ئەمساڵ لە مەهاباد، مەریوان، پیرانشار، کەرەند، بۆکان، سنە، سەردەشت و چەندین شار و گوندی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڵاتیان، بە شێوەیەکی جەماوەری جەژنی نەتەوەیی نەورۆزیان پیرۆز کرد. بە گوێرەی ئەو زانیاریەکان، هاوکات لەگەڵ پیرۆزکردنی جەماوەری نەورۆز لە باکوور و باشووری کوردستان، ئەمساڵ لە دەیان شار و گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوڵاتیان لە دەرەوەی شارەکان، بە بەستنی کۆڕی موسیقا و هەڵپەڕکێ نەورزیان پیرۆزکرد. هاوڵاتیانی پیرانشاری، سەرەڕای کەش و هەوایی ساردی هەرێمەکە، لە دەرەوەی شار لەدەوری کۆبوونەوە و بە وتنەوەی سروود و گۆرانی و بەستنی کۆری هەڵپەڕکێ جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد. دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ئاوایی پەسوێ سەر بە هەمان شارستان، هاوڵاتیان ڕێووڕەسمێکی جەماوەریان بەڕێوەبردبوو. هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی مەریوانی، وەک ساڵانی ڕابردوو لە دەرەوەی شار و لە نیزێک ئاوایی چۆڕ کۆبوونەوە و بە هەڵپەڕکێی کوردی و وتنەوەی سروود و گۆرانی فۆلکلۆرپێشوازی بەهار و ساڵی تازەیان کرد و نەورۆزیان بەرز ڕاگرت.
لە شاری مەهابادیش هاوڵاتیان لە دەورووبەری بەنداوی شارەکە پێکگەیشتن و بە گۆڤەند و موسیقی کوردی بەخێرهاتنی نەورۆزیان کرد. هەروەها لە شارەکانی سەردەشت، ڕەبەت، بۆکان، کەرەندی کرماشان، سنە و چەندین شار و شارۆچکەی تری کوردستانیش نەورۆز بە شێوەی جەماوەری بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کراوە. شایانی باسە کە پیرۆزکردنی نەورۆز بە شێوەی جەماوەری، هاوکات لەگەڵ باکوور و باشووری کوردستان، لەمساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆتە باو و بە پێچەوانەی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەت هەوڵ نادەن ئاستەنگی بۆ ئەو جۆرە ڕێووڕەسمانە سازبکەن.