a
هێمن خۆشناو
تایبەت بە رووداو
دانانی بازگەی پشكنین لە ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لەلایەن پارتaی یەكێتی دیموكراتی PYD حیزبەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستانی توڕەكردووە، چونكە ئەزیەتی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەكانی دیكە دەدەن، بەرپرسانی PYDیش دەڵێن ئەو بازگانەیان بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان داناون.
PYD كە بە لقی سووریای پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دادەنرێت، لە چەند رۆژی رابردوودا وێنەی چەند خاڵێكی پشكنینی لە چەند ماڵپەڕێكی كوردی رۆژئاوای كوردستاندا بڵاكرانەوە، كە بە ئاڵای حیزبەكەیان و وێنەكانی عەبدوڵڵا ئۆحەلانەوە بە ئازادی بازگەیان داناون. هەروەها لەچەند رۆژی رابردووشدا ئەو حیزبە نمایشێكی ئەندامە دەمامكدارەكانی لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا، كە جلوبەرگی رەشی هاوشێوەی سوپای مەهدییان پۆشیوەو وێنەی ئۆجەلانیان لەسەر سینگە.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی PYD رەتیكردەوە ئەوانە سەر بە PYD بن، بەڵام گوتی لەوكاتە هەستیارەدا خەڵكی كورد بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی خۆی لیژنەی جەماوەری دروستدەكات، یەكێك لە ئەركەكانی ئەو لیژنانەش پاراستنی گوند و ناوچەكانە. لە درێژەی لێدوانەكەشیدا بۆ (رووداو)گوتی "لەوانەیە لەناو لیژنەیەكی دیاریكراودا دۆستێكی PYDیش هەبێ".
ئاڵدار نكۆڵی لەوەناكات كە لەسایەی ئەو لێژنانە چەندین كێشە دروستبوون، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "زۆربەی ئەو كەسانە گەنجن و خوێن گەرمن، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی رەفتار دەكەن، ئەمەش چەندین رووداوی لێكەوتووەتەوە".
بەڵام عەبدولباقی یوسف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی یەكێتی كورد لە سووریا، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی، كە ئەو بازگانە لەلایەن PYD دانراون و گوتیشی "بۆ دانانیشیان مۆڵەتیان لە رژێمی ئەسەد وەرگرتووە" ، هەروەها گوتیشی " ئەندامانی PYD بە چەك لە ناوچەی عەفرین دەسوڕێنەوە، هەموو میللەت دەڵێ رێگە لەخەڵك دەگرن و خەڵك دەپشكنن. بە رەزامەندی حكومەتیش ئەو كارە دەكەن".
هەروەها نوری بریمۆ، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا، دەڵێ خەڵك گلەیی لەدانانی ئەو خاڵە پشكنینانەی PYD دەكات كە لە ناوچە كوردییەكان دایناون. لەمبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەگەر رێككەوتنیان لەگەڵ رژێم نەبێت ناتوانن ئەوە بكەن، هاووڵاتییەكی ئاسایی ناتوانێ دەمانچەیەك هەڵبگرێت ئینجا چۆن دەتوانێ بازگە دابنێت".
عەفرین شارۆچكەیەكی كوردییە لە رۆژئاوای كوردستان و سەر بە پارێزگای حەلەبە. ژمارەی دانیشتووانی بە نزیكەی 350 هەزار كەس دادەنرێت. خەڵكی ئەو ناوچەیە زۆرتریان هەواداری PKKن، ژمارەیەكی زۆر لە گەنجانی عەفرین لە ریزەكانی هێزی گەریلای PKKدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها چەندین بەرپرس و كادیری باڵای PKK خەڵكی عەفرینن. بۆیە ئەم ناوچەیە وەك سەنتەرێكی PYD دادەنرێت.
عەبدولحەكیم بەشار، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، دەڵێ بازگە دانانی PYD لە ناوچە كوردییەكان هەواڵێكی راستە و دەنگۆ نییە. هەروەها بە (رووداو)ی راگەیاند"خاڵێكی پشكنینی جێگیریان لەنزیك سنووری توركیا لە راجۆ داناوە، كە ئاڵای PKK و وێنەی ئۆجەلانیان هەڵواسیوە". عەبدولحەكیم بەشار رەتیكردەوە هیچ بۆشاییەكی ئەمنی لە ناوچەكە هەبێ كە پێویست بكات خەڵك خۆی چەك هەڵبگرێ و خاڵی پشكنین دابنێت، چونكە هێشتا هێزەكانی سووریا لەوناوچانە هەن.
عەبدولباقی یوسف دەڵێ چەكدارانی PYD لەهەموو رۆژئاوای كوردستان خاڵی پشكنینیان داناوە "تەنیا وێنەكانی عەفرین بڵاوبوونەتەوە، بەڵام لە دێرك و قامشلۆ بگرە تاوەكو سەرێ كانیێ بازگەیان هەیە".
بە بڕوای عەبدولباقی یوسف، هیچ بیانوویەك نییە بۆ دانانی ئەو بازگانە و دەڵێ "مەترسی هەیە ئەو بارودۆخە ببێتە هۆی ناكۆكی و شەڕی نێوان كورد و كورد".
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی سەركردایەتی PYD بەدووری زانی ئەو بازگانە دروستبوونی شەڕیان لێبكەوێتەوەو دەڵێ "هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە لەنێو میللەت بۆ ئەو مەبەستە دەستپێدەكەین. هەموو لایەكمان ئاگاداركردووەتەوە، سنووری ئامانجی ئەو بازگانە نەبەزێنن".
سەرچاوە: رووداۆ