قەتەڕ وتی هیچ پەیوەندییەک نیە لە نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکاندا سەبارەت بە پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتای هێنان بە ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان، هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی چارەسەرێک بسەپێنرێت بەسەر فەڵەستینیەکاندا.
فەڵەستینیەکان و هەندێک لە بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی عەرەب پێیان وایە ئامانج لە پلانەکەی جارێد کوشنەری ڕاوێژکاری کۆشکی سپی ئامانج لەناوبردنی پرسی فەڵەستینیەکانە.
وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمانی دووەم لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " وەکو دەبینین ئێستا هیچ پەیوەندییەک نیە لە نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکاندا، هەڵوێستی ئێمە هێشتا جێگیرە، پشتیوانی لە هەر پلانێک دەکەین کە فەڵەستینیەکان قبوڵی بکەن."
کوشنەر هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا وتی فەڵەستینیەکان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن، بەڵام نەیوت کە ئایا پشتیوانی لە دەوڵەتی فەڵەستینی دەکات یاخود نا. کوشنەر ئاماژەشی بەوەدا فەڵەستینیەکان توانای ئەوەیان نیە فەرمانڕەوایی خۆیان بکەن.
لەکاتێکدا کوشنەر وردەکاری پلانەکەی ئاشکرا نەکردووە، سەرچاوە فەڵەستینی و عەرەبییەکان دەڵێن ڕەشنووسەکەیان دەستکەوتووە و کوشنەر دەستبەرداری چارەسەری دوو دەوڵەت بووە، کە ئەو چارەسەرەش ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیری لێدەکەنەوە و تیایدا فەڵەستین دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و بەشی ڕۆژئاوا و ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و غەززەش دەبنە خاکی فەڵەستین.
وەزیری دەرەوەی قەتەڕ وتی " ناتوانرێت چارەسەر بسەپێنرێت بەسەر فەڵەستیندا، هیچ وڵاتێکی عەرەبی لە جیهاندا ناتوانێت ئەوە پەسەند بکات."
وتیشی " ئەگەر هەر یەکێک لە لایەنەکان پلانەکە ڕەت بکەنەوە ئەوە مانای ئەوەیە کە پلانەکە دادپەروەرانە نیە یاخود واقیعی نیە، باشترین سیناریۆ ئەوەیە یان هەردوو لایەنەکە قبوڵی بکەن یان ڕەتی بکەنەوە."
هەروەها ئاماژەشی بە ڕووە ئابوورییەکەی پلانەکەدا و وتی سەرسوڕهێنەرە بەڵام پێویستی بە بنچینەیەکی سیاسیی سەرکەوتوو هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
10/6/2019