لە ڕێوڕەسمێکدا ساڵیادی کۆچیدوایی قالەمەڕە، ژەنیاری شمشاڵ و هەڵگری سۆزی ئەهوورایی نەتەوەیەک، لە شاری بۆکان بەرز ڕاگیرا.
ئێوارەی رۆژی دوو شەممە ٣١ی بانەمەڕ کە هاوکات بوو لە گەڵ نۆیەمین ساڵیادی کۆچیدوایی قالەمەڕە ، بە ئامادەبوون و بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعیران و هونەرمەندانی شاری بۆکان و دەورووبەری ئەوشارە لەسەر گڵکۆی ئەو هونەرمەندە نەتەوەیی و لێهاتوویە، ڕێورەسمی یادکردنەوە لە قاڵەمەڕە بەڕێوەچوو.
هونەرمەندان و نووسەرانی دەروەستی کورد بە ئامادەبوونیان لە مەزارگەی شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە شاری بۆکان هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کۆچیدوایی قالەمەڕە سەردانی مەزارگەی هونەرمەندانی دیکەیان کرد و، سەری ڕێزوحورمەتیان بۆ خەمخۆران و هونەرمەندان و بەهرەمەندانی گەلەکەمان دانواند.
شیاوی باسە قادر عەبدوڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە یەکێک لە ژەنیارانی بەتوانای ئامێری شمشال بوو، کە جیا لە هونەرەکەی خەمخۆریی و ئەمەگناسی ئەو هونەرمەندە بە بزووتنەوەی گەلی کورد و ڕێبەرانی شەهید، مەزنایەتی و خۆشەویستییەکی تایبەتی پێبەخشیوە.
قالەمەڕە کە بە لفەودوانەی شمشاڵ بەناوبانگە لە رۆژی ١ی سەرماوەزی ١٣٠٤ کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان ھاتە دنیاوە.
دواتر بە هۆی هۆگری بە ئامێری شمشال بۆ بە کەسێکی شارەزا لەو بووارەدا و لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سحراوی و ئاسمانی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و رەسەنی پێشکەش کرد. قالەمەڕە شمشاڵی بە شکۆیەکی بە بێوێنە، لە مووسیقای کوردیدا جێخست.
چەندین کەس لە پسپۆڕان و مووسیقاڕە بەناوبانگەکانی کورد وەکوو ، ئەنوەر قەرەداغی و حسێن یووسف زەمانی هونەری قالەمەڕەیان بەرز نرخاندوە.
ئەو هونەرمەندە تەنانەت لە کاتی بەساڵاچووییدا لە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە، کۆڕ ویاد و بۆنەکانی بە شمشاڵەکەی دەڕازاندەوە .
ئیمپراتووری شمشاڵ، قاڵەمەڕە ، دوای تەمەنێک خزمەتی ڕاستەقینە بە مووسیقی کوردی لە ساڵی ٨٩ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
٢٢/٥/٢٠١٨