واشنتن بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی حکومەتەکەی مۆدۆرۆ، ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزوێلادا سەپاند، دەستیبەسەر حەوت ملیار دۆلاری کۆمپانیاکەش لە ئەمریکادا گرتووە.
رۆژی دووشەممە 28-1-2019 ، ستیڤن مەنوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتەکەی ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیای PDVSAـدا سەپاندووە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی فرە-سەرچاوەیی دارایی سەرۆکی ''پێشوو''ی ڤەنزوێلا، مۆدۆرۆ.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سزاکاندا دەستیبەسەر حەوت ملیار دۆلاری کۆمپانیاکەدا گرتووە کە لە ئەمریکا هەیبووە.
سەپاندنی ئەم سزایانە بەسەر کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزوێلا لەکاتێکدایە کە چیدیکە نیکۆڵا مۆدۆر، بەسەرۆکی ڤەنزوێلا نازانێت و لەبەرامبەر مۆدۆر، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی وەک سەرۆک ناساندووە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو خوان گوایدۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ڤەنزوێلا، خۆی وەكو سەرۆككۆماری كاتیی وڵاتەكەی راگەیاند، حكومەت و سوپای ڤەنزوێلا لە بەرامبەردا گوایدۆیان بە هەوڵی كودێتا تۆمەتبار كردووە. هەنگاوەكەی گوایدۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دۆخی سەردەمی جەنگی ساردی زیندوو كردووەتەوە، لە كاتێكدا ئەمریكا پشتگیری لە هەوڵەكەی گوایدۆ دەكات رووسیاش داوایكردووە ئەمریكا دەست لە دۆخەكە وەرنەدات.
4/2/2019