تا کاتژمێری ٧ی ئێوارەی ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی لە پارێزگاکانی فارس و لۆڕستان و کرماشان دەگوترێ کە ١٩ کەس بە هۆی لافاو، گیانیان لەدەستداوەو، هەروەها زیاتر لە ٩٥ هاووڵاتی بریندار و بە هەزاران کەسیش ماڵوێران بوون.
هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاند کە ١٧ کەس تەنیا لەشاری شیراز بوونەتە قوربانی، بەڵام بە پێی قسەی شایەتحاڵێک ڕێژەی کوژراو و برینداربووەکان زیاتر لەو ئامارەیە کە بڵاوکراوەتەوە و لە شاری شیراز چەندین بنەماڵە لەنێو جۆگە ئاوەکان بە دوای منداڵەکانیان دەگەڕێن کە بێسەروشوێنن.
هەروەها لافاو لە پارێزگای کرماشان خەساری بە هاونیشتمانییان گەیاندوەو لە سەرپێڵزەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
بەهۆی بەربڵاوی خەسار و زیانی لافاو، کە چەند پارێزگای ئێران و کوردستانی گرتووتەوە، نوێنەرێکی مەجلیس ڕەخنەی لە خەمساردی سەرۆککۆماری ئێران گرتوەو داوای لێکردوە کە حەسەن ڕوحانی لە پشووی نەورۆزی بگەرێتەوەو، ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتیی ناوەندی قەیران وەئەستۆ بگرێ.
٢٧/٣/٢٠١٩