بڕیارە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو دووەمین كۆنگرەی جیهانیی كورد بە بەشداری زیاتر لە 500 كەسایەتی ئەكادیمی و زانستی تاراوگەنشینی كورد و دۆستی كورد لەشاری هەولێر بەڕێوەبچێ، پاش ئەوەی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو یەكەمین كۆنگرەی لەوجۆرە لە شاری رۆتەردامی هۆڵەندا سازكرا و پتر لە 150 كەسایەتی كورد و بیانی تێیدا بەشداربوون.
پرۆفیسۆر د.ئالان دیلانی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتی كۆنگرەكە بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەوان سەرەتا بڕیاریاندابوو كۆنگرەكە دوو ساڵ لەدوای یەك لە دەرەوە ببەسترێ و ساڵی سێیەم بهێنرێتەوە كوردستان، بەڵام لەدوایین سەردانیاندا بۆ هەولێر و پاش دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا دووەمین كۆنگرە لە هەولێر ببەستن. لەوبارەوە گوتی “ئێمە دەمانویست ئەم كۆنگرەیەش لەدەرەوە بێت و ئەوانەی كوردستانیش بەشداری بكەن، بەڵام كە هاتینەوە كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرەو بەتایبەتیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەمان كرد، گەیشتینە ئەوەی ئەمساڵ كۆنگرەكە بهێنینەوە كوردستان”.
ئامانج لەو كۆنگرەیە وەك ئالان دیلانی گوتی، دروستكردنی نێتوۆركێكە لەنێوان زانستكارانی كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان لە سەرانسەری جیهان و دامەزراندنی پردێك لەنێوان ئەوان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە ئەو توانا زانستییە بخرێتە خزمەتی بەرەوپێشبردنی كەرتە جیاوازەكان، سەرباری لۆبیسازی بۆ ناساندنی پرسی كورد لەڕێگەی ئەو زانستكارانەوە.
ئالان دیلانی، كە ئێستا راوێژكاری وەزارەتی تەندروستی هەریەك لە مالیزیا و باشووری ئەفریقیایە، رەخنە لەوە دەگرێ كە لەكاتێكدا وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا داوودەزگا و بودجەی گەورە بۆ سوودوەرگرتن لە توانا زانستییەكان تەرخاندەكەن، هەرێمی كوردستان هیچ سوودێكی لەو توانا زانستییەی كوردان وەرنەگرتووە كە بە سەرانسەری دنیادا بڵاوبوونەتەوە.
دیلانی گوتیشی “كوردستان پێویستیەكی زۆری بەو زانستكارانەیە كە لەدەرەوە دەژین، ئێمە دەمانەوێ ئەوانە بێنەوە و هانیانبدەین بۆئەوەی خزمەت بكەن، خەڵكێكی زۆر بەتوانامان هەیە لەدەرەوە، من بەهۆی كارەكەمەوە ساڵانە سەفەرێكی زۆر بە تەواوی دنیادا دەكەم، خەڵكێكی یەكجار زۆر كوردم بینیون كە لە بواری جیاجیادا خوێندوویانە و بڕوانامەی بەرزیان هەیە، بەڵام بەداخەوە كوردستان ئاگای لەوانە نییە”.
دیلانی بە تەماشاكردنی ئەزموونی ئیسرائیل كە چەندین جار بۆ وانەگوتنەوە سەردانی ئەوێی كردووە، دەڵێ “لە ئیسرائیل خەڵكێكی زۆر بە توانام بینیوە لە میللەتانی جیاواز كە بەبێ ئەوەی پێیانبڵێن خەڵكی كوێن رایانكێشاون بۆئەوەی خزمەت بكەن، ئێمە لەو رووەوە دەبێ خۆمان بە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل یان سینگاپوورە و كۆریای باشوور بەراورد بكەین. من ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ كۆریای باشوور كاردەكەم، ئەوان دەزگای كۆریەن ئەكادیمیك ئۆف ساینزیان هەیە كە پارە دەداتە هەركەسێك لە دنیادا یارمەتی زانستكارانی كۆری بدات و بودجەیەكی گەورەیان بۆ ئەوە تەرخانكردووە. بەڵام ئێمە ئەو هەموو كوردەمان لەدەرەوەی وڵات هەن كەس دەستێكی بۆ درێژنەكردوون. 100 ملیۆن دۆلار دانراوە بۆئەوەی كورد بچنە دەرەوە بخوێنن، با 20 ملیۆن دۆلاریش دابنێن بۆ هێنانەوەی ئەوانەی لەدەرەوەی وڵات پێگەیشتوون و خوێندوویانە”.
