عەلی كەریمی
لە چەند رۆژی رابردوو لەناكاو دوو رووداو بوو بە جێی مشتوومڕ و لێكدانەوەی جیاواز لە ناو گەلی كوردستان لە رۆژهەڵات بە گشتی و چالاكانی سیاسی و لەشكری ناو تۆڕەكانی فەیسبوك و سایتەكانی ئینتەرنێت بە تایبەتی. ئەوانیش "كۆنگرەی ناودارانی كورد لە سنە" و موفاوەزاتی ئەم چوار حیزبە بوو لە گەڵ بەرپرسێكی ئێران بە نێوندگیری رێكخراوەیەكی (NGO)ی نۆروێژی.
نەفسی وتووێژ باوەڕ ناكەم لە دنیای سیاسەت و بگرە غەیرە سیاسەتیشدا كەس نكۆلی لێ بكات و بە تەواوی رەدی كاتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم رۆژانە لە نۆروێژ كرا دەبێ چی ناو لێبنێین جیا لە فێڵ و موئامەرەی رژێمی مەلایان.
چل ساڵە كۆماری ئیسلامی، گەلی كورد لە ئێران بە هەموو شێوەكانی دڕندەیی و بێبزەیانە دەچەوسێنێتەوە و تەنانەت لە مافی پەیاكردنی نان بۆ زگی برسیی بێ بەش كراون و رۆژانە كۆڵبەران دەكوژرێن. چالاكی سیاسی و لاوان دەچنە بەندیخانە و سەریان بە دارەوە دەكرێت، رێكخراوگەلی جیاوازی سیاسی بوونی نییە و كوردستان هەروا وێران و مەحروومە لە ئاوەدانی و سەرمایەگوزاری.
حیزبەكانی رۆژهەڵات لەوپەڕی نایەكگرتوویی و پارچە پارچە بوون و دووركەوتنەوە لەخەڵكدان بە تایبەت ئەم چوار حیزبەی روویان تێكراوە بۆ ئەو مەبەستە.
هەر چالاكێكی سیاسی و بە ئەزموون و مێژووزان، بە باشی ئەم راستییە دەزانێت حكومەتەكانی ئێران و بە تایبەت كۆماری ئیسلامی ئەگەر لە زەعف و فێڵ نەبێ هەرگیز مل بۆ موفاوەزات راناكێشن و بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی عەجەم بە فێڵ و موئامەرە موفاوەزاتی لە لایەنی بەرامبەری خۆی بردۆتەوە. بە دەیان نموونەی زەق هەیە، لەوانە كە زۆر كۆن نین، قەوام لەگەڵ قازی محەمەد و براكەی سەدری قازی، دەستەی نوێنەرایەتی كورد لە 1979 بە رابەری شێخ عێزەدینی حوسێنی لە مەهاباد، شەهیدكردنی دوكتۆر قاسملو لە ڤیەنای نەمسا لەسەر مێزی گفتوگۆ، سادق شەرفكەندی لە برلین و... هتد.
لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا كە ئێران لە سەد لاوە كەوتووەتە گەمارۆ و كەس ئارەزوو بە حاڵی ناخوازێت و حاڵی لە شڕ شڕترە بۆ دەبێ بێتە پای مێزی دانیشتن و بۆ دەبێ كورد مل بدا بەم ویست و فێڵە؟!
كۆماری ئیسلامی تادێ گەرووی فشارەكانی لێ تەنگتر دەبێ و هەربینا كەوتە سەر ئەژنۆیان، دەنگی ناڕەزایی ژنان و چالاكانی سیاسی ناوخۆ ئیتر چیتر ناشاردرێتەوە و هەر دێ و گەورەتر دەبێ، كۆمەڵانی خەڵكی ئێران لە گرانی شتومەك و باری گوزەران هاواریان دەگاتە عاسمان، گەمارۆی ئابووریی و ناڕەزایی خەڵك پشتی دەوڵەتی چەماندۆتەوە و لە زۆر شوێن و كاتدا ئیتر كۆنترۆڵ لە دەستی تەنانەت چوماقبەدەستەكانی سەرجادەشیدا نەماوە و لە رووی ناچاری و زەعفەوە زۆر شتیش قبووڵ دەكا.
هەموو باش دەزانین لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێك، كوردستان یەكەم شوێنە بۆ راپەڕین و سەرهەڵدان و بە چەشنی موغناتیس بۆ كۆكردنەوەی هەموو دژبەرانی ئاخوندەكان چ ناوخۆ و چ دەرەوەی ئێران.
بە دەیان هۆكار، ئەمڕۆ تاران دەبێ لە حەولی دەستەمۆكردنی كوردستان دابێ و خەتەر و پیلانی دوژمنانی ناوخۆی تا بۆی دەكرێ كەم كاتەوە، كوردستان و خەڵكەكەی دەكرێ "پاشنەی ئاشیل"ی بن و لەوێرا ئاگر تەشەنە بكا و هەموو ئێران بگرێتەوە.
