دەوڵەتی ئێران کۆی گشتی گەڵاڵەی سڕینەوەی چوار سفری سەر "تمەن”ی پەسند کرد. ئەم گەڵاڵەیە یەکەی دراوی ئێرانی بە "تمەن”پێناسە کردووە. بە پێی ئەم گەڵاڵەیە ١٠٠٠٠ تمەنی ئێستا "یەک تمەن”ی نوێ دەبێت. یەک تمەنیش هاوتای ١٠٠ ڕیاڵ دەبێت.
سەرەنجام پاش ماوەیەکی دوور و درێژ و گومانێکی زۆر دەربارەی بەناو چاکسازی یەکەی دراوی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە نۆی گەلاوێژ (٣١ی ژوئییە)، عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی باسی لە پەسند کردنی کۆی گشتی گەڵاڵەی سڕینەوە چوار سفری سەر دراوی ئێران کرد.
بە پێی ئەم پەسندکراوەی دەوڵەت، یەکەی دراوی ئێران لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن دەگۆڕدرێت و یەک تمەنی نوێ هاوتای ١٠٠ ڕیاڵی پێشوو دەبێت.
بە پێی ئەم گەڵاڵەیە، چوار سفر لە ڕیاڵ و سێ سفر لە تمەن دەسڕدرێتەوە و بەم شێوەیە پاش پەسندبوونی ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن مەجلیسی شوورای ئیسلامی، ١٠ هەزار تمەنی ئێستا دەبێتە یەک تمەنی نوێ.
گەڵاڵەی پەسندکراوی دەوڵەت بۆ بڕیار کۆتایی لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیش دەبێ پەسند بکرێت و پاشان دەخرێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە. وتەبێژی دەوڵەت وتوویەتی؛ "هەوڵ دەدەین گەڵاڵەکە بە خێرایی ڕەوانەی مەجلیس بکەین.”
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لەو بڕوایەدایە کە جێ بە جێ کردنی پلانی چوار سفر لە دراوی ئێران دەبێتە هۆی کاراتربوونەوەی دراوی ئێران و هاوئاهەنگی زۆرتر لەگەڵ بستێنی کۆمەڵگا و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی حورمەت بۆ تمەنی ئێرانی لە چاو باقی دراوی وڵاتانی جیهان. جیا لەوەش کاغەزی پارەش کەمتر بە فیڕۆ دەچێت.
باسی سڕینەوەی سفری سەر دراوی تمەنی ئێران لە دەیەی ڕابردوو لە سەردەمی سەرۆک کۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژار وەک نەخشەڕێیەک بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە هەڵاوسانی ڕوو لە بەرزبوونەوەی ڕۆژانە لە ئێران هاتە ئاراوە. ئەم باسانە بە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی دراو و ئابووری ئێران و جێ بە جێ کردنی پلانی پێ دانی یارانە کە بۆ خۆی بووە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بێ ئەنجام مایەوە.
جێ بە جێ کردنی ئەم پلانە چەند جارێک لە لایەن دەوڵەتی حەسەن ڕووحانییەوە هاتە ئاراوە، بەڵام وەلی وڵڵا سەیف، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێرا، وێڕای بە دروست زانینی ئەم پلانە، بەڵام کاتی جێ بە جێ کردنی ئەم پلانەی بە مەرجی "سەقامگیری ئابووری و هەڵاوسانی تەک ڕەقەمی بەردەوام” زانی.
بەڵام بە دوای ئەوەی عەبدولناسر هێمەتی بوو بە سەرۆکی بانکی ناوەندی باسی "چاکسازی سیستمی دراو، پێناسەکردنی یەکەی نوێی دراو و پێداچوونەوە بە قەبارەی پارەکە و چاپەکەی” بە خێرایی کەوتە سەرزاران تا ئەوەی کە لە کۆتاییدا گەیشتە پەسند کردنی کۆی گشتی گەڵاڵە پێشنیارکراوەکەی بانکی ناوەندی بۆ سڕینەوەی چوار سفر لە دەوڵەتی دوازدەهەم دا.
لە ئێستاش دا بڕیارە وردەکاری ئەم پلانە لە دەوڵەت تاوتوێ و دواجار پەسند بکرێت. پاش ئەوە ئەم گەڵاڵەیە لە ئەگەری پەسند بوونی لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی دەخرێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
جێ بە جێ کردنی ئەم پلانەی دەوڵەت بە لەبەرچاوگرتنی بارە یاسایی و تەکنیکییەکەی زیاتر لە دوو ساڵ دەخایەنێت.
بوونی هەڵاوسانی بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوە و دابەزینی هێزی کڕینی دراوی ئێران و ڕسوا بوونی لە ئاستی دراوی وڵاتانی جیهان بەدواوە بووە. بەرپرسانی ئێران لەو بڕوایەدان سڕینەوەی چوار سفر لە سەر دراوی ئێرانی و گۆڕینی یەکەی دراوی ئێرانی لە ڕیاڵەوە بۆ "تمەن” بە شێوەی ڕەسمی و لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچووی چاپی دراو دەتوانن کەسایەتی لە کیس چووی تمەنی ئێران بگەڕێننەوە.
ئەزموونی لەو شێوەیە لە وڵاتانی دیکە بۆتە خاڵی وەرچەرخانی هەستانەوە و بووژانەوەی ئابووری وڵاتەکە. بەلەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتە جیهانی و ناخۆییەکان لە سەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نوشستی ئابووری ئێران، سڕینەوە سفری سەر دراوی ئێرانی، تەنیا سڕینەوە سووڕەت مەسەلەکەیە و کێشە لە سیستمی ئابووری و دراوی ئێرانە.