دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە چوو، حکوومەتی ئێران قایمقامی سێ شاری ڕۆژهەڵاتی لە کارەکانیان دوور خستووەتەوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە باس لەوە دەکەن پاش مانگرتنی سەرتاسەریی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بۆنەی سێدارەی چالاکانی سیاسی و مووشەکبارانی بارەگاکانی هەر دوو لایەنی حزبی دیموکرات، بەڕێوە چوو، وەزارەتی ناوخۆی ئێران زەخت و گوشاری بۆ پارێزگار و قایمقامی شارەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان هێناوە کە بۆچی ڕێگەیان داوە ئەو مانگرتنە بەڕیوە بچێت.
سەرچاوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە کاردانەوە بەو مانگرتنە سەرتاسەرییە وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڕیاری داوە قایمقامی شارەکانی "بۆکان، مەهاباد و شنۆ"ی گۆڕیوە، هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە حکوومەت لەناو شاری بۆکان و بەتایبەت سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی بە ماتۆر سکلیل و چەکوچۆڵی قورسی سەربازی بەڕێوە برد و بڕیارە ئەو مانۆڕە لە شارەکانی دیکەی پارێزگای ورمێش بەڕێوە بچێت".
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە شاری مەهاباد گیراوە، هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی مانگرتندا بەناو شاردا گەڕاون و ئەو دووکانانەی کە نەکرابوونەوە دەستنیشانیان دەکرد کە دواتر بانگهێشتیان بکەن و زەختیان بخەنە سەر.
بەپێی ئامار و داتای ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤی (هەنگاو) ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، بە بۆنەی ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 40 هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی دەستگیر کراون کە هەتا ئێستا 19 کەستیان ئازاد کراون.
ناوەندی هاوکایی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، پاش لەسێدارەدانی چەند چالاکی سیاسی و هێرشی مووشەکبارانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات لە کۆیە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو و بانگەواز داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد کە چوارشەممەی پێشوو دووکان و بازار دابخەن و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، بەپێی زانیارییەکان ئەو مانگرتنە لە ئاستێکی فراواندا بەرێوە چوو.
19/9/2018