كۆماریخواز: لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانە کە هەندێک لەو 3250 ئێرانییەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە عێراقن و دانیشتووی کامپی «عێراقی نوێ»ن بەدووریی 60 کیلومەتر لە باکووری بەغدا، بەرەوڕووی هەڕەشەی جیددیی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە گەر حکومەتی عێراق بە پیی پلانەکەی خۆی بۆ داخستنی کامپ تا کۆتایی دیسامبەری 2011 بەردەوام بێت لە گوشارهێنانەکە.
ئەم کامپە کە پێشتر وەک کامپی ئەشڕەف ناسرابوو، لەرابردوودا چەندین جار کەوتۆتە بەر پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی عێراق کە دەیان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. هەر لەم دواییانەدا لە رۆژی 8ی نیسان (ئاپریل)، سەربازە عێراقییەکان بە بەکارهینانی هێزی لە رادەبەبەر و دەستڕێژی گوللەی راستەقینە دژ بە دانیشتووانی ئەشڕەف، کە ئەوان لە بەرانبەریاندا هەوڵیان دەدا بووەستن، هێرشیان کردە سەر کامپەکە. نزیکەی 36 کەس لە دانیشتووانی و لەوانە 8 ئافرەت کوژران و زیات لە (300) کەس بریندار کران. لە پەلاماردانێکی پێشووتردا لە 28 و 29ی تەموز (ژوییە)ی 2009دا، لانیکەم 9 کەس لە دانیشتووانی کامپەکە کوژران و ژمارێکی دی بریندار کران. 36 کەس لە دانیشتووانی ئەم کامپە دەستبەسەر کران بۆ ماوەی زیات لە دوو مانگ و، بە پێی راپۆرتەکان ئەشکەنجە دران تاکو لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2009 ئازاد کران.
کامپی ئەشڕەف کە تاکو ئەوکاتە بەم ناوە دەناسرا، پێشتر تا مانگی حوزێرانی 2009 لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە پارێزرابوو و ئینجا رادەستی حکومەتی عێراق کرا. لەو کاتەوە ئەم کامپە و دانیشتووانی کامپەکە کردارییانە کەوتنە بەر ئابلۆقەی سەربازە عێراقییەکان. حکومەتی عێراق گوشارەکانی خۆی بۆ سەر دانیشتووانی کامپەکە، کە زۆرێکیان سەر بە سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێرانن زیات دەکات بۆ ئەوەی عێراق جێ بهێڵن. سازمانی موجاهیدین، سازمانێکی ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانییە کە پێشتر و تا بەر لەوەی باوەڕ بە توندوتیژی وەلابنێت، سەرقاڵی پەلاماری چەکدارانە بوو دژ بە ئێران. لە لایەن سەرکۆماری پێشووی عێراق، سەدام حسێنەوە کە لە ساڵی 2003 رووخا رێگە درا کە وەک ئاوارە لە عێراق جێگیر بن.
حکومەتی عێراق بەردەام نەیاربوونی خۆی راگەیاندووە لە ئاست مانەوەی ئەم کامپە. سەرکۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی لە سەردانەکەی خۆیدا بۆ ئێران رایگەیاند کە کامپی ئەشڕەف لە کۆتایی ئەمساڵدا دادەخرێت و دواتریش حکومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر ئەم بابەتەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاست کردەوە.
لە هەمانکاتدا، کۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان) لە راپۆرتێکدا ئەوەی راگەیاند کە ژمارێکی زور داوکاریی پەناهەندەیی پێ گەیشتووە لە کامپی ئەشڕەفەوە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە «دوامۆڵەت بۆ داخستنی ئەشڕەف) درێژ بکاتەوە و داخستنەکە دوا بخات و «ئیمکاناتی پێویست»ی فەراهەم بکات و رێگە بدات کە دیمانەکردن لەگەڵیاندا، لە «شوێنێکی ئارام و بێلایەن و خسوسی» بکرێت لە دەرەوەی کامپەکە.
