ساکار عەبدوڵلازاده
رووداو-هەولێر
له چەند رۆژی رابردوودا یەکەم ژمارەی مانگنامەی "رۆژی کورد" به دروشمی (رزگاری، سەربەخۆیی، دەوڵەتی کوردی، دادپەروەری) لهلایهن كۆمیتهى ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دهرچوو.
عەلی زیرەک، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان له لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (رووداو) سەبارەت به پێویستی دەرچوونی ئەو رۆژنامەیه، رایگەیاند "رۆژی کورد یەکێک لەو کەموکوریانه پڕ دەکاتەوە که له راگەیاندنی رزگاریخوزاەکان، بەدی دەکرێت. ئەویش باس له پرسی سەربەخۆیی کوردستانه".
ههروهها گوتى "رۆژی کورد دەیهوێت بێجگە لەو هەواڵ و راپۆرتانەی بۆ رۆژهەڵات دەکرێت، سیاسەتی پاڕانەوەی پێدانی ماف لە داگیرکەر لا ببات و راستەوخۆ به داگیرکەر بڵێت که ئێمە شان بەشانی ئێوە خاوەنی مافین و ئێوە ناتوانن ماف به ئێمە بدەن".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی شۆڕشگێران سەبارەت به هۆکاری ناونانی رۆژنامەکەیان رایگەیاند: "ئێمه بە مەبەستێکی تایبەت و دوای راوێژێکی زۆر ئەو ناوەمان هەڵبژاردوە. رۆژی کورد ئەو رۆژنامە سەربەخۆ خوازه بوو که سەردار سمکۆی شکاک بڵاوی کردەوە. ئێمەش وەک رێز و خۆشەویستیەک بۆ سمکۆ شاک و شۆڕشه مەزنەکەی و ئاماژەیەک به هەلی زێڕینی سەربەخۆ خوزای له قۆناغی ئێستادا ناوی رۆژی کوردمان بۆ هەڵبژاردووە ".
رۆژی کورد و شەوی عەجەم ناوی ئەو رۆژنامەیه بوو که سمایل ئاغای سمکۆ شکاک له سەرەتای سەدەی بیستەم له شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان به ههردوو زمانی کوردی و فارسی بڵاوی کردوە و به یەکەمین رۆژنامەی سەردەمیانەی کوردی له رۆژهەڵاتی کوردستان دادەندرێت. كه سەرنووسەرەکەی مەلا محەممەد تورجانی زاده بوو.