محەمەد کێلەشینی، ھونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی بورای گۆرانی و مۆسیقای فۆلکلۆریکی ناوچەی سەقز کە شوێنێکی دەوڵەمەندە لەبارەی گەنجینەی فۆلکلۆری کوردییەوە، ، پاش تەمەنێک خزمەت بە مووسیقی ڕەسەن بەھۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٢ ساڵەییدا بە یەکجاری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ٩٧ی هەتاوی محەممەد ئیبراھیمپوور، ناسراو بە (محەمەد کێلەشینی)، فۆلکلۆربێژی ناوچەی گەورەکی سەقز پاش ساڵانێک وتنەوەی گۆرانییە ڕەسەنە کوردییەکان بۆ هەمیشە سەری نایەوە.
لەو هونەرمەندە سێ ئالبۆم بە یادگاری ماوە، کە لە باخچەی مووزیکی کوردی ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناخی میلوودی و مووسیقی کۆنی کوردی.
پێویست بە ئاماژەیە کە کاری دابەشکردن و سەرپەرەستی ئەو سێ ئالبۆمە بەرهەمی عەلی عابدی هونەرمەندی ناسراوی شاری سەقزە.
شیاوی باسە کە هونەرمەندانی هاوچەشنی کاک محەممەد کێلەشینی لە زیندوو هێشتنەوەی ئاواز و گۆرانییە کۆنەکان دەورێکی بەرچاویان هەبووەو زۆربەیان لە دوایین ساڵی ژیانیان بەداخەوە لە سووچی بێکەسیدا ژیان بەسەر دەبەن، ئەگەرچی چەند ساڵێکە سەردان و ڕێزلێنان لەو هونەرمەندانە لە لایەن چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردەوە بووتە نەرێتیکی باش و شارستانیانە.
4/6/2018