مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا برسێتی خەڵکی ئێران بە گۆڕینی رەفتاری رژێمی ئێران گرێدەدات.
هادی نایلی، پەیامنێری بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی لە پۆمپیۆی پرسی ئەگەر سزاکانی سەر ئێران ئامانجەکانی نەپێکا، بژاردەی دیکەی ئەمەریکا چییە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامی نەدایەوە و تەنها گوتی: "بەرژەوەندی ئێران لەوەدایە واز لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بهێنێت".
گووتیشی: "ئەگەر دەیانەوێت خەڵکەکەیان نان هەبێت بیخۆن، سەرکردایەتی ئێران هەندێک بڕیار هەیە دەبێت بیدەن".
لە دوای داگیرکردنی کوەیت لە لایەن سەددام حوسەینەوە لە ساڵی 1990، ئەمەریکا سزای بەسەر عێراقدا سەپاند، لە ماوەی شەش ساڵدا، نزیکەی 500 هەزار منداڵ لە عێراق بەهۆی هەژارییەوە مردن.
مادێلین ئەلبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت، ئایا سزاکانی سەر عێراق هێندە پێویستن کە ببنە هۆی مردنی نیو ملیۆن منداڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت: "ئەوا بژاردەیەکی سەختە، بەڵام ئێمە بڕوامان وایە ئەو باجانەی بەهۆی سزاکانەوە دەدرێن، شایەنی سزاکانن".
١٠/١١/٢٠١٨