بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان خوازیاری ئەوەن کە سەبارەت بە کوژرانی سێ کەس لە خۆپێشاندەرانی بەندکراو لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دادگاییەکی ئاشکرا بەڕێوە بچێ و بە ئەو مەبەستەش نامەیەکی سەرئاوڵەیان ئاراستەی دادستانی گشتیی شاری سنە کردوە.
لە بەشێک لە نامەی چالاکانی کورد بە خستنە بەرباسی ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار و گیانلەدەستدانی سێ کەس لە خۆپێشاندەرانی بەندکراو لە گرتووخانەی ئیتلاعات لەو بارەوە دەڵێن:
لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران لە دژی بارودۆخی سیاسی-ئابووریی وڵات، لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران، هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لە گرتووخانەکان بڵاو بۆتەوە. لە شاری سنە هەواڵی پشتڕاستکراوی گیان لەدەستدانی گوماناویی سێ کەس بە ناوەکانی حسێن قادری، سارۆ قارەمانیو کیانووش زەندی بڵاو بۆتەوە. مخابن هەواڵی گیان لەدەستدانی کەسانی دیکەش هەیە لە گرتووخانەکانی ئێران کە بۆتە هۆی ترسو دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بە وەبیرهێنانەوەی کوژرانی خوێندکاری کورد بە ناوی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی کە دەس لەمەوپێش لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گیانی لە دەستدا هاتووە؛ دە ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی ئیبڕاهیم لوتفووڵڵاهی خوێندکاری سنەیی تێدەپەڕێو تا ئێستاش دادگاییەکی بێلایەن بوونی نییە بۆ ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی لەسەر ئەم پرسە.
ڕەنگە ئەگەر لە ماوەی ئەو دەساڵەدا تاوانباران لە بەردەم دادگایەکی ئاشکرادا بە سزای خۆیان دەگەیشتن یان ئەگەر دادگایەک بۆ دادگایی کردنی بەرپرسانی کوشتنی کۆڵبەرانو کاسبکاران هەبووایە، ئێستا ئەم بابەتە نەدەبوو بە مژارێکی ڕۆژانەو نەدەبوو بە دیاردەیەکی ئاسایی.
لە کۆتاییدا، ئێمە وەک واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە وەکوو هاووڵاتیانی کوردستانو سنە کە لە خەمی پارێزراوبوونی گیانی هاووڵاتیان داین داوا لە بەڕێزتان وەکوو داواکاری گشتی دەکەین کە لە هەمبەر کوژرانی ڕۆژانەی دەسبەسەرکراون کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە بە کردەوە کاری بۆبکەنو دادگایییەکی ئاشکرای بۆ پێکبێننو دوور لە کاریگەری سیاسیو ئەمنییەتی ڕای گشتی لە بوونی دەزگایەکی قەزایی دڵنیا بکەنەوە.
15/2/2018