ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، تێرۆری ئەم ڕێبەرە ناودارەی کوردی مەحکووم کرد.
دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە کە بەم چەشنەیە:
ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان لەو باوەڕەدایە، داخوازیی مافی بنەڕەتی خەڵکی کوردستان لە گۆڕ نانرێت.ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژێک بۆ مەحکوومکردنی تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، لەوەها ڕۆژێکدا، دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو سکرتێری ئەو کاتی حدکا، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ نوێنەری دەوڵەتی ئێران و لە پشت مێزی وتووێژ لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئوتریش، کرایە ئامانجی هێرشی تێرۆریستی و لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیەکانی کوژران.
ناولێنانی ئەم ڕۆژە لە داهێنان و پێشنیاری ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان و بەڕێوەبەرانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەم ڕێکخراوەیە بە پێداگری لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی لەگەڵ تێرۆریزم و لێکەوتەکانی، بەتایبەتی تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەوڵدان بە سڕینەوەی فیزیکی و تێرۆری کەسەکان و دژبەرانی دەوڵەتی لە هەر کاتێک و شوێنێک و بە هەر بیانوو و ئامانج و مەبەستێک کە ڕوو بدات، جێگای پاساوهێنان نییە و مەحکووم دەکرێت.
ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای مەحکووم کردنی دووبارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، درێژەی تێرۆر، ئێعدام و یان زیندانکردن و بەندکرانی ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵگای سیاسی و مەدەنیی کوردستان، بە لە گۆڕنانی داخوازییەکانی مافی خەڵکی کوردستان بە دوور لە پاساو دەزانێ و پێداگری لە سەر مافەکانی کورد و دابینکردنی ئازادی و مافی دێموکراتیک و فێدراڵی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.
ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی ٢١ پووشپەڕی ٩٧ بەرانبەر بە ١٢ی جوولای ٢٠١٨