کاربەدەستێـکی ئوردن دەڵێت وڵاتەکەی بە نیاز نیـیە لە ئێستادا باڵیۆزێکی نوێی خۆی بۆ ئێران ڕەوانەبکات، ئەمەش بەهۆی سیاسەتەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
ڕۆژنامەی ئەلغەدی ئوردن ئەمڕۆ هەینی لە زاری ئەو کاربەدەستەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆز عەبدوڵڵا ئەبو ڕومان لە تارانەوە بۆ ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوە لە عەممان بەپـێی فەرمانێکی پـێشووی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بووە و ڕۆژی پـێنجشەممە پاشایەتی وڵاتەکە پەسەندی کردووە.
پاشان کاربەدەستەکە گوتویەتی بڕیارەکە هەڵوێستی ئوردن دووپاتدەکاتەوە کە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە و دەسـتێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی، بە تایبەتی هی وڵاتانی کەنداو ڕەتدەکاتەوە. گوتوشیەتی ئاسایشی عەرەبستانی سعودیـیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بۆ ئەوان وەک ئاسایشی ئوردن وایە.
١٦/٦/٢٠١٨