئەو مۆدێلانەی هەڵگری دەیان تێگە و نموونەی فەلسەفین، بەڵام كورد زۆر درەنگ دەگاتە شوێنی مەبەست و كۆدەكانی سیاسەتكردنی دەروازەی بەرژەوەندی بە ڕوودا ناكەنەوە. شتێك كە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و لە دەورانی سەرمایەداری و فرەبوونی دەوڵەتی نەتەوەییدا یەكلا بووەوە، ئەوەیە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دادەڕێژرێت، جا ئەم داڕشتنە چ بنەما و ڕێسا و نۆرمێكی كۆمەڵایەتی و ڕەوشتی فەرامۆش دەكات، ئەوەیان بەلای سیاسەتەوە نابێتە كێشە، بەڵكو ئەوەی گرنگە، سیاسەتوان بە هەر ڕێیەك بێت، سوود بۆ نەتەوە و وڵاتەكەی وەچنگ دەخات.
سەدەی 19 و 20 زۆر ڕاشكاوانەتر لە پێشوو، لەڕێی تیۆر و تێزە سیاسی و فەلسەفییەكانەوە، پاراستن و گرنگیی "بەرژەوەندی"یان لە سەرووی هەموو بەهایەكی ترەوە ڕوون كردەوە. بەوەش سیاسەت بووبە خاوەن ڕەوشتێكی تایبەت، ئەویش بە مانا كۆمەڵایەتی و مرۆییەكەی بریتییە لە بێڕەوشتی.
واتا جۆرێك لە ڕەوشت كە هیچ لایەنێكی بە ڕەوشتی ئاینی یان مرۆیی یان ویژدانییەوە نایبەستێتەوە /مەگەر ئەوكاتەی ئەم جۆرە ڕەوشتانە پشتیوانی بەرژەوەندی بكەن/، هەر ئەوەیش وایكرد سیاسەت خۆی ببێتە كایە و ڕەوشتێكی سەربەخۆ و سەرنجی تەواو بخرێتە سەر ئەوەی كارەكتەری سیاسی و كردەی سیاسی چی بەدەست دێنن و چۆن لە واقیعێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییی نێودەوڵەتیدا، بەرژەوەندی خۆیان هەڵدێنجن (نەك هەوڵ بۆ گۆڕینی بدەن).
بزووتنەوەی واقیعگەری (ریالیزم)، بە ئاشكرا داوای ئەوەی كرد سیاسەتوان ناشێت بۆ دنیایەكی جوانتر و بێ خەوشتر تەقەلا بدات، بەقەد ئەوەی لە هەموو ئەو كێشە و تەنگژانەی هەن، سوودی خۆی لێ بەدەست بهێنێت. بۆیە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆیی و ململانێی جیهانیدا، سیاسەتكار دەبێت ئازا بێت و بەشی بەرژەوەندییەكانی بپچڕێت، نەك خەمی لایەن و بەها و گرووپێكی تر بخوات.
لەم سەروەختەدایە ئەوەی بەلای سیاسەتەوە جێی بایەخ دەبێت، بریتین لە (بەرژەوەندی، مانەوەی دەوڵەت، بەدەستهێنانی هێزی زیاتر)، ئەمەش لەسەر فەرامۆشكردنی بنەما ڕەوشتی و مرۆیی و ویژدانییەكانە، وەك چۆن ماكیاڤیللی پێی وابوو: "سیاسەتكار ئێجگار گەمژەیە ئەگەر بە بیانووی كۆمەڵێ بەها و ڕەوشت، دەست لە بەرژەوەندی خۆی هەڵبگرێت، ئاخر سیاسەت خۆی جۆرێكە لە ڕەوشت". ئەم بۆچوونە تا دەگاتە دەستی بیریارانی ڕیالیزم، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی، پشتیوانیی زیاتر و فراوانتر كرا.
یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی ئەو فەلسەفە سیاسییە "پراگماتیزم"ـە. ئەم فەلسەفەیە لە بنەڕەتدا بە واتای ڕێبازی كردەیی یان ڕێبازی سوودخوازی دێت. داڕێژەری فەلسەفەی پراگماتیزم "ویلیام جەیمس" پێی وابووە سەركەوتنی كردەیەك، تاكە پێوەری راستییە. بەو واتایەی هەموو كردارێك گرنگ نییە سەرەتا و ناوەڕاستەكەی چۆنە، ئەوەی گرنگە كۆتاكەی بەرهەمدار بێت و سوودی لێ بكەوێتەوە، ئەمەیش تێگەیشتنێكە لە پانتایی فەلسەفەی واقیعی و ماتریالییەوە خۆی دەبینێتەوە و بەهیچ شێوەیەك بە خەیاڵ و ڕەوشتە مرۆییەكانەوە پێوەست نییە.
