زیندانییەکی سیاسی خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لە بەرانبەر کۆمیساریای پەنابەران لە وڵاتی تورکیە مانی گرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی جۆزەردان، "شارام ئەلیاسی" زیندانییەکی سیاسیی کورد لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەردەم کۆمیساریای پەنابەرەکان لە وڵاتی تورکیە مانی گرت.
ڕەزا شەریفی بۆکانی، چالاکی سیاسیی کورد و دانیشتووی وڵاتی تورکیە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی کە دۆسیەی ئەو پەنابەریی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تەئید کراوە، بەڵام ناوبراو ماوەی چوار ساڵە و نیوە لەگەڵ بنەماڵەکەی چارەنووسیان ناڕوونە".
ئەو چالاکە سیاسییە هەروەها ڕایگەیاند: "شارام ئەلیاسی چاوەڕێی وەرگرتنه، وەکوو پەنابەر لە وڵاتی سێهەم، بەڵام دۆسیەکەی ناوبراو لە لایەن بەرپرسانی "یوو ئێن"ـەوە پشتگوێ خراوە".
شارام ئەلیاسی خەڵکی شاری مەریوان مانگی ڕەزبەری ساڵی ٨٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاش ٦ ساڵ زیندانیکردنی ناوبراو لە زیندانەکانی مەریوان، ئێڤین و ڕەجایی شاری کەرەج، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی هاتە مورەخەسی و دواتر زێدی خۆی بەجێ هێشت.
5/6/2018