چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان گوتووە، ئەمەریکا نیازی هەیە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
یەکەمجار دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوپای فەرمی وڵاتێک بخاتە لیستی تیرۆرەوە و بڕیارە رۆژی دوو شەممە یاخود لە چەند رۆژی ئایندە ئەمەریکا ئەو هەنگاوە بنێت.
بڕیارەکەی ئەمەریکا مەترسی بۆخۆشی هەیە چونکە رەنگە وڵاتە نەیارەکانی ئەمەریکا بە هەمان شێوە سوپای ئەمەریکا بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
لە ساڵانی رابردوو، ئەمەریکا چەند لق و بەشێکی سوپای پاسدارانی وەک تیرۆریست ناساندووە، بەڵام یەکەمجارە بیەوێت تەواوی سوپاکە وەک تیرۆرست بناسێنێت.
لە ساڵی 2017 محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سووپای پاسداران رایگەیاندبوو: "ئەگەر ترەمپ بیەوێت سوپای پاسداران وەک تیرۆریست بناسێنێت، سوپای پاسداران وەکو داعش لە تەواوی جیهان دەڕوانێتە سوپای ئەمەریکا".
تاکو ئێستا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و کۆشکی سپی هەواڵەکەیان پشت راستنەکردووەتەوە، بەڵام بڕیارەکە "جەنگی" ئەمەریکا و ئێران دەخاتە قۆناغێکی نوێوە ئەگەر بەفەرمی رابگەینرێت.
7/4/2019