کۆنفڕانسی زمانی نەتەوەیی لە ڕۆژانی ٢، ٣ و ٤ی مانگی مارس لە شاری ئامەد بە بەشداریی ٣٠٠ زمانزان، پەروەردەکار، سیاسەتمەدار و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە هەموو بەشەکانی کوردستان و جیهانەوە پێک هات. لەو کۆنفرانسە دا لە سەر بابەتی وەک دەوری زمان لە یەکێتی نەتەوەیی دا،ئەلفووبێ و ل…ەهجە کوردییەکان، سیستمی پەروەردە و ئاکادێمی زمان ووتار پێشکێش کران. لە ئاکامی لە سەر دوان و هەڵسانگاندنی نوێنەرانی بەشدار لە کۆنفڕانس دا بڕیار درا ئەو داوخواز و پێشنیازانەی خوارەوە پێشکێشی بیروڕای گشتی، کۆنگرەی نەتەوەیی و لایەنی پێوەندیدا بکرێن. کۆنگرەی جڤاکی دێمۆکڕاتیک، ئەو خاڵانەی خوارەوەی کە لە ئەنجامنامە دا هەن ئاشکرا کرد:
1. هەبوونی زاراوە کوردییەکان دەوڵەمەندییە،پاراستن و گەشەپێدانیشیان ئەرکێکی نەتەوەییە.
2. لەم ڕۆژانە دا کە بەسترانی کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورد دە ڕۆژەڤ دایە، دەبێ کوردیش خاوەنی بەرنامە و سیاسەتێکی نەتەوەیی زمانی بێ.
3. ئەم کۆنفڕانسە بە ستاندار بوونی هەرکام لە زاراوەکان بە پێویست دەزانێ، بەڵام لە کاتی ئاستە کردنی زاراوەکان دا دەبێ هەر شت بەپێی شێوەی خۆی ئاستە بکرێ.
4. بۆ ئەوەی کورد لە یەکتری تێبگەن و بۆ پێکهاتنی ووشیاریی نەتەوەیی پێویستی بە هەبوونی یەک ئەلفووبێ هەیە. هەتا گەیشتن بەو قوناخە، لە بەر گونجاو بوونی هەلومەرجی باشوور، پێویستە لەوێ هەر دوو ئەلفووبێ لە سیستمی پەروەردە و لە هەموو بوارێکی دیکە دا بەکار بهێندرێن.
5. ئەم کۆنفڕانسە پەروەردە بە زمانی کوردی بە مافێکی تەبیعی و نەتەوەیی دەزانێ بۆیە لە پلەی بەر لە خوێندنگە تا زانکۆ داوخوازی پەروەردە بە زمانی کوردی دەکا، دیارە ئەوەش بە هەبوونی ستاتوسێکی سیاسی پێک دی.
6. کۆنفڕانسی ئێمە لە پێناو ساز کردنی کۆمەڵێکی دێمۆکڕاتیک و پلوڕالیست پێشنیازی سیستمێکی وەهای پەورەردە دەکا کە بەختەوەری و بەرەوپێشبردنی ئینسان بە ئەساس دابنێ.
7. بۆ گەڵاڵە کردنی بەرنامەیەکی زمانیی نەتەوەیی پێویستی بە سازکردنی جووڵانەوەیەکی زمانیی کوردستانی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ کار و پێویستییەکانی زمانی کوردی جێبەجێ بکا. لەو کۆنفڕانسە دا بۆ سازکردنی جووڵانەوەیەکی ئەوتۆ دەستەیەک کە لە ٣١ کەسان پێک دێ، هەڵبژێردرا.
8. کۆنفڕانس بانگەوازی کوردان دەکا لە هەموو بوارەکانی ژیان دا زمانی کوردی بەکاربهێنن و پێوەی بژین.
9. کۆنفڕانس سڵاو دەکا لە خەبات و تێکۆشینی گەلەکەمان لە باشووری ڕۆژئاوا لە بواری زمان و پەروەردە دا و پشتیوانی خۆی لەوان دەردەبڕێ.
10. ئێمە پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین لە داوخوازی زیندانیانی سیاسی کورد بۆ هەبوونی مافی پارێزگاری لە خۆ کردن بە زمانی کوردی.
11. ئێمە سیاسەتی ئاکەپە و هەڵوێستی کاربەدەستەکانی سەبارەت بە زمان و کولتووری کوردی شەرمەزار دەکەین و ئەو سیاسەتە بە بەردەوامکردنی سیاسەتی تواندنەوە و حاشالێکردن دەزانین. هەر بە هەمان شێوە سیاسەتی ڕێژیمەکانی دیکەش لە ئاست کوردان بە هیچ جۆر ناپەژرێنین.
12. کۆنفڕانسی ئێمە ئەو ئۆپێڕاسیۆنە نیزامی و سیاسییانەی کە لە سەر کوردان بەڕێوەدەچن شەرمەزار دەکا و بۆ چارەسەری پێشنیازی دیالۆگ و موزاکەرە دەکا.
13. منداڵ بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی زۆر گرینگن. بۆیە لە سیاسەت و بەرنامەی زمانی نەتەوەیی دا دەبێ جێیەکی تایبەت تەرخان بکرێ بۆ منداڵان.
سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی دیجلە
دەقی ئەم بابەتە لە لاپەڕەی بەرێز حەسەن قازی لە فەیسبووک وەرگیراوە.