خۆر نیوز- لە شاری بۆکان ململانێی بانگەشەکردن لە نیوان دوو پالێوراو دوکتور قەسیم عوسمانی و حاچ ئەنوەر حەبیب زادەی بۆکانی لە پەرەسەندن دایە و لە هەندێ جێی دا لە نیوان لایەنگرانی ئەم دوو پاڵێوراوە پێکدادان هاتۆتە ئاراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان بە خۆرنیوزی راگەیاند: ناوەندەکانی بانگەشەکردن بە شەو و رۆژ لە لایەن خەڵکێکی زۆرەوە پێشوازی دەکرێ و بە تایبەتی شەوان خەڵک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو روو لە شوێنی بانگەشەکردنەکە (ستاد) دەکەن و پشتیوانی خۆیان لە پاڵێوراوی خۆیان دەردەبڕن.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد ک شەوی رابردوو نزیکەی 14000 کەس بەشدارییان لە ستادی دوکتور قەسیم عوسمانی و نزیکەی 8000 کەسیش بەشدارییان لە ستادی حاج ئەنوەر حەبیب زادەی بۆکانی دا کردووە و لە هەندێ شوێندا بە هۆی ململانێی زۆری نیوان دوو پاڵێوراوەکە شەڕ و پێکدادان لە نیوان لایەنکرانی هەر دوو لادا هاتۆتە ئاراوە و زەرەری گیانی نەبووە.
سەرچاوەکە بۆ خۆرنیوز زیادی کرد لەگەڵ ئەوەی حزبە کوردییەکان بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەیان کردووە بەڵام چاوەڕوان دەکرێ خەڵکێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.
تێبینی؛ وێنەکان پەیوەندییان بە ستادی دوکتور قەسیم عوسمانییەوە هەیە . سەرچاوە: خۆرنیوز