پاش ئەوەی زانرا کە بڕیارە خەڵاتیێک لە ژێر ناوی "مرۆڤایەتی و لێبوردەیی" ئەمساڵی شاری بوخومی ئاڵمان پێشکەش بە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"، سەرۆک وەزیری تورکیا بکرێ، دەیان ڕێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنی لەم وڵاتە دژ بەو بڕیارە هەڵوێستیان گرت.
ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسانی ئاڵمان وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیبەرانبەر بە هەڵبژێرانی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دەڵێ: کەسێک کە بە زەخت و گووشار، سانسۆر دەخاتە سەر مێدیا و ڕۆژنامەوانان ئاستەنگ دەکات، شایانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نیە".
دامەزراوەیەکی کۆچبەرانی ئاڵمانیش لەمبارەوە وتوویەتی کە "ئەردۆغان مەودایەکی زۆری لەگەڵ مرۆڤایەتی و ئەورووپا هەیە و شایانی ئەوە نیە کە ئەو خەڵاتەی پێببەخشرێ". بە گوێرەی ڕادیۆ ئاڵمان، بەرپرسانی حیزبی سۆسیال مەسیحی ئەو وڵاتەش بە توندی ڕەخنەیان لەو بڕیارە گرتووە و وێڕای ئاماژە بە سەرکوتی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینیەکانی، نایەکسانی ژن و پیاو، گووشار بۆ سەر مێدیاکان و پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤ لە تورکیا، ئەردۆغانیان تەنیا بە شایانی بەخشینی خەڵاتی "نا-لێبوردەیی" لەقەڵەم داوە.
هاوکات کۆمەڵەی فیدراسیۆنە کوردیەکانی ئاڵمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلەویەکانی دانیشتووی ئاڵمان و دەیان ڕێکخراوەی تری کورد، ئەرمەنی و لایەنگری مافی مرۆڤ بڕیار بوو ئەمڕۆ، هاتنی ئەردۆغان پڕۆتیستۆ بکەن و هەر بۆیەش پۆلیسی بوخوم لە ئامادەباشی تەواو دابوو.
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 17ی مارس، ئەردۆغان، لە شاری بوخومی ئاڵمان، بە بۆنەی ڕێزنان لە پەنجایەمین ساڵی دۆستایەتی ئاڵمان و تورکیا، خەڵاتێکی لە ژێر ناوی "شتایگێر" پێبدرێ بەڵام ناوبراو بە بیانووی کوژرانی سەربازانی تورکیا لە ئەفغانستان، لە سەردانەکە پاشگەز بۆتەوە.