وەزیری ناوخۆی یەمەن رایدەگەیەنێت، کە حکوومەت لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان کار بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک دژی میلیشیا ئێرانییەکان دەکات.
عەبدولمەلیک مەخلافی، وەزیری ناوخۆی یەمەن بە کەناڵی (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، ئێستا هیچ پاڵپشتییەکی سیاسی و جەماوەری بۆ میلیشیای حوسی نەماوە، کە ئێران پشتگیریی ماددی و سەربازی دەکات.
عەبدولمەلیک مەخلافی هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزە شەرعییەکانی یەمەن لە بەرەکانی شەڕی دژی حوسییەکان لە پارێزگای شەبووە و کەناراوەکانی رۆژئاوا، سەرکەتنیان بەدەست هێناوە.
وەزیری ناوخۆی یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن بە دەستی چەکدارانی حوسی، پاڵپشتیی جەماوەی و سیاسی بۆ ئەو میلیشیایە نەماوە و حکوومەتیش لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی یەمەن هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازی دژی ئەو میلیشیایەدروست دەکات.
رۆژی دووشەممە 4/12/2017، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە لە سەرەتای مانگی 12ـی 2017 لە میلیشیای حوسی هەڵگەڕایەوە و دەستی بە راپەڕینێکی چەکداری کرد بۆ رزگارکردنی یەمەن، بە گوللەی چەکدارانی حوسی کوژرا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
18/12/2017