سەرەڕای ئەوەی پارێزگاری کرماشان و هەندێ لە پەرلەمانتارانی ئێران هەواڵی زیابوونی ڕێژەی گیان لەدەستدانی منداڵانی بوومەلەرزەلێدراویان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام سێیەمین منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵ و زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کرماشان منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە شاری سەرپێڵ، زەهاو بەهۆی سەرما و سۆڵە و نەبوونی پێداویستییەوە گیان لەدەست داوە.
ڕۆژنامەی شەرقی تارانیش بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە مەرگی ئەو منداڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، پێشتریش کچێکی تەمەن یەک ساڵ و نیو و کچێکی تەمەن 17 ساڵ و خاوەن پێداویستیی تایبەت لەناو بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە.
دوو منداڵەکە ناویان "سارینا و محەمە" بووە و شەهاب نادری نوێنەری شاری پاوە لە پەرلەمانی ئێران بەبێ ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر گوتی لە شاری سەرپێڵزەهاو چەند منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان ەلدەست داوە.
هەرچەند زیاتر لە 70 ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشاندا تیدەپەڕێت، بەڵام سەرەڕای بەڵێنییەکانی حکوومەت و سوپای پاسداران بۆ دابینکردنی کابینە و نیشتەجێکردنی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵزەهاو و شارەکانی دیکە، بەڵام خەڵک لەناو سەرما و سۆڵەدا لەوپەڕی بێدەرەتانیدا دەژین.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان هەتا ئێستا 21 کەس لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان بەهۆی زەخت و گوشاری ئابووری و دەروونییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
نزیکەی 15 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەناو خێوەتەکان ڕووی داوە و چوار کەس بەو بۆنەوە گیانیان لەدەست دا، سەرەڕای نەبوونی ئیمکانات وەرزی سەرما و بەفر و بارانیش هێندەی دیکە ژیانی خەڵکی لێقەوماوی دژواتر کردووە.
27/1/2018