بەڵام تا رێکەوتی 31 ئۆکتۆبەر، گفتوگۆکانی نێوان کۆمیساریا و یونامی و حکومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی دیمانەکردنەکردنانی تایبەت بە پەناهەندەیی هەروا بەردەوام بوو. دانیشتووانی ئەشڕەف پێداگر بوون کە دیمانەکان لە نزیک کامپ ئەنجام بدرێت. چون لە نەبوونی پاراستن و ئاسایش دەترسن. ئەگینا هیچ گەرەنتییەک نابێت و لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی عێراقەوە دەستگیر دەکرێن و بە زۆرەملی رادەستی ئێرانیان دەکەنەوە واتا ئەو شوێنەی کە ئەوان بەرەوڕووی هەڕەشەی جیددی پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق دەکاتمۆڵەتی پێویست بدات بۆ تاوتوێکردنی گونجاوی داواکارییەکانی دانیشتووانی ئەشڕەف بۆ ئەوەی کۆمیساریا بتوانێت بڕیاری خۆی بدات لەسەر ستاتۆی دانیشتووانی کامپ بە شەخسی و لە شوێنێکی بێلایەن و لە کاتێکی گونجاو و شێوازێکی ئارامدا. لە میانەی ئەو پرۆسەیەدا، ئاسایش و پاراستنی دانیشتووانی ئەشڕەف دەبێ لە باڵاترین ئاستی خۆیدا بێت. ئەگەر دیمانەکان لە دەرەوەی کامپی عێراقی نوێ ئەنجام بدرێت، ئاسایش و پاراستنی دانیشتووان دەبێ دەستەبەر بکرێت و یەک لەوان گەڕانەوەیان بۆ ناو کامپەکە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی پێداگرانە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێزێکی تەواو بگرێت لە مافە مرۆییەکانی دانیشتووانی ئەشڕەف لە کامپی عێراقی نوێدا و داواکارە کۆتایی بهێندرێت بە هەموو ئەو ئەزیەت و ئازارانەی دانیشتووانی ئەشڕەف لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی عێراق کە لە دەوروبەری کامپەکەن.
لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا و باکووری ئەمریکا دەکات کە دەستپێشخەری بکەن و رەزامەندیی خۆیان نیشان بدەن بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی کامپی ئەشڕەف کە وەک پەنابەر ناسراون.
پێشێنە
بە بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوە کە دانیشتووانی کامپەکە ماوەی 25 ساڵە لە عێراق دەژین، حکومەتی عێراق دواکاریی خۆی خستەڕوو بۆ دەرچوونی ئەوان لەم وڵاتە. لە ساڵی 2009 حکومەت بە دانیشتووانی کامپەکەی راگەیاند کە دەبێ تا 15 دیسامبەری 2009 عێراق جی بهێڵن و ئەگینا ئەوان بە زۆرەملی لە ناو عێراقدا جێگۆڕکێ پێدەکەن. بەڵام وادیارە بەهۆی گوشاری نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمکارەی نەکرد.
بەڵام لە پەلاماردانەکەی ئاپریل (نیسان)ی 2011ەوە، کاربەدەستانی عێراقی کۆنتڕۆلی دانیشتووانی کامپەکەیان توندتر کردووە تا رادەیەک کە ژمارێک لە بریندارەکان و نەخۆشە سەختەکان بێبەش کراوە لەوەی بتوانن بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی لە کامپەکە دەربچن. هەروەها لە راپۆرتەکاندا هاتووە کە هێزەکانی عێراق رێگرییان کردووە لە تەلەفونکردن و جۆرەکانی تری پەیوەندیکردنی دانیشتووانی کامپەکە بە دەرەوەی کامپەکە و بڵندگۆی زۆریان داناوە بۆ ئەوەی دانیشتووانی کامپەکە بترسێنن و وا نیشان بدەن کە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی خەریکی ئامادەکارین بۆ پەلاماردانێکی توندوتیژانەی دی بۆ سەر کامپەکە.
لە بەرانبەر گوشاری نێودەوڵەتیدا و دوای پەلاماردانەکەی نیسانی 2011 بۆسەر کامپەکە، حکومەتی عێراق گوتی لێژنەیەکی پیکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر پەلاماردان و کوشتارەکان. بەڵام هەروەک فایلەکانی پێشوو کە راگەیاندرابوو لێکۆڵینەوە دەکرێت، هیچ دەرەنجامێکی لێ دەرنەکەوت و روون نیە کە هەرگیز لێکۆڵینەوەیەکی جیددی کرابێت.