دوای ئەوەی کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێوەڕەسمی ساڵمەرگی خومەینی بڕیاری وەگەڕخستنەوەی بەرنامەی پیتاندنی ئۆڕانیۆمی دەرکرد، لە وڵامی بڕیار و هەڕەشەکانی خامنەیی رۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان هێدرنائورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران نابێ پتاندنی ئۆرانیوم دەسپێبکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە ئاماژەدان بە وتەکانی ئەم دواییانەی وەزیری دەرەوەی ئەوڵاتە مایک پۆمپئۆ گوتی: ئێران نابێ پیتاندنی ئۆرانیوم ئەنجام بدا و، دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.
هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ قسەکانی خامنەیی دەگەڕێتەوە کە رۆژی ١٤ی جۆزەردان فەرمانی دا 190 هەزار سانترفیووژ وەکار بخرێتەوە و دوای کشانەوەی ئامریکاش لە ڕێککەوتنی بەرجام ، حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش فەرمانی بە ڕێکخراوی وزەی ئەتومی کردبوو خۆیان بۆ پیتاندنی پیشەیی و بێسنووری ئۆرانیوم ئامادە بکەن.
لە درێژەی کاردانەوەکان بە قسەکانی خامنەیی رۆژی ١٥ی جۆزەردان وەزیری ئیتلاعاتی ئیسراییل باسی لە پێکهێنانی بەرەیەکی دژ بەکۆماری ئیسلامی و هێرشی نیزامی کرد.
یسراییل کاتێز، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسراییل لەو بارەوە گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پیتاندنی ئۆرانیوم بەو میزانە زیاد بکا، کە توانای ساز کردنی چەکی ناوکی هەبێ ، بەرەیەکی نیزامی، دژ بەو وڵاتە پێک دێ.
هەروەها “ژان ئیوو لوودریان ” وەزیری دەرەوەی فەڕانسەش لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران بێتو بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیومی هەبێ، بە هێڵی سوور نیزیک دەبێتەوەو، گەمە کردن لە گەڵ هێڵەسوورەکانیش مەترسیدارە.
7/6/2018