لەو كۆنگرەیەدا كە دیلانی مەزەندە دەكات لەنێوان 500 تاوەكو 1000 كەس تێیدا بەشداربن، تەنیا زانستكارانی كورد بەشداری ناكەن، بەڵكو ژمارەیەك زانستكاری بیانی دۆستی كوردیش داوەتدەكرێن، وەك چۆن لە كۆنگرەكەی ساڵی رابردووی رۆتەردامیش خەڵكی بیانی داوەتكران و تەنانەت دوو لەوانە: لۆرد ئێریك ئەیڤبەری و لۆرد نیگێل كریسپ وەك پشتیوانییەكی مەعنەوی بوونە ئەندامی دامەزرێنەری كۆنگرە.
تاوەری تۆرنتۆ و وێستگەی وزەی خۆر لە ئەبوزەبی
ئالان دیلانی گوتی كە ئامانجی سەرەكی ئەوان لەو كۆنگرەیە ئەوەیە ئەو توانایەی لەدەرەوە هەیە بیهێننەوەو لە كوردستان سوودی لێوەربگیرێت”مەبەستی ئێمە ئەوەیە ئەو كەسانە بێنەوەو بەشداربن و یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەن بە زانستی خۆیان. بۆچی ئەو هەموو ئەندازیارە توركە لێرە كاربكەن، من باشترین ئەندازیاری دنیا دەناسم كە كوردە و لە تۆرنتۆ دەژی و تائێستا كەس نەیگوتووە وەرەوە كارمان بۆ بكە”.
گوتیشی “تاوەرە بەنێوبانگەكەی تۆرنتۆ ئەندازیارێكی كورد كردوویەتی كە دەبێ مایەی شانازی بێت بۆ میللەتی كورد. تەواوی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر لە ئەبوزەبی كوردێك دایناوە كە خەڵكی سنەیە، ئەو ئەندازیارە كوڕی كاك جەمیلی مەردۆخییە كە تاوەری تۆرنتۆی دروستكردووە و ماوەی چەندین ساڵ بەرزترین تاوەری جیهان بوو”.
دیلانی دەڵێ خەڵكی لەوجۆرە نەك هەر ئاسانكارییان بۆ نەكراوە كە بگەڕێنەوە، بەڵكو خەڵكێكیش هەبوون هاتوونەتەوەو دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ دەرەوە “نموونەی زۆری ئەو كەسانەمان هەیە كە هاتوونەتەوە بۆئەوەی بمێننەوە بەڵام تووشی شكست كراون و گەڕاونەتەوە، ئەم حكومەتە نەیتوانیوە میكانیزمێك دابنێ كە كەڵك لەو خەڵكە وەربگرێ، كابرا هاتووەتەوە و لە باشترین زانكۆی دنیا بڕوانامەی هێناوە، كەچی لێرە پێیدەڵێن دەبێ دووبارە تاقیكردنەوە بكەی. پێموایە مەبەستی ئەم مامەڵەیە هەر ئەوەیە خەڵك تووشی نائومێدی بكەن، چەندین كەس لەوانە دەردەدڵی خۆیان بۆ كردووم، یەكێك لەوانە دكتۆرێكە لە شاری مالمۆی سوێد، هاتووەتەوە ئێرە ئەوەندە ئەزیەتیان داوە یەكسەر گەڕاوەتەوە”.
دیلانی لە دانیشتنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ باسی ئەو كێشەیەی كردووە.
ئەنجامی گفتوگۆكەش ئەوەبووە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەنتەرێك دادەمەزرێ بۆئەوەی بەتایبەتی لەسەر ئەو بابەتە ئیش بكات. دیلانی گوتی “بڕیاردرا سەنتەرەكە دابمەزرێ و خەڵكی باشی بۆ دابنێین بۆئەوەی لەمەودوا ئەو سەنتەرە لەو بوارەدا كاربكات نەوەك زانكۆ”.