لە درێژەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کۆمپانیای مەزدای ژاپۆن و هیۆندای کۆریای باشوور گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
وەلی مەلەکی، ئەندامی کۆمسیۆنی پیشەسازیی پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە: "دوو کۆمپانیای بەرهمەهێنەری مەزدای ژاپۆنی و هیۆندای کۆریای کۆریای باشوور ڕایان گەیاندووە بەو هۆیەی لە ئەمریکا چەندان بەرانبەری ئێران قازانج دەکەن، بۆیە واز لە ئێران دەهێنن و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە".
گرووپی (بەهمەن) گرووپێکی دابینکەری خزمەتگوزاری و هاوردەی یەکەدەک و کەلوپەلی هەر دوو کۆمپانیای مەزدا و هیۆندالە ئیران بووە، کەوتووەتە بەر سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا و گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە هەڵوەشاندووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا نزیکەی یەک مانگ لەمەوبەر بە فەرمی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و بەپێی ئەو بڕیارەی ترەمپ، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە، لە ماوەیەکی زەمەنیدا دەکەونەوە گەڕ.
دوای ئەم بڕیارەی ئەمریکا، چەندین کۆمپانیای گەورە و نێودەوڵەتی کار و چالاکییەکانیان لە ئێران ڕاگرت، یەک لەوان کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (بیجۆ)ی فەرنسا بووە.
هەرچەند یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانی خۆی خستووەتەتە گەڕ کە کۆمپانیا گەورەکان لە گەمارۆکانی ئەمریکا دەربهێندرێن، بەڵام ئەمریکا هیچ وەڵامێکی ئەو داواکاریەی یەکێتیی ئەورووپای نەداوەتەوە.
16/6/2018