خۆپیشاندانەکانی شاری ئەهواز دژی بێڕێزیکردن و لەبەرچاونەگرتنی نەتەوەکانی ئێران لە ناوەندەکانی دەنگ و ڕەنگی رێژیم بەردەوامی هەیە و ڕێژیم شاری ئەهوازی میلیتاریزە کرد.
دەسپێكردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شاری ئەهواز بەهۆی "هەڵاواردنی ڕەگەزی" بەرانبەر هاووڵاتیانی عەرەب کە دواجار لە بەرنامەی "کلاه قرمزی" خۆی نواند، گرتن و لێدانی بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە و زیادکردنی فەزای پۆلیسی لێکەوتەوە.
بەپێی دوایین گرتە ڤیدیۆییە بلاوکراوەکان، هەنووکە فەزای شارەکانی پارێزگای خوزستان و بەتایبەت شاری ئەهواز بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و دژی گەلییەکانی ڕێژیم بەمەبەستی ترساندنی خەڵکی ڕاپەڕیو سەرقاڵی مانۆڕدانن.
ئەمەش دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری ئەهواز و شارەکانی ئابادان و ماهشەهر خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و وێڕای دانی درووشم لەدژی ڕێژیم، دیوارەکانیان بە درووشمی "مرگ بر خامنەای" ڕازاندۆتەوە.