کاتژمێر ٧ی ئەمڕۆ ٣١ی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣٢ پارێزگا دەستپێکردووە و کاتژمێر ٨یش لە ٤٩ پارێزگاکەى تری ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ دەنگدەرانى تورکیا و باکوری کوردستان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى شارەوانى شارو شارۆچکەکان، روو لە بنکەکانى دەنگدان دەکەن و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر.
ژمارەى دەنگدەران نزیکەى ٥٧ ملیۆن کەس دەبێت و ١٣ پارتى سیاسیش بە نزیکەى نیو ملیۆن کاندیدەوە کێبڕکێ دەکەن لەسەر وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى شارەوانییەکان.
لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان کێبرکێ دەکەن بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى شارەوانى لە ٣٠ شارى گەورە و هەزار و ٣٥١ ناوچەى ئیدارى، لەگەڵ وەرگرتنى هەزارو ٢٥٠ پۆستى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لەگەڵ ٢٠ هەزار و ٥٠٠ ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى.
لههەڵبژاردنەکەدا ملیۆنێك و ١٥٦ ههزار دهنگدهر بۆ یهكهمجار دهچنهسهر سندوقهكانی دهنگدان و دهنگ دهدهن.
دیارترین ئەو پارتانەى ململانێی بەدەستهێنانى زۆرترین شارەوانى دەکەن، پێکهاتوون لە ئەکەپە، جەهەپە، ئی پارتی، هەدەپە، مەهەپە، کە بە سێ هاوپەیمانێتى جیا بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن.
هاوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە هەڵبژاردنەکاندا، لە بەشێکی ناوچەکان بەھۆی ھەلومەرجی جوگرافی، شەش ھەزارو ٤٤٩ فەرمانبەر لە زیاتر لە ١١ پارێزگای جیاواز لە ئەرکدا دەبن.
وتیشى رۆژی ھەڵبژاردن ٥٥٣ ھەزار فەرمانبەر لە ئەرکی خۆیان دەبن و، شەش ھەزار و ٧٤٥ زرێپۆش و ١٢٦ ھێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و، ٢٩٤ ئامێری دەریایی بەکاردەھێنرێن، بۆ پاراستنى ئاسایش.