پراگماتیزم داوا دەكات مرۆڤی سیاسەتكار لە سیاسەتدا سوودخواز و بەشگەرا بێت، سوودخواز بەو واتایەی هیچ شتێك لەبارەی سوود و بەرژەوەندییەوە ڕەت نەكاتەوە، بەشگەراش واتای ئەوەی سیاسەت بەپێی شوێن و كات و ئەو بەش و لایەنانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بتوانێ هەڵوێستی جیاجیا بنوێنێت و خۆی لە زیان ڕزگار بكات.
بە مانایەكی تر، خۆبەستنەوەی رەِها بە بیروباوەڕێكەوە لە هەموو كات و شوێنێكدا لەوانەیە زیان بە بەرژەوەندییەكان بگەیەنێت، بۆیە دەبێت لەپێناوی بەرژەوەندیدا سیاسەت لە جووڵە و چوونەپێش و كشانەوەدا بێت. /ئەم بەشگەراییە لە سیاسەتی ئەمەریكیدا تەواو هەستی پێ دەكرێت، بۆ نموونە ئەمەریكا دەستێوەردان لە وڵاتێكدا بەبیانووی چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتی دەكات، بەڵام لە بەرانبەر وڵاتێكی نادیموكراتی تردا، بەهۆی بەرژەوەندییەوە ئەو باسە فەرامۆش دەكات/.
كورد وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی، پەراوێزخراو و دابەشكراو كە بۆ ئامانجە نیشتمانییەكەی خاوەنی سیاسەتێكی یەكخراو و ڕێكخراو نەبووە. بەدرێژایی ماوەی سیاسەتكردن و بەرگریكردن، پراگماتیكییانە سیاسەتی نەكردووە. لە مێژووی كۆندا بەهۆی لاوازی خوێندەواری و كەمیی هۆشیاریی سیاسی و تێنەگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەمیشە خۆی بەستووەتەوە بە كۆمەڵێك بنەما و ڕێسای ناوچەیی و عەشیرەتگەری و ئاینی، بەوەش سیاسەتی وەك كایەیەكی سەربەخۆ و جیاواز نەبینیوە و لەگەڵ كۆمەڵێك بنەما و بواری تر تێكەڵی كردووە، ئەوەیش زۆرجار لەلایەن دوژمنەوە قۆستراوەتەوە و سەرەنجام بە زیانی كورد كۆتایی هاتووە.
لە سەردەمی نوێشدا حزبە سیاسییەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان، گیرۆدەی كۆمەڵێ تەنگژەی مێژوویی و پەیكەربەندین و ناتوانن خۆیان لە دووبارەبوونەوەی گرفتەكان ڕزگار بكەن، بێگومان لە دۆخێكی وادا، ناتوانن لەناو سیستمێكی نێودەوڵەتیدا خۆیان پێناسە بكەن و بەهەمان چەكی سوودگەرا و پراگماتیكییانە بكەونە سیاسەتكردن، ئەمەیش بەرهەمی فرە ئاراستەیی و شڵەژانی حزبی و چەندبەرەییە.
ئەگەر بۆ دەوڵەتانی سەردەستە رێچكەی پراگماتیزم ئامرازی سەرەكی سیاسەتكردن بێت، بۆ نەتەوەی كورد كە لە گرفتی شوناس و بێ دەوڵەتی و لاوازیدایە، خۆبەستنەوە بەو فەلسەفەیەوە، چەندان هێندە بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دەوڵەتان پێویستە.
ڕاستییەكەی ئەوەیە، كورد پێویستی بە توێژێكی كاریگەری سیاسەت لە كوردستان هەیە كە پراگماتیكییانە و بەرژەوەندخوازانە بۆ كوردستان تێبفكرن و ئەگەر پێویست بكات، بەرژەوەندی وڵات بە قوربانیكردنی هەموو بەهاكانی تر بكەنە ئامانج. هەروەها كردەی سیاسی لە تەواوی بوار و لایەنەكانی تر جیا بكەنەوە و وەك ڕەوشتێكی تایبەت و چالاكییەكی واقیعی سەیری بكەن، لەم دۆخەدا فەرامۆشكردنی هەست و باوەڕە كەسی و مۆراڵی و ناوچەییەكان پشتیان تێ بكرێت و ڕەوتەكە تێكەڵ بە مەعریفیی سیاسی بكرێت.
زێدەگۆیی نییە بڵێین لە پانتایی مێژووی كورددا، نەخۆشییەكانی پەرتەوازەیی و خۆبەستنەوە بە بەها ناوچەیی و حزبی و خێڵەكییەكانەوە، ڕێی گەیشتن بە سیاسەتی ڕاستەقینەی گرتووە و تا دێت بیری سیاسیی كورد لە حزب و ناوچە پارچە پارچەكراوەكانی خۆیدا بچووك دەكاتەوە.
لە مێژووی وڵاتاندا دەوڵەت بە سیاسەت دروست بووە، سیاسەتیش تكا و ترس و خولانەوە لە یەك بازنەدا نییە.
12/9/2019