وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتە لەگەڵ نوێنەرانی گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان لە تاران کۆ بوونەتەوە.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "روژی یەکشەممە 2018.12.30 چەند نوێنەرێکی گرووپی تاڵیبان هاتوونەتە ئێران لەگەڵ عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوە دیدار و گفتوگۆیان کردووە".
قاسمی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو گفتوگۆ و دیدارانە بە ئاگاداریی حکوومەتی ئەفغانستان ئەنجام دراون."
پێشتر عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپی تاڵیبان لەناو خاکی ئەفغانستان، گوتبووی ئەو وتووێژانە بە ئاگاداریی دەوڵەتی ئەفغانستان جێبەجێ کراون و درێژەشیان دەبێت".
ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان و تاران، لە کاتێکدان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەبارەی دیداری تاڵیبان و بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران و مەشق و ڕاهێنان بە گرووپی تاڵیبان لەناو خاکی ئێران بڵاو کرانەوە، بەڵام ئێران ئاشکرای کرد کە تاڵیبان لە ڕوانگەی ئەوانەوە گرووپێکی تیرۆریستییە و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە.
1/1/2019