بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له شارى هه‌ولێر، ئه‌كادیمیاى كوردى، سیمینارێكى بۆ رۆژى جیهانى زمانى دایك ریكخست.
د.نورى تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى ئه‌كادیمیاى كوردى له سیمیناره‌كه وتارێكى پێشكه‌ش كرد‌و گوتى ئه‌وه یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمى كوردستان و عێراق یادى ئه‌و رۆژه جیهانییه ده‌كرێته‌وه و له‌مه‌ودواش ساڵانه یادى ئه‌و رۆژه ده‌كه‌نه‌وه.
د.نورى گوتى "كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه خاوه‌نی زمانی خۆیه‌تی .هه‌رچه‌نده كورد به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شكراوه و هه‌ندێك جار زمانه‌كه‌ی نزیكبووه‌ته‌وه له له ناوچوون به‌تایبه‌ت له باكووری كوردستان، به‌ڵام ئیتر له‌مه‌ودوا ده‌بێت زیاتر گرنگی به زمانی كوری بدرێت وه‌ك هه‌ر زمانێكی دیكه‌ی سه‌رگۆی زه‌وی".
به‌پێى ئامارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی 8 هه‌زار زمان له‌سه‌ر گۆى زه‌وى قسه‌یان پێده‌كرێ، ساڵانه‌ش چه‌ندین زمان له ناوده‌چن. د.نورى تاڵه‌بانی ده‌ڵێت ئه‌وان شانازى به‌وه ده‌كه‌ن كه توانیوویانه بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئاستی عێراق ئه‌و یاده بكه‌نه‌وه.
له سیمیناره‌كه‌دا وتاری نوێنه‌ری رێكخراوی یونیسكۆ له‌لایه‌ن (سامی خۆجه) به زمانی ئینگلیزی پێشكه‌شكراو سوپاسی رێكخه‌رانی ئه‌م سیمیناره‌ی كرد كه ئه‌وانیان بانگ كردووه وه‌ك نوێنه‌ری یونیسكۆ بۆ به‌شداریكردن له سیمیناره‌كه‌دا.
هه‌ر له سیمیناره‌كه‌دا نۆ بابه‌ت پێشكه‌شكران سه‌باره‌ت به زمان و بابه‌ته‌كانیش له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له د.نه‌جاتى عه‌بدوڵڵا و د.ئازاد ئه‌حمه‌ده‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مامۆستای زانكۆ و چه‌ند شاره‌زایه‌كی بواری زمان ناسی بابه‌ته‌كان پێشكه‌ش كران.
زمانی دایك بۆ یه‌كه‌مجار له وڵاتی به‌نگلادیش یادی كرایه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه وڵاتی پاكستان ویستی به زۆر زمانی ئه‌ردۆ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا بسه‌پێنێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌رى نه‌گرتو و چه‌ندین هاوڵاتی و مامۆستای به‌نگلادیشی له‌و ڕۆژه‌دا كوژران و ڕێكخراوی یونسكۆ ئه‌و ڕۆژه (21ى شوبات)ى وه‌ك رۆژی زمانی دایك هه‌ڵبژاردووه‌و ساڵانه‌ش له چه‌ندین وڵاتى دنیا ئه‌و یاده ده‌كرێته‌وه.
سه رچاوه: رووداو