تاران ئەمڕۆ پێویستی بە رای گشتی جیهان و بە تایبەت ئوروپا هەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دژی ئەمریكا، بۆیە حەول دەدا رای گشتی بە هاتنەوەی تەنانەت هونەرمەندێك بۆ سنە و "كۆنگرەی ناوداران" و یان هێنانە سەر مێزی گفتوگۆی سەرانی كورد بە دنیا بڵێ من هیچ كێشەی ناوخۆ و تەنانەت دیمۆكراسی و مافی گەلانم نییە و ئەوە ئەمریكایە گێچەل بە میللەتی مەزلوومی ئێران دەكا و جیهان نابێ قبووڵی بكا، بەم رێیە بە خەیاڵی خۆی دەتوانێ دەنگی پشتیوانی بۆخۆی بكڕێت و بە خەڵكی كوردی رۆژهەڵاتیش بڵێ فەرموون با هەموو لە ژێر سێبەری ئیسلام بەیەكەوە بژین، ئەوەتا هونەرمەند دوای چل ساڵ هاتەوە و چووینە پێشوازی با سەرانی كوردیش هەروەك ئەو بەخێر بێنەوە و پێشوازییان لێدەكەین!
لەلایەكی تر سەرانی كۆماری فێڵ و درۆ، لە حەولی دابەشكردنی ریزەكانی كورددا هەنگاویان ناوە و بە داخەوە ئەم چوار حیزبە كەوتنە داوی ئەو موئامرەیەش، بە بەشدارنەبوونی لایەكی گەورەی كۆمەڵەی (حیزبی كۆمۆنیست) و پژاك هەر لە ئێستاوە ئاژاوەیەكی لەناو ریزەكانی چالاكانی فەیسبووك ناوەتەوە و ئەگەر فەیسبووك تۆپخانە و قەناسەی هەبا لە مێژ بوو ئاگری شەڕ تاكیانی نەهێشتبوو، كەواتە كۆماری ئیسلامی لە ئێستاوە مەبەستێكی خۆی كە لێكدابڕانی كورد بوو پێكاوە.
كوردی رۆژهەڵات ئەمڕۆ پێویستی بە یەك گوتاری و یەكگرتوویی لەگەڵ هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێران هەیە، كەچی ئێران بەم هەنگاوە لەگەڵ ئەم چوار حیزبە، كورد لە هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێران جیا دەكاتەوە و دوژمنایەتیان لە نێواندا خۆش دەكا.
خودی ئەم چوار حیزبە كە هەڵگری ناوی دیمۆكرات و كۆمەڵەن و دەزانێ هێژموونی ئەم ناوانە ئێستاش لەناو خەڵكدا هەیە و هیچ نەبێ ناوەكان بۆ خەڵك خۆشەویست و جێی رێز و حورمەتن، سوك دەكا و ئەوەتا لە ئێستاوە هەر چوار حیزب كەوتوونە بەر لافاوی رەخنە و بێزاری كۆمەڵانی خەڵك و قەڵەم بەدەستان و هیچ نەبووە لە ناو خۆیانیشیاندا بوونە دوو دەستە و یەك دەڵێ گفتوگۆ هەبووە و یەك دەڵێ نەبووە و تا دێ هەر چوار لا لە لای خەڵك بێ ئێعتبارتر دەبن.
بە كورتی ئەوەی لەم دەنگۆیانەی ئەم چەند رۆژی رابردوویەدا قازانجی كرد كۆماری ئیسلامی بوو و ئەوەشی بە بێ ئەوەی هیچی دەستكەوتبێ و قازانجێكی نەك بۆ خەڵك بۆ خددی خۆشیان دەستەبەر كرد بێ و تەنیا هێنانی كەسایەتی ئەم چوار لایەنە بوو بۆ سەر دەم و زاری دۆست و دوژمن و دووركەوتنەوەیان بوو لە زمان حاڵی بزاڤی بە حەقی گەلی كورد!
رای دۆستانەی من بۆ ئەم چوار حیزبە ئەوەیە هەتا زوویە و زیاتر نەبوونە مقاشی یاری سەرانی كۆماری ئیسلامی، ئەوەندە نەچنە پێش كە رێی پاشگەزبوونیان لێ ببەسترێ و لە داوی فێڵاوی سەرانی ئاخوند كەون، بكشێنەوە و تەنیا بە شاهیدی كۆمەڵانی خەڵك و بەشداری بەرفراوانی نوێنەرانی خەڵكی رۆژهەڵات مل بۆ گفتوگۆ راكێشن و شەرتی بچوكیان بۆ موزاكرە، فەزایەكی كراوەی سیاسی و ئازادبوونی هەموو بەندكراوە سیاسییەكان و كۆتایی هێنان بە كوشتنی لاوان و كۆڵبەران بێ، ئامادەسازی بێ بۆ فەزایەكی ئاشتەوایی و لێك تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ شارەكان و هەڵبژاردن و دیارییكردنی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵك، ئەوەش هەموو دەزانین لە مەحاڵاتە و لە ژێر سێبەری دەستوری ئێران و حكومەتی ولایەتی فەقی لە نامومكین و موعجیزە دەچێ تا واقع!
١٠/٨/٢٠١٩