وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا دەڵێت "ئیران گەورەترین سپۆنسەری تیرۆرە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی تایبەت بە تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بە ئێران دەکات و ئەو وڵاتە وەک "گەورەترین سپۆنسەری تیرۆر" دەناسێنێت و دەڵێت، بەرپرسیارە لە بەرامبەر ناسەقامگیرییەکانی ئەفغانستان، بەحرەین، عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران هەوڵی زیانگەیاندن بە حکومەتەکانی ناوچەکە دەدات و هاوکات گرژییەکانی ناو وڵاتان تووندتر و چڕتر دەکات. ئاماژەش بەوەکراوە تاران لەڕێگەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش، حیزبوڵای لوبنانەوە ئەم کارانەی خۆی ئەنجامدەدات و "بووەتە گەورەترین سپۆنسەری تیرۆر لە سەر ئاستی جیهان".
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەسەر ساڵی 2017 نووسراوە رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2009ـەوە ئێران ئاسانکاریی کردووە بۆ قاعیدە تاوەکو بتوانێت پارە و چەکدار بۆ باشووری ئاسیا و سووریا بگوازێتەوە.
ئەمریکا لە ساڵی 1984ـەوە ئێرانی وەک دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر ناساندووە و لە راپۆرتەکەی ئەمساڵدا ئاماژە بەوەکراوە "ئێران لە ساڵی 2017ـش وەک سپۆنسەری تیرۆر ماوەتەوە و پاڵپشتیی لە حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە تیرۆریستییەکانی فەڵەستین، گرووپە تیرۆریستییە شیعەکانی عێراق وەک کەتائیبی حیزبوڵا، چەند گرووپ لە سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و لەڕێگەیانەوە ناسەقامگیریی دروستدەکات".
22/9/2018