رۆژی دووشەممە سەرجەم ئەو گەمارۆ سیاسی و ئابوورییانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە بەهۆی دانوستانی ئەتۆمییەوە ڕاگیرابوون، خرانەوە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرکۆماری ئێرانیش ڕای دەگەیەنێ بە توندی بەرەنگاری ئەمریکا دەبینەوە و ئێمە سەردەکەوین.
ئەمڕۆ دووشەممە 2018/11/5 کە گەڕی دوووەمی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە کەرتی نەوت و دامەزراوە دارایی و بانکییەکانە، دەستی پێکرد و حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئەو وڵاتەش لە گوتارێکدا کاردانەوەی توندی نیشان دا و ڕای گەیاند: "ئێمە سەرجەم بانک و دامەزراوە ئابووری و بازرگانییەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گەمارۆیانە تەیار دەکەین و هەموویان ڕێک دەخەینەوە، بۆیە وەزارەتی ئابووری و بانکی ناوەندی ئەرکێکی قورسیان دەکەوێتە سەرشان"
ئاماژەی بەوەش کرد: "هاوکات دەبێ بەڕێوەبەرانی سەرجەم بانکەکانی دیکە دەبێ هاوکار بن، چونکە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی بانکەکان ئەرکی گرانیان لەسەرشانە و ئەوان باشتر لە ئێمە دەتوانن کار بکەن و ئەگەر بێت و دەرفەتێکی لەبار بڕەخسێ کە کاروبار و چوارچێوەی کاریی بانکەکانمان ڕیفۆرمیان تێدا پێک بێنین، ئێمە دەستمان کراوەیە، چونکە هەندێ لە بانکەکانی ئێران ڕۆژانە و بە سەعات و خولەک کێشە بۆ وڵات ساز دەکەن، بۆیە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی گەمارۆکان دەبێ بانکەکان چالاکییەکانی خۆیان دەست پێ بکەن".
سەرکۆماری ئێران ڕاشی گەیاند: "لەم قۆناغە سەختەدا ئێمە دەبێ گەمارۆ و سزاکان تێک بشکێنین و ئەم کارەش دەکەین و ئەمکارەش بە یەکگرتوویی و ئەو کۆ دەنگییەی کە لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە و دەبێ ئەو پەیامە بە ئەمریکییەکان بە ڕوونی پێیان بگەیەنین کە بە زمانی زۆر، گوشار و هەڕەشە و زەبر و زەنگ و بە زمانی سزا ناتوانن لە بەرانبەر گەلی گەورەی ئێراندا بوەستنەوە".
حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە دەبێ وانەیەکی مێژوویی و هەمیشەییان پێ بدەین کە بە زەخت و گوشار ناتوانن لە هەمبەر گەلی گەورەی ئێران بەو مێژووە کۆنەی کە هەیەتی، ڕابوەستن، ئەوان هەر ڕۆژە بیانوویەک بەو خەڵکە دەگرن و ئەم کارەی کە ئەمریکا دەیکات تەنیا گوشارە خستەن سەر خەڵکی ئێرانە نەک هیچ شتێکی دیکە، ئەمڕۆ تەنیا ئێران نییە کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا تووڕەین، بەڵکوو کۆمپانیا و دامەزراوەکانی ولاتی خۆیان و تەنانەت حکوومەتەکانی ئەورووپاش لە سیاسەتەکانی ئەورووپا تووڕەن و بەڕای من بە درێژایی مێژوویی ئەمریکا هەتا ئێستا کەسانێک هاوشێوەی ترەمپ و گرووپەکەی نەهاتوونەتە سەر کار کە دژی خەڵک و یاسا و ڕێککەوتنە نێودەولەتییەکان بووبن".
سەرکۆماری ئێران گوتیشی: "بۆیە ئەو بەڵێنییە بە خەڵک دەدەین کە بە خۆڕاگری و پشتیوانیی خەڵک ئەم سزا و گەمارۆیانەی ئەمریکا کاتین و ئێمە سەردەکەوین".
هاوکات لەگەڵ ئەم قسە و کاردانەوەیە حەسەن ڕۆحانی لە بەرانبەر سزاکانی ئەمریکا و گوتاری ترەمپ ، چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردووە و بە بارمتەگرتنی سەربازە ئەرمیکییەکانیان لە ئاوەکانی کەنداو وەبیریان هێناونەتەوە.
7/11/2018