وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پامپێۆ لە وتووێژێکی لە گەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا دا کە رۆژی هەینی بڵاو کرایەوە دەڵێت ئەگەر ڕێبەرانی ئێران پەسندی داوای ئەمەریکا بکەن کە وەک وڵاتی ئاسایی ڕەفتاربکەن، ئەمەریکاییەکان سەردانی ئێران دەکەن و وەک دۆست سەیریان دەکەن.
ئەو گوتی ئامانجی ستراتژی نوێ سەبارەت بە ئێران کە حەوتووی ڕابردوو خۆی خستیە ڕوو چەند مەرجی بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دیاری کردوە کە وەک "ڕێبەرانی ئاسایی" ڕەفتار بکەن. ئەو گوتی ڕێبەڕانی ئاسایی خەڵک ڕا و ڕووت ناکەن و پارەی ئەوان بۆ "ماجەراکان" لە سوریا و یەمەن دا بە فیڕۆ نادەن.
ئەو یەکێک لە ١٢ مەرجەکانی شی کردوە کە لە گوتاری ستراتژی خۆی دا دەستنیشانی کردن و دەڵیت ئێران دەبێت ڕێگا بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بدات کە سەردانی ناوەندەکانی لەشکری و ئەزمونگەکانی لێکۆڵینەوە بکات.
پامپێۆ هەروەها ئاماژەشی بە داوای ئەمەریکا دا کە ئێران کۆتایی بە هەڕەشەکان بۆ لەناوبردنی ئیسڕایل و هەرەشەکردن لە دراوسێکانی بهێنێت. ئەو گوتی ڕێبەرانی ئێران نەک تەنیا دەبێت هاندانی خەڵک بۆ دانی دروشمی "مەرگ بۆ ئیسڕایل" ڕابگرن بەڵکوو کۆتاییش بە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا" بهێنن.
وەزیری دەرەوە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا لە هەوڵی گۆڕانی رژیم لە ئێران دا نیە و ئامۆژگاری گرووپەکانی ئوپوزسیۆنی ئێران دەکات کە ئەوانیش لە هەوڵی ئەوەدا نەبن. "ئێمە نامانهەوێت ئەوان پشتیوانی لە گۆڕینی رژیم بکەن." ئەو گوتی مادامێک ئەو جۆرەگرووپانە وەک ئەمەریکا بۆ هەمان هەوڵ دەدەن، ئەوە پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەوان دەکات. بەلام پامپێۆ گوتی هێندێک گرووپی "بچووکتری" ئوپۆزسیۆنی ئێران هەمیشە خۆیان لە گەڵ ئامانجەکانی ئەمەریکا رێک نەخستوە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو گرووپانە بکات. ئەو گوتی، "دەمانەوێت ئەوان لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، خەڵکی ئاسایی ئێرانەوە هەوڵ بدەن واتا ئەوانەی بێجگە لە ژیانی خۆیان هیچی تریان ناوێت، لە توانایان دابێت سەرپۆش لە سەریان لابەرن لە توانایان دابێت کاربکەن و منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و بە پێی ئاینی خۆیان نزا ئەنجام بدەن. پامپێۆ گوتی بەڕێوەبەرایەتی تڕامپ لە هەوڵەکانی کونگرێس بۆ پەسند کردنی یاسایی پشتیوانی دەکات کە هەوڵ بدات سامانی ڕێبەرانی باڵای ئێران ئاشکرا بکات ئەوانەی گەلێک لە خەڵکی ئێران وەک گەندەڵ سەیریان دەکەن. هەروەها گوتی خۆم پێشوازی لە ئەو دەرفەتە دەکەم کە ئەو سامانانە ئاشکرا بکرێن و خەڵکی ئێران خۆیان دادوەر بن کە داخوا ئەوانە ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت ولاتەکەیان بەڕیوەبەرن. بەرنووسی یاسایی شەفافیەت سەبارەت بە سامان و دارایی ڕێبەرانی ئێران داوا لە خەزێنەی ئەمەریکا دەکات کە ڕاپۆرت سەبارەت بە مەزەندەی سامان و پارەی ڕێبەرانی ئێران ئاشکرا بکات کە گومانی گەندەڵیان لە سەرە. ئەو بەرنووسە یاساییە لە مانگی ١٢ی پارەکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا و ئێستا لە لای کومیتەی سنێتی ئەمەریکایە. هەروەها گوتی وەزارەتی دەرەوە "هەر ڕۆژ" هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ڕابرت لێڤنس، ئەمەریکاییەک کە ٩ی مانگی ٣ی٢٠١٧ بێ سەر و شوێن چوو بگەڕێنێتەوە، لە دەمێکدا ناوبراو وەک لێکۆلەرێک سەردانی دوڕگەی کیش ی کرد. سەبارەت بە ئەو ئەمەریکاییانەی کە لە ئیران دا گیراون، وەزیری دەرەوە گوتی هیوادارین ڕێبەرایەتی ئێران هەموویان واببینن کە لە هەرە بەرژەوەندی ئەوان دایە کە هەر نەبێت لە بەر مەسەلەی مرۆڤایەتی ڕێگا بدەن ئەو ئەمەریکاییانەی بێ تاوان بگەڕێنەوە لای بنەماڵەکانیان. 27/5/2018