ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت سەبارەت بە پرسی ئەگەری دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دەبێت ڕوانگەیەکی عەقڵانیتان هەبێت بۆ ڕووداوەکانی ئەمڕۆی جیهان" و وتی " دەبێ وریا بین لەوەی کە ڕووبەڕووی کێ دەبینەوە و لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەین و لەگەڵ کێ قسە دەکەین."
عەلی خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی سێشەممە، 28ی مانگی یەک بە ئامادەبوونی سەرۆکەکانی هەر سێ دەزگای جێبەجێکار و دادوەری و پارلەمانی و کۆمەڵێک بەرپرسی حکوومەتی و باڵوێزی وڵاتانی ئیسلامی بەڕێوە چوو، وتی "لە پشت بزەی دیپلۆماسییەوە، خراپە و دوژمنایەتی و کینەی ئەمەریکا هەیە " و ڕوو لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت چاومان بەرووی ئەم ڕاستیانەدا بکەینەوە و بەدوای هاوڕێیەتی نهێنیدا نەگەڕێین لەگەڵیاندا".
قسەکانی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی سێشەممە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ گەڕانەوەی دانۆلد ترامپ بۆ دەسەڵات و دەنگۆی دوبارەکردنەوەی سیاسەتی ئەو پەڕی فشار بۆ سەر ئێران، باسیان لە پێویستی ڕاستەوخۆی گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.
محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک ڕایگەیاند "ئێران هیوادارە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ " ژیری " هەڵبژێرێت لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی سەبارەت بە بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکا و سیاسەتەکەی بەرامبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی "هیچ کام لەوانەی بوونە هۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و زەلهێزان لەنێو ئیدارەی پێشووی ترامپ، لە بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکادا ئامادە نین" و داواشی کرد کە بە گوتەی ئەو، بەڕێوبەرایەتی دووەمی ترامپ "واقیعبینانەتر" سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی مامەڵە بکات.
هەروەها ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس چەند رۆژ پێش ئیستا بە پشت بەستن بە "دیپلۆماتە ئەوروپاییەکان" بڵاویکردەوە که ئێران پێشنیاری دانوستانی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ له گەڵ حکومەتی ئەمەریکا کردووه و نوویسبووی "نوێنەرانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دانوستانکارانی ئەورووپایی، پێشنیاری دانوستانیان کردووە سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نوێ جیا لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 و داوایان کردووە ئەوروپاییەکان ئەم پێشنیازە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ترامپ بوروژێنن و وەڵامی واشنتن بە تاران بگەیەنن."
تەنها چەند ڕۆژ دوای قسەکانی محەمەد جەواد زەریف و دەنگۆی پێشنیاری دانوستاندنەکان، هێرشی ڕەخنەگران بۆ سەر حکومەتی مەسعود پزشکیان و پێشنیاری دانوستاندن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نوێی ترامپ لە ئێران دەستپێکردووە.
دوو رۆژ پێش ئێستاش کۆمەڵێک نەیارانی حکومەت لە گردبوونەوەیەکدا بە ناوی "گردبوونەوەی کفن پۆشەکان" لە نزیک نووسینگەی سەرۆکایەتی ئێران لە تاران کۆبووونەوە و هێرشی توندیان کردە سەر زەریف و لایەنگرانی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا.
کۆمەڵیک چاودێر پێیان وایە ئەم جۆرە دژایەتییەی دانوستاندن لە نێوخۆی ئێران تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیانەیە کە گوایە پزشکیان و دەستەکەی بە فەرمانی خودی ڕێبەری ئێران هەوڵەکانیان بۆ دانوستاندن دەستپێکردووە.
هاوکات ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە، 28ی مانگی یەک نووسیویەتی ئەمساڵ لەوەتای شەڕی ئێران و عێراق قورسترین ساڵە بۆ تاران و نووسیویەتی بەرپرسانی ئێران هیوادارن بە دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ترامپ بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ.
ڕۆژنامەکە لە زاری شرۆڤەکارانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران ناتوانێت بچێتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دانۆڵد ترامپەوە چونکە مەترسی زیاتری ململانێی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت ئەمەریکاش هەڕەشە لە ئێران دەکات.
٢٩/١/٢٠٢٥